''چه‌ندین جۆری دەرمان بە قاچاخ ھاوردە دەکرێت و بە ئۆنلاین دەفرۆشرێتە ھاوڵاتییانی كوردستان''
  2019-07-27     
بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی جۆری دەرمان ڕای دەگەیەنێت، ''ڕۆژانە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕیکلام بۆ ھەندێک بەرھەم دەکرێت، بە مەبەستی دابەزاندنی کێشی لەش و چارەسەرکردنی لاوازیی سێکسی و زۆر دۆخی تر و بانگەشەی سروشتیبوونیان بۆ دەکرێت، بەڵام ئەو دەرمانانە لە ڕێگەی دامەزراوەی دەرمانی کوردستان ھاوردەی ھەرێم نەکراوە و بە شێوەی قاچاخ ھاوردە دەکرێن''.

ئاوێنه‌: بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی جۆری دەرمان لە ھەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا،        ده‌ڵێت "ڕۆژانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕیکلام بۆ ھەندێک بەرھەم دەکرێت، بۆ مەبەستی دابەزاندنی کێشی لەش، چارەسەرکردنی لاوازی سێکسی و زیادکردنی کێشی لەش. ئەو جۆرە بەرھەمانە لە ڕیکلامەکاندا بانگەشەی سروشتیبوونیان بۆ دەکرێت و بانگەشەکاران گەرەنتی دەدەن، کە ١٠٠ % بەرھەمەکانیان سروشتین و ھیچ زیانی لاوەکییان نییە، لە ڕاستیدا ئەو بەرھەمانە لە ڕێی دامەزراوەی دەرمانی کوردستان KMCA ھاوردەی بازاڕی دەرمانی وڵات نابن و بە شێوەی قاچاغ و بەڕێی نایاسایی ھاوردە دەکرێن و بە ئۆنلاین بە خەڵک دەفرۆشرێن".

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە: "ئەو بەرھەمانەی، کە بە ڕێی ئۆنڵاین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و وێباسیتەکان دەفرۆشرێن، تەنیا دامەزراوەی دەرمانی کوردستان KMCA ی نەھێناوەتە قسە، بەڵکوو سەرجەم دامەزراوە گرنگەکانی بواری زانستی دەرمانسازی لە جیھاندا، لەسەر ئەو بابەتە ھاتوونەتە دەنگ و چەندان ڕاپۆرتیان لەسەر داون و ھۆشداریی تەواویان بە فرۆشیاران و بەکارھێنەرانی ئەو بەرھەمانە داوە. فرۆشتنی ئەو بەرھەمانە بەناوی تەواوکەری خۆراکی و سروشتی، دیاردەیەکی جیھانییە و تەنیا لە کوردستاندا نییە، دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکی FDA و دامەزراوەی دەرمانی ئەوروپی EMA لە سەدان ڕاپۆرتدا ئەو جۆرە بەرھەمانە بە مەترسیدار و ساختە ناودەبەن و ھۆشداریی توندیش دەدەن".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە: "دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکی FDA دەڵێت، ئەو بەرھەمانەی بۆ دابەزاندنی کێشی لەش ڕیکلامیان بۆ دەکرێت، لە ئەنجامی پشکنینی بەشێک لە بەرھەمەکان دەرکەوتووە، ئەو جۆرە بەرھەمانە دەرمانی قەدەغەکراو و مەترسیدار و دەرمانی میزپێکەر بۆ چارەسەرکردنی بەرزیی پەستانی خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ و گورچیلە و دەرمانی نەخۆشیی پەرکەم و خەمۆکییان بە بڕێکی زۆر تێدایە".

بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی جۆری دەرمان، ڕوونی کردووەتەوە: "ئەو بەرھەمانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی لاوازیی سێکسی ڕیکلامیان بۆ دەکرێت، دەرمانی شاراوەیان لە جۆری دەرمانەکانی چارەسەرکردنی لاوازیی سێکسی بە بڕێکی مەترسیدار تێدایە، کە مەترسیدارن بۆ نەخۆشییەکانی دڵ و مردنی لەناکاو، بوونی ئەو دەرمانە شاراوانە، دوای پشکنینی تاقیگەیی دۆزراونەتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە، کە بەرھەمەکان بە سروشتی و بێ زیان وێنا دەکرێن".

جەخت لەوەش کراوەتەوە: "بەشێکی تری ئەو بەرھەمە ساختانە بۆ قەڵەوکردنی ڕوخسار و جەستە ڕیکلامیان بۆ دەکرێت، بەپێی ڕیکلامەکان بەرھەمەکان سروشتی و بێ زیانن، بەڵام ئەنجامە تاقیگەییەکان بە بەڵگەی تەواو ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە، کە ئەو جۆرە بەرھەمانە دەرمانی ستیڕۆیدەکانیان بە بڕێکی زۆر تێدایە، وەک ستیڕۆیدی (دێگزامیتازۆن- Dexamethasone)، بەکارھێنەر دوای ماوەیەک لە بەکارھێنانی بەشێوەیەکی کاتی جەستە و ڕوخساری قەڵەو دەبێت، بەڵام لە کۆتاییدا کاریگەرییەکە بەردەوام نابێت و زیانە مەترسیدارەکان دەردەکەون".

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە: "دامەزراوەی دەرمانی کوردستان KMCA بەردەوام ھاونیشتمانییان ئاگادار دەکاتەوە، کە خۆیان لە کڕینی دەرمانی ساختە و قاچاخ و بێ ستیکەر بەدوور بگرن، ھۆشداری داوەتە ھاونیشتمانییان. کە بەھیچ جۆرێک نەکەونە ژێر کاریگەریی ڕێکلام و بانگەشەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بەرھەمی بەناو سروشتی، داوای لێکردوون، تەنیا ئەو دەرمان و بەرھەمە دەرمانسازییانە بکڕن، کە ستیکەری کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمانیان لەسەرە".
زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×