بۆ چوارەمجار دادگای فیدڕاڵی بڕیاردانی لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانی دواخست
  2023-05-24       443       


دوای چوارجار لە دواخستنی، ئەمڕۆ جارێکی دیکە دادگای فیدڕاڵی لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان كۆبۆوە و بڕیاریدا، كۆبونەوەكە بۆ 30ی ئەم مانگە دوابخات.

ئاوێنه‌: بەگوێرەی زانیاریەكانی خەندان، ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی لەبارەی درێژکردنەوەی وادەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان كۆبۆوە، بەڵام بەهەمانشێوەی سێ جاری رابردو دادگا بڕیاریدا بەدواخستنی دۆسیەكە تاوەكو 30ی (ئایار/5)ی 2023.

دوایانجار کە دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە دۆسیەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا،  3ی (ئایار/5)ی ئەمساڵ بو، بەهۆی دەرنەکردنی بڕیاری یەکلاکەرەوە، دادگای باڵای فیدڕاڵی دانیشتنەکەی بۆ ئەمڕۆ 3ی (ئایار/5)ی 2023 دواخست.

سکاڵاکە لەلایەن سروە عەبدولواحید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، یوسف محەمەد ئەندامی خولی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەران، کاوە عەبدولقادر ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لەسەر سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سەرەڕای ئەرکەکەی تۆمارکراوە.

لە سکاڵاکەدا هاتوە، "داوا دەکەین لە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ئەو یاسایە هەڵبوەشێنرێتەوە کە لە 10ی (ئەیلول/9)ی 2022 لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە دەرچوە کە یاسای درێژەدانە بە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانی عێراق، بەپێی ئەو یاسایەش ماوەی پەرلەمان درێژکرایەوە بۆ ماوەی ساڵێکی تر، لەکاتێکدا ئەو یاسایە ناکۆکە لەگەڵ مادەکانی (5 و 20)ی دەستور، جگە لەوەی ئەو مافە دەستورییە زەوت دەکات کە لە مادەی (51)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی 1992 ئاماژەی پێکراوە".

لەوبارەیەوە پێشتر کاوە عەبدولقادر سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی کوردستان رایگەیاندبو، "هیوادارم دادگا بڕیارە دروستەکە بدات بەنایاسایی بونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، ناشەرعی بونی پەرلەمانیش بەواتای نەمانی شەرعیەتی حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دێت"

رۆژی 15ی (کانونی دوەم/1)ی 2023 دادگای فیدڕاڵی دانیشتنی تایبەت بە درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانی بۆ رۆژی 31ی (کانونی دوەم/1) دواخست، ئەوکاتیش بەهۆی ئامادەنەبونی پارێزەرانی تۆمەتبار و خراپی کەشوهەوا و تەواو نەبونی وردبینییەکانی دادگا لە سکاڵاکە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×