لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا ١٢٤ كەس بە تۆمەتی قاچاخچێتی نەوت لە عێراق دەستگیر كراون
  2023-08-30       327       

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئاشکرای کرد، دەرئەنجامی ئۆپەراسیۆنەكانیان بۆ دەستگیركرنی ئەو كەسانەی كاری قاچاخچێتی نەوت لە عێراق دەكەن، توانراوە لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا ١٢٤ كەس دەستگیر بكەن.

ئاوێنە: هەندێك بازرگانی عێراقی بە پاڵپشتی ژمارەیەك بەرپرسی باڵا نەوت بە شێوەیەكی قاچاغ دەبەن و دەیفرشن بە وڵاتانی درواسێ بە تایبەتی ئێران و توركیا، لە بەرامبەریشدا هێزە ئەمنییەكان هەڵمەتی دەستگیركردنی ئەو كەسانەیان دەست پێكردووە و ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەكانی چواری مانگی ڕابردوویان بڵاو كردووەتەوە.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق بەیاننامەیەكی بڵاوی كردەوە، لە درێژەی هەوڵە هەواڵگری و مەیدانییەكان و ئەو ئۆپەراسیۆنە تایبەتانەیە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە بەدواداچوونی تۆڕەكانی قاچاخچێتی نەوت ئەنجامی داوە، توانراوە لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا ١٢٤ كەس دەستگیر بكەن.

ئاماژە بەوەش كراوە، هێزەكانیان توانیویانە دەست بەسەر زیاتر لە دوو ملیۆن لیتر نەوتدا بگرن پێش ئەوەی بە قاچاخ بگوازرێتەوە، هەروەها  دەست بەسەر ١٥ شویندا گیراوە، كە بۆ مەبەستی هەڵگرتن و بە قاچاخبردنی نەوت بەكارهێنراون.

لە كۆتایی بەیاننامەكەدا هاتووە، هێزەكانی ئاسایشی نیشتیمانی بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەكانی دەستگیركردنی قاچاخچیەكان و باندە تاوانكارییەكان، هەروەها هۆشداریی دەدەنە ئەو كەسانەی كە بیر لە بە قاچاغبردنی سەروەت و سامانی نیشتمان دەكەنەوە، چونكە لە چنگی هێزەكانیان دەرناچن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×