ناوەڕۆكی كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم
  2023-05-24       552       

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا، بڕیاری ڕێکخستنەوەی دارایی گشتیی و بەناوەندیکردنی موچەی پەسەند کردو هەر هەموارکردن و گۆڕانکارییەکیش لە پڕۆژەی یاسای بودجەی عێراقدا ڕەتدەکاتەوە کە دژی بڕگەکانی ڕێكکەوتن و لەیەکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بێت.

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.

بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕگەی یەکەمی کۆبونەوە تایبەت بو بە خستنەڕوی دوا پێشهاتەکانی پڕۆژە یاسای بودجە فیدراڵ بۆ ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 و گفتوگۆکردن لەسەر ئەو ماددە و بڕگانەی پەیوەندیدارن بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کە لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە 2/5/2023 هەندێک لە مادەکانی هەموار کرایەوەو لە ناویشیدا گۆڕانکاری لە ماددەی 12و لابردنی ئەو دەستەواژەیەی مەترسی بو لەسەر ناردنی شایستەی دارایی هەرێم.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە کۆبونەوەکەدا ئاماژە بە هەوڵی چەند ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق درا، کە هەوڵی هەموارکردنەوەی ماددەکانی 13 و 14یان داو پێشنیارەکانیان دژی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستانە کە ڕێککەوتنی لەسەرکراوەو لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەردو حکومەتی هەرێم وفیدرال پەسەندکراون و لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی 4/4/2023و پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق جێگیرکراون.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، "سەرۆک وەزیران کورتەیەکی دەربارەی دانوستان و گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدرال بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕو، کە دەرئەنجام ڕێکكەوتننامەی نێوان هەردو حکومەتی هەرێم و فیدرالی لێکەوتەوە بە ئاراستەی بەرژەوەندیی هەردولاو لەسەر بنەمای دەستورو دابینکردنی شایستەی هەرێم لە پڕۆژە یاسای بودجەدا، بۆیە دەبێت پەلە بکرێت لە پەسەندکردنی بودجەو ڕێز لە ماف و شایستە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان بگیرێت و هیچ هەموارکردن و گۆڕانکارییەک لە پڕۆژەکە نەکرێت لە دەرەوەی بڕگەکانی ڕێكکەوتن ولەیەکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردولا."

سەرۆک وەزیران دوپاتی کردەوە کە "هەرێمی کوردستان، هەمو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردوە، بۆیە لەبەرامبەردا حکومەتی فیدراڵیش دەبێت ئەرکی سەرشانی جێبەجێ بکات و ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق دابین بکات ."

لە کۆتایی ئەم بڕگەیەدا، بەپێی راگەیەندراوەكە "ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا کە شاندی دانوستانکار بەردەوام بێت لە پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنە کوردستانیەکان بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێک بە ئاراستەی پێشێلکردنی ماف و شایستەکانی هەرێم کە دەستور جێگیری کردون و لەناو ڕێککەوتنی نێوان هەردو حکومەت وپڕۆژە یاسای بودجە ڕەنگیان داوەتەوە."

سەبارەت بە شایستەی دارایی هەرێم لە ماوەی ئەم 5 مانگەی ساڵی 2023، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی پەسەندکرد بە "ناردنی نوسراو بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی بەغدا، بۆ کارکردن بە ماددەی 13 لە یاسای ئیدارەی دارایی فیدڕاڵیی ساڵی 2019، بە ڕەوانەکردنی یەک لەسەر دوانزدەی خەرجیە کردارییەکانی هەرێم لە ساڵی پێشو کە لەلایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی و وردبینی کراوە، هاوشێوەی ئەو میکانیزمەی کە خەرجیەکانی پارێزگاکانی دیکەی عێراقی پێ خەرج دەکرێت لە 1/1/2023وە و نابێت جیاکاریی بکرێت لە نێوان هەرێم و ناوچەکانی دیکەی عێراق لەم ڕوەوە، هەرێمیش ئامادەیە بۆ هەر پابەندییەک بکەوێتە ئەستۆی لەبەر ڕۆشنایی یاسای ئیدارەی دارایی فیدڕاڵی."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە بڕگەی دوەمدا، گفتوگۆ لەبارەی دانانی میکانیزمی پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری کۆبونەوەی پێشوی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێم.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، "دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و پێشنیارکردنی چەند هەموارکردنێک، ئەنجومەنی وەزيران بە کۆی دەنگ سەرجەم بڕگەکانی بڕیارەکەی پەسەند کرد بە ڕەچاوکردنی ئەو هەموارانەی لە لایەن ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامدران."

سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیران "دوپاتی گرنگی ئەم بڕیارەیان کردەوە کە جارێکی دیکە بنەماکانی دارایی گشتی لە هەرێم دادەڕێژێتەوە بە ئاراستەی بە ناوەندیکردنی داهات و خەرجییەکان و بە ناوەندیکردنی موچە لەسەرتاسەری هەرێم کە کاری لە پێشینەی بێت پێش هەر خەرجییەکی دیکەو پەیڕەوکردنی یەکسانی و ژمارەی دانیشتوان بۆ خەرجییەکان (جگە لە موچە) نەک پەیڕەوکردنی دابەشکردنی ڕێژەکاریی لەسەر ئاستی داهاتی پارێزگا."

ئەنجومەنی وەزیران سەرجەم وەزیرەکانی ڕاسپارد "لە ئێستاوە پلانی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەم بڕیارە دابڕێژن و بۆ زەمانەتی جێبەجێکردنی بڕیارەکەش، بۆردێکی باڵای پشتیوانی پێکهێنرا بۆ ئاسانکاریی و لابردنی بەربەست وئاستەنگەکان."

لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا، بەگوێرەی راگەیەندراوەكە "ڕەشنوسی پڕۆژە یاسای وەزارەتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان لەلایەن ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان خرایەڕو. ئامانج لەم پڕۆژە یاسایە بەرزکردنەوەی ئاستی دامەزراوە تەندروستییە گشتییەکان و خزمەتگوزارییەکانیانە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا کە دەرفەت بدرێت بە ئەنجومەنی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرانی گشتی تەندروستی لە پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان کە لە هەمانکاتدا ئەندامی ئەنجومەنی وەزارەتن دوا خستنەڕوی بۆ بکەن، تا ئامادە بکرێت بۆ دەنگدانی کۆتایی لە کۆبونەوەکانی داهاتوی ئەنجومەنی وەزیران."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×