سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن: بڕیارەكەی پەرلەمانمان پێگەیشت و دەست بە ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن دەكەین
  2023-05-23       874       

هەندرێن محەمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیاری رەسمی پەرلەمانی کوردستانیان لەبارەی کاراکردنەوەی ئەنجومەنی کۆمیسیاران پێگەیشتوەو ئەوانیش دەستدەکەن بە ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. ئەوەش لەكاتێكدایە كە سەرۆكی پەرلەمان داوایكردوە كار بە هیچ نوسراوێكی پەرلەمان نەكەن كە ئیمزای خۆی لەسەر نەبێت.

ئاوێنە: هەندرێن محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کاراکردنەوەی ئەنجومەنی کۆمیسیاران، ئەمڕۆ سێشەممە، بە میدیای پارتی راگیەاند، نوسراوی فەرمی کاراکردنەوەی ئەنجومەنی کۆمیسیارانیان لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پێگەیشتوە و مامەڵەی فەرمی لەگەڵ دەکەن.

وتوشیەتی،"بڕیارەکە لە دو بڕگەی سەرەکی پێکهاتوە، بڕگەی یەکەم تایبەتە بە بەردەوامبونی هەر حەوت ئەندامەکەی ئەنجومەنی کۆمیسیاران و بڕگەی دوەمیشیان، دو کەسی دیکە وەکو ئەندامی ئەنجومەنی کۆمیسیاران دەستنیشانکراون و ئێستا ئەنجومەن بە نۆ ئەندام کاراکراوەتەوە."

هەندرێن محەمەد وتوشیەتی"ئێمە (کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان) دامەزراوەیەکی دەستورین و مامەڵە لەگەڵ دامەزراوە دەستورییەکان دەکەین، ئەوەی لە پەرلەمان بۆمان بێت، ئێمە جێبەجێی دەکەین."

سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستۆتەڕو"بڕیارەکە دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمیسیۆن دەست بە ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بکات. ئامادەکارییەکان سەرەتا دارایی و کارگێڕیی دەبن، تاوەکو دەگاتە رۆژی هەڵبژاردن، چونکە پێویستە چاوێکمان لەسەر پەرلەمانیش بێت، تا ئێستا گفتوگۆکان لەنێوان لایەنە سیاسییەکان لەبارەی پرسی هەڵبژاردن و شێوازی بەڕێوەچونی بەردەوامن. ئەوەی ئێستا لەسەر کۆمیسیۆنە، دەست بە ئامادەکاریکردن بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان بکات".

سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان دوپاتیکردۆتەوە، کاتی پێویستییان لەبەردەمدا ماوە بۆ ئەوەی ئامادەکاری پێویست بۆ هەڵبژاردن بکەن، "هەرچەندە داوای شەش مانگمان کرد بۆ ئامادەکاریکردن بۆ هەڵبژاردن، بەڵام ئێستاش درەنگ نییەو دەتوانین ئامادەکاری پێویست بکەین."

ئەوەش لەكاتێكدایە كە پێشتر جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی رایگەیاند، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە نوسراوێکدا داوای لە دامەزراوە فەرمییەکان کردوە کار بە هیچ نوسراوێکی پەرلەمان نەکەن ئەگەر ئیمزای خودی خۆی لەسەر نەبێت.

بەپێی زانیارییەكانی ئاوێنە، ئەو نوسراوەی ئاڕاستەی كۆمسیۆن كراوە ئیمزای هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانی لەسەرە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×