ئەنجومەنی زانایان و بانگەوازی سەر بە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان داوا دەكات، ئەو بەناو مەلایەی سوكایەتی بە ئیمامی ئەشعەری كرد ئەبێت دادگایی بكرێت .
ئاوێنە: ئەنجومەنەكە لەراگەیەنراوێكدا دەڵێت: شۆكبووین كە كۆمەڵێ خەڵك بەناوی دینەوە دەستیان داوە شەپۆلێك لەتەنگژە و پشێوی، سەرچاوەی ئەم حاڵەتە كەسانێكی نامەسئول وكەم سەلیقە و ڕەنگە دەستێكی تێكدەریش لەئارادا بێ، بەسانایی هێرش دەكەنە سەر بیروڕا و عەقیدەی میللەت و سوكایەتی بە گەورە زانایانی ئوممەت دەكەن.
ئاماژە بەوەشدەكات: ئێمە لە ئەنجومەنی زانایان و بانگەوازی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان وێڕای ئیدانەی ئەم هێرشە ناڕەوایە، هیواخوازین هەموو لایەك بەرپرسانە و بەسەلیقە و ئارامیەوە مامەڵە لەگەڵ ناسكی دۆخەكە وئەركی ڕێگری لە تەشەنەكردن بكات، بەڕێگەی دادگا و رێكاری مەدەنی تەعبیر لە بەرگری گەورە زانایانمان وشوناسی عەقیدەتی گەلەكەمان بكەن
دەقی راگەیەنراوەكە...
پەیامێكی خەمخۆرانە و بەرپرسانە لە ئەنجومەنی زانایان و بانگەوازی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان.
لە كاتێك دا هەموو مسوڵمانێكی خەمخۆر بۆ دینەكەی لە سەنگەردا ئامادەباش بووە دژی ئەو هێرش و هەرەشانەی لەلایەن هێزگەلێكی جیهانی دەكرێتە سەر ئەخلاق و بیرو باوەری مسوڵمانان، و لەو كاتەی مسوڵمانانی خەمخۆر خۆیان بە عیلم و میكانیزمی نوێ چەكداركردووە دژی ئەو هەوڵانە، شۆكبووین كە كۆمەڵێ خەڵك بەناوی دینەوە دەستیان داوە شەپۆلێك لەتەنگژە و پشێوی، سەرچاوەی ئەم حاڵەتە كەسانێكی نامەسئول وكەم سەلیقە و ڕەنگە دەستێكی تێكدەریش لەئارادا بێ، بەسانایی هێرش دەكەنە سەر بیروڕا و عەقیدەی میللەت و سوكایەتی بە گەورە زانایانی ئوممەت دەكەن..، ئەگەر تەشهیر و ناوزڕاندن لەنێوان دوكەسی هاوئاست دا خراپ و مەحكومبێ، ئەبێ تەشهیر بەڵكو تۆمەتی ئەخلاقی و (قژف) لەكەسێكی بەناو مەلاوە بۆ ئیمام ابو الحسن الاشعری ئیمامی ئەهلی سونەت وجەماعەت، ئەبێ چ تاوانێكی گەورەبێ؟! لەبیریانچوو كە زۆرینەی لە مسوڵمانان لە پەیرەوانی ئەو ڕێبازەن؟! كەسانێك بەناوی سەلەفەوە هێرش دەكەنە سەر ئیمام ئەشعەریەوە.
ئەم هێرشەناڕەوا و نائەخلاقیە لەكوێی دین و زانست وئازادی بیروڕا و پێكەوەژیاندا جێی ئەكرێتەوە؟ ڕێگەدان بەم جۆرە كەس ودەنگە نەشازانە داخۆ جگە لەپشێوی ئەهلی و بەهەدەردانی وزەو تواناو توندگەرایی و سوكایەتی بەسەرجەم زانا و پێشینان و ڕەمزەكانی میللەتەكەمان چیتری لێ بەرهەمدێ؟ جگە لەوەی ئەمە هەڕەشەیە لەسەر شوناسی ئاینی و ئاشتی ئەهلیمان، ئەركی هەموو دڵسۆزانە بەر بەم ڕەوتە تێكدەر و سەرلێشێواوە بگرن و زانایان وداواكاری گشتی بێنە پێشەوە و كەیسەكە بەرەو ڕووی دادگا بكرێتەوە، ئینجا هەڵمەتێكی ڕاستكردنەوە و ڕوونكردنەوە ئەنجام بدرێ، لەوانە گڕنگتر ئەوەیە كەبابەتەكە بەسیاسی نەكرێ و دەسەڵاتداران واز لەیاریكردن بەم جۆرە بابەتانە بهێنێ، ئەمە ستەمێكە یەخەی مێژووی گەورەپیاوانی ئوممەت و شوناس وئاینی میللەتەكەمانی گرتووە و چارەسەری یاسایی و زانستی نەكرێ دەرگای پەرچەكرداری هەڵە و دەستێوەردانی ناحەزانی دوور و نزیكمان لێ ئەكاتەوە، ئێمە لە ئەنجومەنی زانایان و بانگەوازی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان وێڕای ئیدانەی ئەم هێرشە ناڕەوایە، هیواخوازین هەموو لایەك بەرپرسانە و بەسەلیقە و ئارامیەوە مامەڵە لەگەڵ ناسكی دۆخەكە وئەركی ڕێگری لە تەشەنەكردن بكات، بەڕێگەی دادگا و رێكاری مەدەنی تەعبیر لە بەرگری گەورە زانایانمان وشوناسی عەقیدەتی گەلەكەمان بكەن ..
ئەنجومەنی زانایان وبانگەواز
یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان
۷ژی الحجە ۱٤٤٤
۲٥/٦/۲٠۲۳