سعودییە دەیەوێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمیی
  2023-08-30       486       

گۆڤاری "زانستە ئەتۆمییەکان" لەئەمریکا لەڕاپۆرتێکدا باسی لەوەکردوە، داواکارییەکانی محەمەد بن سەلمانی شازادەی جێنشینی سعودییە بۆ بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای پیتاندنی یۆرانیۆم بەبیانوی دابینکردنی سوتەمەنی بۆ وێستگەکانی وزەی کارەبا لەبەرامبەر واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان لەگەڵ ئیسرائیل، هیچ نییە جگە لەمانۆڕێک بەئامانجی لەبەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی.

ئاوێنە: گۆڤارە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، "پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم هەنگاوێکە بۆ بەرهەمهێنانی سوتەمەنی بۆ ڕیاکتۆرە ئەتۆمییەکان، بەڵام بەشێکی گرنگی یەکێکە لەدوو ڕێگه‌ی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمیی، بۆیە ئاسانکاریی شازادەی جێنشین لەلایەن ئەمریکاوە لەهەوڵە نایاساییەکانیدا لەڕادەبەدەر مەترسیداره‌".

لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە "یەکێک لەو درۆیانەی شازادەی جێنشینی سعودیە بڵاویکردەوە، ئەو ئیدیعایە بوو کە دەیەوێت یۆرانیۆمی ناوخۆیی بەکاربهێنێت، کە ئەویش بانگەشەی ئەوەدەکات کە گەنجینەیەکی گەورەی یۆرانیۆمیان هەیە، بەڵام ڕاپۆرتەکانی ئەمدواییە دەریانخستوە هیچ نیشتەیەکی یۆرانیۆم لەسعودیە نییە، بەڵکو تیمە جیۆلۆجییەکان کە بۆ گەڕان بەدوای ئەو سەرچاوەیەدا نێردراون، دەستی بەتاڵ گەڕاونەتەوە".

لەڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "سەرەڕای ئاشکرابونی ئەم درۆیە، شازادەی جێنشینی سعودییە گرنگییپێدانی خۆی بەپیتاندنی یۆرانیۆم نەشاردۆتەوە، ئەمەش خۆی لەخۆیدا ڕاستییەکی ئاشکراکەری نیەتی ئەوو پشتبەستنێتی بەچڵێسیی ئەمریکا،  بۆیە نابێت ئەمریکا تەنها بڵێت نابێت سعودییە یۆرانیۆم بپیتێنێت، بەڵکو لەژێر سایەی بەردەوامیی هەڕەشەی هەڵگیرسانی جەنگدا، دەبێت بەبیرۆکەی دامەزرادنی ڕیاکتۆری وزەی ئەتۆمی لەسعودیەدا بچێتەوە، بەوپێیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگایەک نییە بۆ دانانی کورەی ناوەکیی".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×