نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، ئامانجی جموجۆڵی ئەم دواییەی هێزەكانی ئەمریكا، داخستنی سنوری عێراقە بەڕوی سوریادا لەپێناو تەواوكردنی ئەو گەمارۆیەی خراوەتە سەر سوریاو پێدەچێت بۆ گۆڕین یا خستنی رژێمی سوریا بێت.
ئاوێنە: نوری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی پێشوتری عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ئەمشەو دوشەممە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "ئەلشەرقیە"، لەبارەی جموجۆڵەكانی ئەم دواییەی هێزەكانی ئەمریكاوە"هەوڵی ئەو هێزانەیە بۆ داخستنی سنور لەنێوان عێراق و سوریا. بەڵام ئەم داخستنە بۆ چییەو پلانەكە چییەو ئەمریكا نیازی چییە لەبارەی دۆخی ناوخۆی سوریاوە، ئەمە تا ئێستا نازانرێت."
هەروەها وتیشی"بەڵام ئەگەر ئەمە گرێی بدەینەوە بەو جموجۆڵانەی لە باشوری سوریا هەن لەوانە دەرعاو سوەیدا، پێدەچێت شتێك لەئارادابێت بۆ ئەوەی لە سوریا جێبەجێ بكرێت."
سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا وتیشی"ئەوەی پێشتر بەرامبەر سوریا كراوە، گەمارۆدانی بوە لە ئاسمان و زەوی و دەریاوە، بۆ سوریا هیچ دەروازەیەك جگە لە عێراق نەماوەبوەوە. كاتێك ئەم دەروازەیە بە كراوەیی مایەوە، سوریا توانی بەرگری بكات و بمێنێتەوە. بۆیە داخستنی ئەم دەروازەیەو ئەم سنورە، بەواتای تەواوكردنی گەمارۆدانی سوریا دێت لەگەڵ جوڵاندنی دۆخی ناوخۆ لە باشوری ئەو وڵاتەوە لەپاڵ ئەو دۆخەی كە لە باكورو رۆژهەڵاتی سوریا هەیە. بۆیە پێدەچێت ئەمە بە نیەتی جوڵەیەك بێت دژی كۆماری سوریا لەپێناو گۆڕین یان خستنی رژێمی سوریا."
نوری مالیكی جەختی كردەوە كە جموجۆڵەكەی هێزەكانی ئەمریكا هیچ پەیوەندییەكی بە دۆخی عێراقەوە نییەو وتی"من دڵنیام ئەم پرسە بە ئاڕاستەی ئەنجامدانی هیچ شتێك نییە كە هێزەكانی ئەمریكا بیانەوێت لە عێراق ئەنجامی بدەن."