حوسێن یەزدان پەنا: لەنێو خاكی هەرێم بەرەنگاری سوپای پاسداران دەبینەوە و لە قوڕیان دەچەقێنین
  2023-09-15       523       

پارتی ئازادی كوردستان رەتیدەكاتەوە هێزەكانیان چەككرابن و هاوكاتیش فەرماندەیی گشتی سوپای میلی كوردستان باڵی سەربازی حیزبەكە، ئاشكرایدەكات ئێران بەنیازی هێرشە و ئەوان ئامادەی بەرگریكردنن.

ئاوێنە: سەرچاوەیەكی باڵا لە پارتی ئازادی كوردستان رایگەیاند "بەهیچ شێوەیەك هێزەكانی پارتی ئازادی كوردستان چەكنەكراون، ئەو زانیارییانە راست نین كە لەوبارەیەوە بڵاوكراونەتەوە، ئەوەی هەیە تەنها جێگۆڕكێ بەهێزەكان كراوە بۆ پارێزگاری و پاراستنی ئەمنیەت و دووركەوتنەوە لەشوێنی قەرەباڵغ، هێزەكانمان بەهیچ جۆرێك چەكیان دانەناوە و چەكیان پێیە بۆ بەرگری لە هەر بارێكدا بێت ئامادەن".
 
 حوسێن یەزدان پەنا سەرۆكی پارتی ئازادی كوردستان و فەرماندەی گشتی سوپای میللی كوردستان باڵی سەربازی حیزبەكە لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت "ئێستا كاربەدەستانی سیاسیی و لەشكریی ئێران پەیتا پەیتا هەڕەشەی پەلاماردانی حیزب و پێشمەرگەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەرێمی كوردستان بڵاودەكەنەوە، هەر بۆ ئەم مەبەستە ژمارەیەك چەكی قورس و چەند یەكەیەكی دیكەی سوپای پاسداران لەسەر سنوورەكان جێگیركراون‌و هەروەها چەند تیمی ھێزی قودسی سوپای پاسداران لە كەركووك و پردێ دامەزراون".

لەبارەی هەڵوێستی هەرێمەوە یەزدان پەنا دەڵێت "ئەگەر هەرێمی كوردستان لە بەرانبەر سنووربەزاندن و دەستدرێژیی ئێراندا، بڕیار و پلانی بەرەنگاربوونەوە و بەرگریی هەبێت، ئەوە هێزەكانی ئێمە شانبەشانی هێزەكانی هەرێمی كوردستان شانازیی نەبەردێكی دیكەی وەك نەبەردی پردێ بۆ خۆیان و مێژووی كوردایەتیی تۆمار دەكەن. یەكگرتوویی سیاسیی و لەشكریی ڕۆژھەڵات و باشووری نیشتمان نەك ھەر پەلامار و دەستدرێژییەكی ئەوتۆ تێكدەشكێنێت، بەڵكوو دەرگای گۆڕانكاریی گەورەش لەسەر كوردستان دەكاتەوە".

ئاماژە بەوەش دەكات "ئێمە ھەرگیز نەمانویستووە خاكی ھەرێمی كوردستان ببێتە جێی تێكھەڵچوون و پێكدادانمان لەگەڵ ئێران، بەڵام ئەگەر ھێرشی هێزەكانی ئێران لە وشكاییەوە تەنیا بۆ سەر حیزبەكان و هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بێت، ئەوە بەرەنگاربوونەوەیان لە مافێكی سروشتیی وەك «مافی دیفاعی ڕەوا»وە وەردەگرین و بە بەرەنگاربوونەوەیان لە خاكی ھەرێمدا لە قوڕێكیان دەچەقێنین كە ڕزگاربوونیان لێی، باجی قورسیان لەسەر دەخات.

جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ زۆر لە فەرماندەكانی ئێستای سوپای پاسداران زەبری هەڵمەتی پێشمەرگەیان چێشتووە و ئەو دۆزەخەیان دیتووە كە پێشمەرگەی كوردستان، بۆیانی ساز دەكرد. بێجگە لە ڕۆڵەكانی ڕۆژھەڵات، ھەر لە ئێستاوە سەدان و بگرە ھەزاران مێرخاسی باشووری نیشتمانیش خۆیان بۆ بەشداریی لە شانازییەكی نەتەوەیی وەھا سازكردووە".

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×