لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، رایگەیاند، دەستیان كردوە بە دەنگدان لەسەر ماددەو بڕگەكانی پڕۆژە یاسای بودجەو لەو چوارچێوەیەشدا دەنگیان لەسەر چەند ماددەو بڕگەیەك داوەو هەروەها دەنگدانیشیان لەسەر چەند ماددەو بڕگەیەكی تر دواخستوە.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، لیژنەی دارایی پەرلەمان بە سەرۆكایەتی پەرلەمانتار عەتوان عەتوانی و ئەندامانی لیژنەكە كۆبوەتەوە ئەوەش لەچوارچێوەی كۆبونەوەكانیدا بۆ تەواوكردنی گفتوگۆی ماددەو بڕگەكانی پڕۆژە یاسای بودجە.
لە كۆبونەوەكەدا سەرۆكی لیژنەكە جەختی كردۆتەوە، پێویستە تێگەیشتن لەبارەی سەرجەم وردەكارییەكانی ناو بودجە هەبێت لەپێناو خێراكردنی تێپەڕاندنی و بڕیاریشدراوە میوانداری كەسانی پەیوەندیدار لە هەردو وەزارەتی دارایی و پلاندانان بكرێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لیژنەكە دەستیكردوە بە گفتوگۆ لەبارەی ماددەی دوی بودجەو بڕگەكانی ئەو ماددەیە كە پەیوەندیدارن بە میكانیزمی پڕكردنەوەی كورتهێنان لە رێگەی فرۆشی زیاتری نەوت و داهاتەكانی ترەوە، هەروەك گفتوگۆ لەبارەی چەند بڕگەیەكیش لە پەیوەست بە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان كە لەسەر بەخشین و قەرز پارەداردەكرێن، كراوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لیژنەكە لەناوخۆیدا دەنگدانی لەسەر ماددەكانی 3 و 4 دواخست، هەروەها دەنگی لەسەر ماددەی 5 بەشی سێیەم دا كە سنورداركردنی خەرجییەكانی پەیوەست بە تەرخانكراوە سەرەكییەكان و خەرجی پڕۆژەكان لەخۆدەگرێت.
هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، لیژنەكە دەنگی لەسەر ماددەی 6 داوە كە پەیوەندیدارە بە سەڵاحیەتی ئەنجامدانی گواستنەوە لەنێوان یەكەكانی خەرجییەكان، لەگەڵ دەنگدان لەسەر ماددەی 7 كە پەیوەندیدارە بە خەرجییە فریاگوزارییەكان، هەروەها دەنگی لەسەر ماددەی 8 داوە كە پەیوەندیدارە بە داهاتە بەدەستهاتوەكانی بودجە و هەروەها ماددەی 9ش دەنگی لەسەدراوە كە پەیوەندیدارە بە تەرخانكراوەكانی پەرەپێدانی هەرێمەكان، لەگەڵ دەنگدان لەسەر ماددەی 10 كە دۆسیەی جێبەجێكردنی خزمەتگوزارییە خوازراوەكان لەخۆدەگرێت و هەروەها دەنگیش لەسەر ماددەی 11 دراوە كە پەیوەندیدارە بە داهاتی رسوماتی ئۆتۆمبێل بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لیژنەكە دەنگدانی لەسەر ماددەكانی 12، 13، 14، 15 و 16ی پڕۆژە یاسای بودجە دواخست تا دیراسە بكرێن و تێبینییان لەبارەوە بخرێتەوەڕو.
هەروەها لیژنەكە دەنگی لەسەر ماددەكانی 17 و 18ی پڕۆژە یاساكە داوە.