ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی نەوتی خاوی برێنت گەیشتە سەرو 90 دۆلار، ئەوەش دوای ئەوەی سعودیەو روسیا بڕیاریاندا كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ درێژبكەنەوە كە بە هەردوكیانەوە رۆژانە بەرهەمهێنانی بڕی یەك ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوت كەم دەكەنەوە.
ئاوێنە: بەپێی داتاكانی بازاڕەكانی نەوتی جیهان، لە ئێستا نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە 90 دۆلار و 34 سەنت و هەروها یەك بەرمیل نەوتی تەكساس بە 87 دۆلارو 30 سەنت مامەڵەی پێوەدەكرێت.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، ئاژانسی رەسمی سعودیە بڵاویكردەوە، ریاز بڕیاریداوە ماوەی كەمكردنەوەی خۆبەخشانەی بەرهەمهێنانی نەوت بەبڕی یەك ملیۆن بەرمیلی رۆژانە تاوەكو كۆتایی مانگی كانونی یەكەمی ئەمساڵ درێژبكاتەوە، بەڵام مانگانە پێداچونەوە بە بڕیارەكەدا دەكرێت.
هەر ئەمڕۆ ئەلیكسەندەر نۆڤاك، جێگری سەرۆك وەزیرانی روسیا لە راگەیەندراوێكدا وتی، وڵاتەكەی كەمكردنەوەی خۆبەخشانەی بەرهەمهێنانی نەوت بەبڕی 300 هەزار بەرمیلی رۆژانە تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ درێژبكاتەوە، ئەوەش لەپێناو "پاراستنی سەقامگیری و هاوسەنگی" نرخی نەوت لە بازاڕەكاندا.