هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت رۆژی 17ی ئەم مانگەی بۆ پەسەندكردنی بودجە دیاریكرد
  2023-05-10       446       

هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی خۆیدا، رۆژی 17ی ئەم مانگەی وەك وادەیەكی سەرەتایی بۆ دەنگدان بە پڕۆژە یاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق، دیاریكرد.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، ئەمڕۆ چوارشەممە، هاوپەیمانییەكە، كۆبونەوەی دەوری خۆی بە سەرۆكایەتی عەممار حەكیم و بە ئامادەبونی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران و محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ئەنجامداوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی چەند پرسێكی حكومی و پەرلەمانییەوە كراوەو هەروەها تاوتوێی ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانە كراوە كە دەكرێت حكومەت لەم قۆناغەدا پێشكەشیان بكات و ئامادەبوانی كۆبونەوەكەش زانیارییان دراوەتێ لەبارەی ئەو بڕگانەی كە بەرنامەی حكومەتدا جێبەجێكراون.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، رۆژی 17ی ئەم مانگە وەك وادەیەكی سەرەتایی بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە دیاریكردوە، ئەوەش دوای وەرگرتنی سەرجەم تێبینییەكان لەسەر پڕۆژە یاساكەو داڕشتنەوەی بەشێوەیەك كە لەگەڵ بەرنامەی حكومەتدا بگونجێت.

هەر بەپێی راگەیەندراوێكە، لەبارەی هەڵبژاردنەوە، ئامادەبوانی كۆبونەوەكە داوایان كرد، هەمو پێداویستییەكی هەڵبژاردن بۆ ئەنجامدانی لەوادەی دیاریكراودا، دابینبكرێت كە بڕیارە لە كۆتایی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×