دلێر عەبدولخالق، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی فیدڕاڵی براوەی یەکەمی ئەو دەستبادان و دەستشکاندنەوەیەی نێوان پارتی و یەکێتیە و مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان و ژیان و موچە و بژێوی خەڵک؛ دەستتاڕی ململانێی سیاسیی بەغدا-هەولێر دەیهاڕێت، دەشڵێت، "پارتی و یەکێتی بنکۆڵی پایەکانی قەوارەی هەرێم دەکەن".
ئاوێنە: دلێر عەبدولخالق لە پەیامێکدا رایگەیامدوە، "ئەوەی پارتی لە هەرێم دەیکات، ئەوەی یەکێتیش لە بەغدا دەیکات بە کردار بنکۆڵکردنی پایەکانی قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستانە و لەو دۆخەشدا حکومەتی ئیتحادی براوەی یەکەمی ئەو دەستبادان و دەستشکاندنەوەی ئەم دو پارتەیە، لەبەرامبەریشدا مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان و ژیان و موچە و بژێوی خەڵک؛ دەستتاڕی ململانێی سیاسیی بەغدا- هەولێر دەیهاڕێت".
ئاماژەی بەوەشکردوە، "هەرێمی کوردستان بژاردەکانی کەمن، تاکڕەویی و حیزبایەتی بەرتەسک، ماڵوێرانی زیاتری بەدواوەیە، بەپێچەوانەوە سازان و بەیەکەوەکارکردن و دداننان بە هەڵەی 30 ساڵ حوکمڕانی، کە لە ناوەڕۆکدا هەمو لایەنە سیاسیەکان بگەنە دەرچەیەک بۆ داڕشتنی ستراتیجێکی سیاسیی کوردستانی، دەبێتە گونجاوترین وەڵام بۆ ئەو پێشهات و ڕوداوە سیاسیی و ئاڵنگارییە نوێیانەی لە داهاتوی نزیکدا ڕوبەڕوی هەرێم دەبنەوە".
هەردو ماددەی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 کە شەوی رابردو لەلیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەندکران، مشتومڕی زۆریان بەدوای خۆیدا هێنا و نوێنەرانی پارتی و یەکگرتوی ئیسلامیش لە لیژنەکە کشانەوە، هەردو فراکسیۆنی یەکێتی و نەوەی نوێش دەنگیانپێدا.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی گۆڕانکاریەکەوە هەڵوێستی خۆی راگەیاند و دەڵێت، "ئەو گۆڕانکاریانەی لە لایەن بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە 25ی 5ی 2023 دژی هەرێمی کوردستان، لە سەر پڕۆژە یاسای بودجە ئەنجامدران، نادەستوریین و دژی ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵیە و هەروەها دژی پرەنسیپەکانی ڕێککەوتنی حکومەتی ئیدارەی دەوڵەت و بەرنامەی ئەو کابینەیەیە کە لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگیان لە سەر دراوە".