حكومەتی عێراق چارەسەری بریندارانی چەكی كیمیایی هەڵەبجە دەكات
  2023-08-27       536       


پاش ئەوەى نوێنەرى بریندارانی چەكی كیمیایی هەڵەبجە سەردانى سەرۆك وەزیرانی عێراقى کرد و داواکارى خۆیانى پێگەیاند، ئەمڕۆ لیژنەیەكی وەزارەتی تەندرووستیی عێراق سەردانى هەڵەبجەیان کرد و بەڵێنی هەموو چارەسەرێكی پزیشكیان بە بریندارانی چەكی كیمایی داوە.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ لیژنەیەكی وەزارەتی تەندرووستیی عێراق سەردانى شارى هەڵەبجەیان کرد و لە بینای نەخۆشخانەی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی هۆکارى سەردانەكەیان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا خستە ڕوو.

دكتۆر ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندرووستی هەڵەبجە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ پێشوازیمان لە تیمێكی پزیشكیی كرد، کە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیری تەندرووستیی عێراق هاتوونەتە هەڵەبجە بە مەبەستى بینین و پشكنین بۆ بریندارانی چەكی كیمیایی.

وتیشی، دڵینایی دەدەینە هەموو بەركەوتووانی چەكی كیمیایی کە سەرجەمیان چارەسەر دەكرێن، سەردانی لیژنەكەی وەزارەتی تەندرووستیی عێراقیش، بە مەبەستى بینین بۆ چارەسەركردنیان درێژەى دەبێت و داواشمان لێكردوون نەخۆشخانەكەمان بكرێتە سەنتەرێكی نیشتیمانی بۆ چارەسەریی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی.

بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە باسی لەوەشكرد، دوو ساڵە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بودجەی نەخۆشخانەكە دەبڕێت، وەكو نەخۆشخانەیەكی خوار ئاسایی سەیر دەكرێت، لە کاتێکدا ئێمە پێویستمان بە بودجەی تایبەتە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو ٦٤ كەسەی ئەمڕۆ دەبینرێن لیژنەكە پشكنینەكانیان دەباتەوە وەزارەتی تەندروستی عێراق و ئەنجومەنی وەزیران، لەوێ بڕیار دەدرێت هەر چارەسەرێكیان پێویست بێت لەوێوە بۆیان دەكرێت.

لای خۆشیەوە دكتۆر وائل سەعداوی، سەرۆكی لیژنەی تەندرووستی عێراق لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكەدا وتی، بە خێرایی چارەسەری بەركەوتووانی چەكی كیمیای دەكەین، ئەو بریندارانەی لە بەڕێوەبەرایەتی تەندرووستی هەڵەبجەوە ناوەكانیان بۆ ناردووین چارەسەر و پشكنینان بۆ دەكەین، هەر پێداویستیەكی دیكەشیان پێویست بێت لە ناوخۆ یان دەرەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەرەكانیان بۆیان دابین دەكەین.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×