ئێران پارەكانی بە دۆلار دەست ناكەوێتەوە
  2023-07-07       436       


بە پێی ئەو سزایانەی ئەمریكا دژی ئێران سەپاندویەتی تەنانەت ئەگەر واشنتۆن رەزامەندیی بۆ ئازادكردنی پارەكانی لە وڵاتان دەربڕێت ئەوا تەنها دەتوانرێت بە دراوی فەرمیی ئەو وڵاتەی كە پارەكانی تێدا ئازاد كراوە تەنها خۆراك و دەرمان بكڕێ.

لە ماوەی رابردودا ئەمریكا رایگەیاند بڕی نزیكەی سێ ملیار دۆلار لە پارەی قەرزەكانی غاز و كارەبای عێراقی بۆ ئێران بە مەرج ئازاد كراوە و ئەو پارانە دەبێت تەنها بۆ بوارە مرۆییەكان و ئەو بوارانەی سزا نەیگرتونەتەوە بەكار بهێنرێت.

دوای چەند رۆژێك ئەحمەد موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق رایگەیاند؛ وەزارەتەكەیان سەرجەم قەرزەكانی كڕینی غاز لە ئێرانی رادەستی بانكی بازگانیی عێران (TBI) كردوە، بەڵام بەهۆی سزاكانی ئەمریكا ناتوانرێت ئەو بڕە پارەیە بچێتە سەر ئەژمارە بانكییەكانی ئێران.

بەرپرسانی ئێران ئاماژەیان بەوە كردبوو كە لەو قەرزانە تەنها دوو ملیار و 700 ملیۆن دۆلاری فرۆشتنی غاز بە عێراق ئازاد كراوە، چونكە بە پێی لێدوانی ئەو بەرپرسانە، عێراق زیاتر لە 11 ملیار دۆلار قەرزاری كارەبا و غازی لایە و ئەگەر ئەو قەرزە رادەست نەكرێت ئەوا گرێبەستی فرۆشتنی رۆژانە 50 ملیۆن مەتر سیجا غاز بە عێراق نوێ ناكرێتەوە.

میتو میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ نزیكەی سێ ملیار دۆلاری بلۆككراوی ئێران لە عێراق ئازاد كراوە و سیاسەتی واشنتۆن لە ئاست بەغداد و تاران گۆڕانكاریی بەسەردا نەهاتووە و ئیدارەی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی جۆ بایدن بەردەوام دەبێت لە جێبەجێكردنی سزاكان دژی ئێران و لەو چوارچێوەیەشدا ئەو پارانەی لە عێراق ئازاد كراون تەنها دەبێت بۆ بوارە مرۆییەكان بەكاربهێنرێت.

بەوتەی میلەر: لە ساڵی 2018 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ژمارەیەك لێخۆشبون لە سزاكانی بە راوێژ لەگەڵ ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەكە (كۆنگرێس) بۆ عێراق دەركردووە بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە بتوانێت تێچووی كڕین یان دابینكردنی كارەبا لە ئێران بخاتە سەر ئەژمارێكی بانكیی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×