پێشبینی دەكرێت لە مانگی داهاتودا "بارانێكی زۆر" لە هەرێم ببارێت
  2023-09-19       329       

شارەزایەكی بواری كەشناسی رایگەیاند، پێشبینی دەكرێت لەماوەی مانگی داهاتودا "رێژەیەكی زۆر" باران لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان و عێراق ببارێت.

ئاوێنە: ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"بەگوێرەی دوایین گۆڕانکارییەکانی نەخشی ئەوروپی (ECMWF) دورمەودا، پێشبینی دەکرێت لە ماوەی مانگی داھاتودا رێژەیەکی زۆری باران لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق ببارێت کە رێژەیەکی زۆر بەرزە بەنیسبەت مانگی 10و دڵخۆشکەرە."

ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوەشداوە، لە ئێستاوە دەرکەوتنی بارانێکی زۆر بۆ مانگی داھاتو ئاماژەیەکی ڕونە کە پاییزێکی پڕ باران و کەم وێنەمان لە پێش ئەبێت.

ئاراس جەبار لەبارەی بونی مەترسی لەو باران بارینەوە وتویەتی"خوا یار بێت بەدور ئەبین لەمەترسی و کارەسات کە بەھۆی گۆڕانی کەشوھەوا و ڕودانی دیاردەی ئێڵ نینۆ دیاردە کەشییەکان توندبون و لەماوەکانی ڕابردودا تا ئێستا چەندین وڵات و ناوچەی جیاواز دوچاری لافاو و گەردەلول و باوبارانی بەھێز بونەتەوە کە لەھەندێکیان بەداخەوە زیانی گیانی بەدوادا ھاتوە."

هەوەها وتوشیەتی"زیادبون و توندبونی ئەم ڕوداوانەش لە ساڵێکی وەک ئەمساڵ، لەجیھاندا چاوەڕوان کراوە کە بەتێکڕا دەریاو زەریاکان گەرمبونی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە، بۆیە شەپۆلەکان و سیستەمە نزمەپەستانییەکان لەبەرگەھەودا لە کاتی ئاسایی ناجێگیرتر و بەھێزتر دروست ئەبن کە زۆر کات توانای بەرھەمھێنانی بارانی زۆر و لێکەوتەی مەترسیداریان ئەبێت بۆ سەر ئەو ناوچانەی رویان تێدەکەن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×