ڕاوێژكارى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بۆ كاروبارى ده‌ره‌وه ڕایگه‌یاند، توركیا چه‌ندجارێك هۆكارى ڕاوه‌ستانى هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستانى گۆڕیوه‌و ئێستا حكومه‌تى عێراق بۆ ڕێگه‌چاره‌ى جێگره‌وه‌ى ئه‌و بۆریه ده‌گه‌ڕێت كه ده‌چێته توركیا تا نه‌وتى هه‌رێمى پێ هه‌نارده بكات.
ئاوێنە::فه‌رهاد عه‌لادین ڕایگه‌یاند، توركیا له‌سه‌ره‌تادا كه هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێم ڕاوه‌ستا داوایده‌كرد گفتوگۆ له‌گه‌ڵ عێراق له‌سه‌ر ئه‌و یه‌ك ملیار‌و 500 ملیۆن دۆلاره بكات كه دادگاى پاریس بریارى له‌باره‌وه‌داوه ئه‌و وڵاته بیداته عێراق، به‌ڵام ئێستا ده‌ڵێت به‌هۆى كێشه‌ى ته‌كنیكیه له‌به‌نده‌رى جه‌یهان.
وتیشى، "له‌ئێستادا حكومه‌تى عێراق سه‌رقاڵى زیندوكردنه‌وه‌ى بۆرى نه‌وتى به‌سره سعودیه‌یه كه له‌ساڵانى حه‌فتاكانى سه‌ده‌ى ڕابردوو هه‌بوه‌و بیر له‌وه‌شكراوه‌ته‌وه بۆرى نێوان به‌سره عه‌قه‌به دروستبكرێت".
له25ى مانگى ئاداره‌وه به‌هۆى بڕیارى دادگاى پاریسه‌وه هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێم ڕاوه‌ستاو تائێستا واده‌ى ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێم ڕون نیده.