كۆمسیۆنی عێراق: ناتوانین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا بكەین
  2023-05-31       616       

بەپێی راگەیەندراوێكی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ لیژنەی یاسایی پەرلەمان، رایگەیاندوە كە ناتوانن هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا ئەنجام بدەن.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، لیژنەی یاسایی پەرلەمان، میوانداری سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران و كادرە تەكنیكییە پێشكەوتوەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقی كردوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا تاوتوێی ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق كراوەو ئەندامانی لیژنەی یاسایی كۆمەڵێك پرسیاریان لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان بەگشتی و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە تایبەت لە كۆمسیۆن كردوەو داوایان كردوە كە راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لە 24 سەعات تێ نەپەڕێت.

لای خۆیەوە كۆمسیۆن جەختی كردۆتەوە كە دەستیان كردوە بە دانانی خشتەیەكی پراكتیكی بۆ ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە بڕیارە رۆژی 20ی 12ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

‎هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی پەرلەمانی عێراق، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا لەڕوی تەكنیكییەوە لەتوانای ئەواندا نییە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×