دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەستگیرکردنی گروپێکی "تێكدەر"ی لەژێر ناوی "گورگەکان" راگەیاندو دەڵێت"هەڵساون بە شێواندن و تێكدانی موڵك و ماڵی گشتی و فەرمانگە حكومییەكانی سنوری ناحیەی شۆڕشی قەزای چەمچەماڵ."
ئاوێنە: دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئەمشەو چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"پاش کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر گروپێکی تێکدەر، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش گروپێکی 5 کەسی دەستگیرکرد کە ناویان لە خۆیان ناوە (گروپی گورگەکان) کە سەرجەمیان وێنەی (گورگ) لەسەر سنگیان کێشراوە."
ئاماژەی بەوەشداوە "تۆمەتباران هەستاون بە شێواندن و تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی و فەرمانگە حکومیەکانی سنوری ناحیەی شۆرشی قەزای چەمچەماڵ."
هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە ئەندامانی گروپەکە پێکهاتبون لە: (م. ک. م.)و (ک. ن. ش.)و (ت. ح. ش.)و (ک. ج. م.)و (م. خ. ع.).
ئەوەشی خستۆتەڕو، تۆمەتباران بەپێی ماددەی 405 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.