فوئاد حسێن: کێشەکانی تایبەت بە پشکی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجە چارەسەر دەبن
  2023-06-01       828       

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پشكی پارتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەدوای کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆکی دادگای فیدرالی عێراق، رایگەیاند،"لە منی وەربگرن،" کێشەکانی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجە چارەسەر دەبن.

 ئاوێنە: فوئاد حسێن، ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەردانی سەرۆکی دادگای فیدرالی کرد و لەدوای كۆبونەوەیان، بە روداوی وت،"هەر ویستم سەردانی سەرۆکی دادگای فیدراڵی بکەم، سەردانەکە هی کۆن بو و ئێستا کرا، لەبارەی کۆمەڵێک بابەت قسەمان کرد، واتە وەکو وەزیری دەرەوە قسەم لەگەڵی  کرد، لەسەر پەیوەندیی دادگای فیدرالی لەگەڵ دادگاکانی دەرەوە، جگە لەوە باسی دۆخی عێراقیشمان کرد. سوپاس بۆ خودا دۆخەکە بەرەو باشی دەچێت و لەبارەی هەڵبژاردنەکانیش قسەمان کرد."

 فوئاد حسێن لەوەڵامی ئەوەی كە ئایا بڕیارە لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە هیچ کۆبونەوەیەکی دیکەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بکرێت؟ وتی، كێشەی پشكی هەرێم "چارەسەر دەبێت، لە منی وەربگرە."

لەبارەی ئەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دەکات؟ فواد حسێن وتی"بێگومان، ئەوە بڕیارێکی دادگای فیدرالییە و رونە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×