لێدوانی وەزارەتی دارایی لەبارەی موچەو داهاتی ناوخۆ
  2023-08-19       1099       

وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، بۆ موچەی مانگی شەش كە دابەشكراوە، 321 ملیار دینار كورتهێنان هەبوەو لە داهاتی ناوخۆ پڕكراوەتەوە، لەكاتێكدا وەك ئەو دەڵێت"داهاتی ناوخۆ تەنها بۆ موچە نییە"و "حكومەتی هەرێم مانگانە خەرجی زۆرە"، دەشڵێت، هەمو ژمارەكانمان پێشكەشی حكومەتی عێراق كردون و وردبینی كراون، چاوەڕێین لەم مانگەوە بەغدا پشكی هەرێمی كوردستان لە كاتی خۆیدا بنێرێت.

ئاوێنە: هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم، ئەمڕۆ شەممە، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان وتی"ئەم مانگە 321 ملیار دینار كورتهێنان هەبوە بۆ موچە كە لە داهاتی ناوخۆ پڕكراوەتەوە، داهاتی ناوخۆ تەنها بۆ موچە نییە، خەرجی حكومەتی هەرێم مانگانە خەرجییەكی زۆرە هەر لە خزمەتگوزاری، پێشینەی وەزارەتەکان، دابینکردنی خواردن بۆ زیندانیان، پاککردنەوە، سەوزاییەکان و کۆمەڵێکی دیکە خەرجی هەیە کە سەرجەمیان لە داهاتی ناوخۆ دەدرێت تەنانەت موچەی وانەبێژان کە مانگانە دەدرێت لە داهاتی ناوخۆیە."

وتیشی"ئێمە ئەو ژمارانەی کە هەن سەرجەمیانمان پێشکەش بە حکومەتی عێراق و وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی کردون و ئەوان وردبینی تەواویان كردوەو هەرێمی كوردستان هەمو پابەندییەكانی جێبەجێكردون و چاوەڕێین ئەوانیش پابەندبن بە یاسای بودجەوەو پشكی هەرێمی كوردستان مانگانە لە كاتی خۆیدا بنێرن."

سەبارەت بە قەبارەی داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، وتەبێژی وەزارەتی دارایی وتی، داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە مانگێكەوە بۆ مانگێكی تر جیاوازی هەیە، "بەگشتی نزیكەی 300 ملیار دینار دەبێت، بەشێكی ئەو داهاتە ئەماناتە، بەشێكی سودی قەرزە، بەڵام ئەوەی گرنگە ژمارەكان لای ئێمە رونن و هەمویمان پێشكەشی عێراق كردون و هیوادارین لەم مانگەوە بەغدا بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە كاتی خۆیدا بنێرێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×