راپۆڕتی کۆنسڵی گشتی روسیا لەبەندەری (بوشەهر) سەبارەت بەلوڕستان، ساڵی ١٩٠٦
  2023-05-16       1575       
ژنانی بەختیاری

ئامادەکردنی: سەربەست کەرکووکی

 

ئەم ڕاپۆڕتە کە لە نووسینی (ئۆسینکۆ)ی قونسڵی ڕووسی لە (بوشەهر)ە، لە دووتۆی بەشی یەکەم و بەشی شەشەمی کۆمەڵە نامەو راپۆڕتەکانی قونسڵە رووسیەکانی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا تۆمارو بڵاوکراوەتەوە. پاشان لەلایەن د. نوری عبدالبخیت السامرائي تەرجەمەکراوەو  لە بڵاوکراوەیەکی (مرکز دراسات الخلیج العربي) سەر بە (جامعـة البصرە) لە چاپدراوە. ڕاپۆڕتەکە ٥٥ لاپەڕەیە بە گشتی، بەڵام ئێمە تەنیا ئەو بەشەی دەکەینە کوردی کە سەبارەت بە لوڕستانە. (١) پێش ئەوەی دەقی تەرجەمەکراو بخەینە بەرچاوانی ئێوەی بەرێز، دەبێ بلێین کە بابەتە سەرەکییەکانی ڕاپۆڕتەکە ئەم خاڵانەی خوارەوەن. کە پاشان زۆربەی هەرە زۆری بەریتانیەکانیش، بە تایبەتی ئەوانەی (میجەر سۆن) جەختیان لە سەریان کردووە:

١- ناسینی ناوو کەسایەتی شێخ یا ئاغاو خانە دەسەڵاتدارەکانی هۆزەکان

٢ – ژمارەی خێزانەکانی هەر هۆز و تیرەیەکی سەر بە هۆزەکان

٣ – ژمارەی چەک و چەکدارانی هەر هۆزێک، وە گرنگیدان بە ژمارەی سوارە چەکدارەکان، کە لەو ساتانەدا سوارەکان هێزێکی توندو تۆڵتربوون لە هێزی پیادەی تفەنگ بەدەست.

٤- ئاماژە کردن بە کێشەو چەلەمەکانی هۆزەکان و هەروەها لە نێوانی تیرەکان.

٥- گرنگی نەدانێکی ئەوتۆ بە شیکردنەوەی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و کشتوکاڵی خەڵکی ناوچەکان.

بێگومان هەموو ئەم خاڵانەش بۆ ئەوە بووە کە بەو پێیە ستراتیجی عەسکری و لەشکری خۆیان بۆ هێرشبردن و بۆ دوا رۆژی ناوچەکە ئامادەو ساز بکەن.  

 

لوڕستان(دەشتی کەرخە) پێکهاتووە لە دوو بەش؛ بەشی پشتکۆی رۆژهەڵات و بەشی پێشکۆی رۆژئاوا (٢). زۆربەی هەرە زۆری هۆزەکانی لوڕستان، نیشتەجێی پشتکۆی رۆژهەڵاتن. سنووری پشتکۆی رۆژهەڵات بەم شێوەیە؛ لە باکوورەوە: کرمان و هەمەدان. لە باشوورەوە: (روباری دیسەم)ـــە. ئەو هۆزە لوڕانەی نیشتەجێی پشتکۆی رۆژهەڵاتن، فەیلین و بەڵام ئەوانەی لە بەشی رۆژئاوای دەشتی کەرخە دەژین، بە بەختیاری ناسراون. (٣)

هۆزەکانی لوڕ، کە چەندین بەش و تیرەن، ناوەکانیان لەگەڵ زەمەندا، گۆڕانکارییان بەسەرداهاتووەو لە هەمان کاتدا تێکەڵاویەک لە نێوانیاندا دروست بووە. هەڵبەتە ناودارترین هۆز، دوو هۆزی (بالاجیری) و (لوڕستون)ن؛ بالاجیری نیشتەجێی ئەو دەشتاییەن کە نزیک بە (بروجیرد)ە (٤) . هەرچی لوڕستونە، نیشتەجێی رۆژئاوان تاکو کرمانشان لەباکورەوە.

هۆزی بالاجیری چەندین تیرەیان هەیە، کە ناودارەکانیان ئەمانەن: (دالوەند، قادروەند، سیجوەند، پیروەند، دیرکوەند....) شایانی باسە دیرکوەند گەورەترین تیرەیە لەناوچەی پشتکوە. ئەم تیرەیە نزیک بە دە هەزار خێزانە، نزیکەی ٥ تا ٦ هەزار تفەنچی هەیە، زۆربەیان پیادەن و سوارە نین. هۆزێکە تەواو خەسڵەتی چیایی هەیە، وە چ بە ژمارەو چ وەکو روبەری نیشتەجێبوون، یەکێکە لە هۆزە هەرە گرنگەکانی لوڕ. ئەوان نیشتەجێی دەشتێکی دژوارو  عاسین، بەڵام بە هۆکاری دابەشبوون، سست و لاواز بوون. ئەمەش بۆوەتە هۆکارێ کە یارمەتی نەداون بە شێوەیەکی ساغڵەم کاروانەکانی رێگەی نێوان (دیسفول) و (خوڕەم ئاباد) بپارێزن.

وەکو ئاماژەمان پێدا، ئەم هۆزە پێکهاتووە لە چەندین تیرەی وەک (کالاوەند) و (باخڕوەند) و (بابی) و جودەکی) و هەروەها ئەو ناوانەی پێشتر ناومان هێنان. ئێستا (میر بەگ) سەرۆکایەتی ئەم هۆزە دەکات و ٥٠٠ چەکداری لە دەوروبەرە. بەڵام هەر تیرەی (سیجوەند) بە تەنیا ٢٠٠٠ بۆ ٢٥٠٠ خێزانەو بە گشتی ١٢٠٠ سوارەی هەیەو ئەسپەکانی ئەم تیرەیە بە باشترین و رەسەنترین ئەسپ ئەژمار دەکرێن. سیجوەند، تیرەی بچووکتری هەیە کە یەکێکیان (رەحیم خاتێ) یە کە نزیکەی ٧٠٠ سوارەی هەیە لە سەرووی ناوچەکانی (دیسفول). ئەم هۆزە لەگەڵ ئەوانی تر باجی خۆیان دەدەن بە (خان)  (٥)

وە بەشێکی تری تیرەی سیجوەند کە سەرۆکایەتی (ئاغا خان) ـــــە نزیک بە ٢٠٠ سوارەی هەیە. ئەم تیرەیە کیشەو ململانێی ناوخۆیی رووبەڕوو بۆتەوە، بۆیە هەندیکیان بەرەو رووباری (کەرخە) ڕۆچوون و ئێستا لە سنووری پێشکوە نیشتەجێن. (٦)

شایانی باسە، بەشێکی تری تیرەی (سیجوەند) بە سەرۆکایەتی (میر عەلی خان)ــە، وە تیرەی (پیروەند) ژمارەیان زۆرە، دەشێ بڵێین نزیک بە دە هەزار خێزانە و خانی تیرەکە ٥ هەزار تفەنگچی هەیەو لەگەڵ ٢٠٠ سوارە. وە شوێنی جەوەلانیان لە نێوان (خوڕەم ئاباد) و (بروجەرد)ـە. (٧)  

 تیرەی (دالوەند) پێکهاتووە لە ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ خێزان و لە نێوان ٢٠ بۆ ٣٠ سوارەیان هەیە. بەڵام (قادروەند)ەکان پێهاتوون لە ٢٠٠ خێزان و ٢٠ سوارەیان هەیە. ئەم دوو تیرەیە لە ڕەچەلەکدا خزمی یەکترن و هەردوو بە گشتیی نزیک بە ١٠٠ تفەنگچیان هەیە.

هەروەها تیرەی (جێوەند) هەیە، کە ٥٠٠ خێزانن و خاوەندی ١٠٠ تفەنگچین.

بە گشتی جگە لەوانەی باسمان کردن، تیرەکانی (لوڕستون) زۆرن کە ناودارەکانیان ئەمانەن:

تیرخانی : هەزار خێزانن و دوو هەزار تفەنگچی و ٥٠٠ سوارەیان هەیە.

سیلسیلی(؟): زیاتر لە ١٠٠٠ خێزانە و ٢،٥٠٠ تفەنگچی و ٣٠٠ سوارەی هەیە.

جگە لەوانە، ئەم هۆزە چەندین تیرەی تری وەکو ئەمانەی خوارەوەی هەیە:

حەسەن وەندی:پێکهاتووە لە ٣٠٠٠خێزان و ١٠٠٠ تفەنگچی و ٢٠٠ سوارەی هەیە.

یوسف وەندی: پێکهاتووە لە ٢٠٠٠ خێزان و ١٠٠٠ تفەنگچی.

کۆلی وەند: پێکهاتووە لە ١٥٠٠ خێزان و ٨٠٠ تفەنگچی و ٦٠ سوارەی هەیە.

دەردل وەند: پێکهاتووە لە ١١٠٠٠ خێزان و ٣٠٠٠ تفەنگچی و ٤٠٠ سوارە.

هەڵبەتە هەندێ بچووکە تیرەش هەن کە سەر بە (تیرخانی) و ( دالوەند) و ( سیلسیلی)ین.

هۆزەکانی پشتکوە، سەبەخۆیی تەواویان نییە، چونکە لە رۆخی دەشتی گەورەی (کەرخە)دا دەژێن و بەردەوام لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی (خورەم ئاباد)ن. بەڵام هەندێ جاریش گوێڕایەڵی بڕیارەکانی دەسەڵات نین.

سەبارەت بە بەشی دووەمی هۆزە نیشتەجێبووەکانی کێلەکی رۆژئاوای دەستی پشتکوە (لوڕستان)، ئەوانە زیاتر سەربەخۆیی خۆیان پاراستووە و هۆزەکانیان بە (فەیلی لوڕ) ناسراون و سنووری ناوچەکەیان لە رۆژهەڵاتی دەشتی (کەرخە)و لە رۆژهەڵاتەوە میسۆپۆتامیایەو لە باکوورەوە کرمانشاو لە باشووریشەوە عەرەبستانە.

والی پشتکوە، ئیدارەی ئەو دەشتەی بە دەستە. لە کاتی (شاعەباس)ی گەورەوە (٨) هەر والیەکی ئێرە، هەموو ساڵێ بیست هەزار تومان بە حکومەتی تاران بدات. لەو پارەیە ٥٠٠٠ تومەنی بە پارە کاش دەدرێت و ئەوانی تر موچەی ٨٠٠ چەکداری ناوچەکەیەو ٥٠٠٠ تومەنی موچەی کوڕە گەورەکەی خۆی و براکەیەتی. لەسەرووی ئەوانەشەوە، والی، لەسەر حیسابی خۆی ٢٠٠٠ سوارەو ٥٠٠ نۆکەرو خزمەتکاری هەیە. ئەمانەش بە گشتی لە کاتی سەفەرو گەشتەکانیدا، هاوڕێ و هاوکاری دەبن.

شایانی باسە، لە کاتی بارودۆخی سیاسی مەترسیداردا، ئەم والیە هەمیشە لەلایەن هۆزە عەرەبەکانی وەک (بەنی لام) پشتیوانی کراوە. ئەم (بەنی لام)ـــە لە ناوچەکانی نیوان رووباری دیجلەو دەشتی پشتکوە دەژین و هەندی جاریش لە بەشی خوارووی رۆژهەلاتەوە دەچنە ناو خاکی دەوڵەتی فارس تا دەگەنە رووباری (کەرخە). هەڵبەتە لە رۆژئاوای باکووریشەوە تا بەغدا جەوەلانیان هەیە. لە رابردوودا، شەڕو کوشتاری خوێناوی لە نیوان هۆزەکانی لوڕستان و هۆزی (بەنی لام) روویانداوە، بەڵام ئێستا پەیوەندییان ئاشتیانەی بێ کێشەیە. گەورەترین پیاوی ئەو هۆزە ( شێخ غضبان)ــــە، کە ٣٠ هەزار چەکداری هەیەو لە کاتی پێوویستا تا ٦٠ هەزار بەرز دەبیتەوە. بە پێی بۆچوونی خەڵکانی نیشتەجێی عەرەبستان، شێخ غضبان بە هێزترە لە (شێخ خەزعەل) وە هەردوو هۆزەکە (بەنی لام) و (بەنی کەعب) ئیسلامی شیعە موزهەبن. (٩)

بارەگای هاوینەی والی پشتکوە، لە قەزای (دیهبالە)ی نزدیک بە (حەسەن ئاباد)ی (شەهری سپیدوون)ــــە. وە دەڵێن کە گۆڕی خەلیفە مەهدی باوکی (خەلیفە هارون الرشید) لە گوندی (دیهبالە)یە، لە گۆشەی رۆژئاوای باکووری دەشتی پشتکوە و زۆریش دوور نییە لە ناوچەی (کرمان). (١٠)

ئەم لیستەی خوارەوە، نزیکترین ژمارەی هۆزەکانی پشتکوە پیشان دەدات:

https://scontent.fbgw4-4.fna.fbcdn.net/v/t1.15752-9/343682452_6287440361308474_8537065500110647399_n.png?_nc_cat=111&ccb=1-7&_nc_sid=ae9488&_nc_eui2=AeHZP7YGL4mc6ZD4cbvuuOcbgyUggXomla2DJSCBeiaVrYMNmHDtgOXRJ-pd5PBCbBzOS51I3hvNXjK-H4zitqKj&_nc_ohc=lH0CdoK1Y1cAX84Y07p&_nc_ht=scontent.fbgw4-4.fna&oh=03_AdRvV9dB8niw_OmXsSjkQgbns8MmopP-F2sBwwW8rFzWYQ&oe=648A1302

لە سەرووی ئەوانیشەوە، کۆمەڵە خێزانێکی تر هەن کە ژمارەیان ٤ بۆ ٥ هەزار خێزان دەبن. بەو پێیە ژمارەی گشتیی خێزانەکانی پشتکوە لە نێوان ٢٧ بۆ ٢٨ هەزار خێزان دەبێت. شایانی باسە، ژمارەی کەسەکانی هەر خێزانێک لە نیوان ٤ بۆ ٥ کەس دەبن. بۆیە دەتوانین بڵێین ژمارەی گشتی دانیشتوانی پشتکۆە لە نێوان ١١٠ بۆ ١٢٥ هەزار نفوس دەبێت. بەڵام ژمارەی چەکدارانیان ١١٠٠٠ تفەنگچین و ٢٥٠٠ تفەنگچیش لە ژێر فەرمانی والی پشتکویە. حکومەتی تارانیش نزیکەی ٨٠٠ تفەنگچی لە ناوچەی دەشتی پشتکوەدا هەیە. واتە بە گشتیی نزیکەی ١٤،٦٠٠ کەس تفەنگچییە، واتە هەر دوو خێزان و تفەنگێکیان هەیە.

 

پەراوێزەکان:

١) – طارق نافع الحمداني، لە کتێبی (العثمانیون و الروس في الخلیج العربي)دا دەڵێت دەوڵەتی رووسیای قەیسەری لە دوو سەدەی پێش ئێستا هەوڵی ئەوەی داوە کە قونسڵخانەی لە ناوچەکەدا هەبێت. لە ساڵی ١٨٨٠ یەکەم قونسڵخانەی خۆی لە بەغداد کردەوە. پاشان لە ١٨٨٩دا قونسڵخانەی لە بەسرە کردۆتەوە. هەروەها لە ساڵی ١٩٠١ لەسەر پێشنیاری قونسڵی گشتی رووس لە (ئەسفەهان)، قونسڵخانەی (بوشەهر) دامەزرێنراوە. وە (ئۆسینکۆ)ی قونسڵی بوشەهر، نامەیەکی ناردووە بۆ وەزارەتی دەرەوەی رووسی بۆ ئەوەی لە (مەسقەت) قونسڵخانەی رووسی بکرێتەوە.

بۆ زانیاری زیاتر سەبارەت بەم قونسڵخانانەو رۆلی رووسیای قەیسەری لە ناوچەی (خەلیج) دەشێ بڕواننە ئەم سەرچاوانە:

نادیـة ولید الدوسري: محاولات التدخل الروسي في الخلیج العربي ١٨٨٠ ١٩٠٧، دائرة الملک عبدالعزیز – الریاض. ٢٠٠١ .

د. فاطمة محمد الفریحي: الاطماع الروسیـة في مسقط ١٨٨٦ ١٩٠٣، مجلـة العلوم الانسانیـة – دوریة علمیة تصدر عن جامعـة الحائل – العدد ٣ سنـة ٢٠١٩ .

طارق نافع الحمداني: العثمانیون و الروس في الخلیج العربي : دراسة في العلاقات السیاسیـة بین ١٨٧٨ ١٩٠٧ مرکز الوثائق التاریخیـة – بحرین ، العدد ١٦ ساڵی ١٩٩٠

٢)- لوڕستان: ئەو دەشتەی رۆژهەڵاتی شوشتەرە و دیسفوڵ لە باکووریەتی.

٣)- رووباری دیسەم : لە راستیدا رووباری بەو ناو نییە، دیارە نوسەر مەبەستی روباری (دژبول)ـــە کە لە رۆخی شاری دیسفولە.

٤ ) – دزفول: ناوەکە بە ئەسڵ پێکهاتووە لە (دژ + پول) واتە پردی قەڵا (دسپول، دسفول)یشی پێ دەڵێن. شارێکە لە خوارووی وێرانەی شاری (جوندیسابور) وە لە رۆژئاوای باشووریەوە وێرانەی شاری (سوسە)ی کۆنی لێیە. کە تیمی پشکنینی فرەنسی لە ساڵی ١٩٠١ / ١٩٠٢ کەتیبە (مەسەلە)ی (حەمورابی)ی تێدا دۆزیەوە.

٥) – خان: والی پشتکۆ ناوی حسین قولی خانی کوڕی حیدر قولی خانە. بارەگای دەسەڵاتی لە (حسین ئاباد) ە.

٦)- کەرخە: رووباری (سوسە)شی ناوە. سەرچاوەکانی کە سێ دانەن لە چیاکانی پشتکۆیە.   

٧) – خوڕەم ئاباد، لە سەرووی روباری خوڕەم ئابادەوەیە. رووبارەکە لە چیاکانی لوڕستانەوە سەرچاوە دەگرێت.

٨)- شاعەباسی گەورە: ئەو شاهەیە کە لە ساڵانی ١٥٨٦ ەوە تا ١٦٢٩ شای ئێران بووە. هەر ئەمیش بووە کە لەسەرەتای ساڵانی حکومدارییەکەیدا چەندین هۆزی کرمانجی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی و سەرووی رۆژئاوای ئێرانی گواستۆتەوە بۆ ناوچەکانی قۆچانی خوراسانی ئێران.

٩) – شێخ غضبان: گەورە شێخی هۆزی (بنی لام)ـــە. لە شۆڕشی ساڵی ١٩٢٠ ی باشووری عیراق، دژ بە دەسەڵاتی داگیرکەری بریتانی شەڕی کردووە، لە شەڕدا ئەسیرکراوەو وەکو شێخ مەحمودی حەفید بە دەست بەسەری ئاوارەی دوورگەی (هەنگام) کراوە، پاشان لە ساڵی ١٩٢١ ئازادکراوەو گەڕاوەتەوە بۆ ناو هۆزەکەی خۆی لە باشووری عیراقدا.

١٠)- دیهبالە: واتە (دێ + باڵا) ؛ وەک ئەوەی لە کتێبی (الاعلام)ی زرکلي و لە (تاریخ الخلفا)ی (السیوطي) هاتووە، مەهدی خەڵیفەی عەباسی و باوکی هارونی ڕەشید لە ٢٢ مانگی موحەرەمی ١٦٩ کۆچیدا، ئەمری خودای کردووەو لە شاری (ماسبذان)یشا بە خاک سپێردراوە.  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×