ئەندامێكی لێژنەی كاروباری پێشمەرگە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەو نووسراوەی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كە بۆ دانانی كەسێك بە وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت دەریكردووە، ”هیچ بەهایەكی نییە و وەزارەت موڵكی حزبی نییە.“
ئاوێنە: ئەمڕۆ دووشەممە 18ی ئەیلوولی 2023، میدیاكانی یەکێتی بڵاویان كردووەتەوە كە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، نووسراوێكی دەركردووە و دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی بە وەكالەت لە پۆستی وەزیری پێشمەرگە داناوە، لەبری شۆڕش ئیسماعیل كە یەكێتی ناچاری كردووە واز لە پۆستەكەی بهێنێت.
لە بەرامبەردا سەعید هەركی، ئەندامی لێژنەی كاروباری پێشمەرگە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە میدیایەکی پارتی راگەیاند، شۆڕش ئیسماعیل بە ویستی خۆی لە پۆستی وەزیری پێشمەرگە نەكشاوەتەوە، بەڵكوو ”ناچار کراوە واز لە پۆستەکەی بهێنێت.“
ئەوەشی ئاشكرا كرد كە لەو كاتەوەی شۆڕش ئیسماعیل ناچار بە وازهێنان كراوە، ”چەندین پێشنیار کراوە کە وەزیرێکی تری یەکێتی بە وەکالەت بكرێتە وەزیری پێشمەرگە، بەڵام قوباد تاڵەبانی متمانەی بە کەسیان نەبووە و تەنیا سوورە لەسەر دانانی دارا رەشید، ئەمەش بۆ ئەوەی ئەجێندایەکی تایبەت لە وەزارەتەكە بەڕێوە ببەن و کۆسپ بۆ چاکسازییەكانی نێو وەزارەتەكە دروست بکەن.“
جەختیشی كردەوە كە بەپێی یاسا، ”جێگری سەرۆک وەزیران دەسەڵاتی دانانی وەزیری نییە با وەکالەتیش بێت، بۆیە نووسراوەکەی هیچ بەهایەکی یاسایی نییە.“
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی كوردستان ئاماژەی بەوەش كرد كە ”سەرۆک وەزیران هەر کەس بە وەکالەت دابنێت، ماف و دەسەڵاتی خۆیەتی، جێگر دەسەڵاتی سەرۆک وەزیرانی نییە تا خۆی ئەو کارە بکات.“
لە كۆتاییشدا باسی لەوە كرد كە وەزارەت ”موڵكی حزبی نییە، ڕاستە وەزیر لە یەکێتییە، بەڵام پێویستە رەزامەندی و بڕیاری سەرۆک وەزیرانی لەسەر بێت.“