بەڕێوەبەری بانکە بازرگانییەکان: هیچ مەترسییەک لەسەر ناردنی 700 ملیار دینارەکە نییە
  2023-09-24       824       


بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکان لەوەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ده‌ڵێت، بانکی ناوەندیی عێراق کێشە نەختینەی هەیە، بەڵام هیچ مەترسییەک لەسەر ناردنی 700 ملیار دیناره‌كه‌ بۆ هەرێمی کوردستان نییە.

ئاوێنه‌: مەولود سابیر، بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکان لەوەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئه‌مڕۆ 250 ملیار له‌به‌غداوه‌ بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتووه‌و چاوه‌ڕوانی گه‌یشتنی ته‌واوی 700 ملیار دینارەکە دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، بانكی ناوه‌ندیی عێراقی به‌پێی ئه‌و یه‌ده‌گه‌ی له‌بانكەکانی رافیده‌ین، ره‌شید و بازرگانی عێراق هەیە، ئه‌و 700 ملیار دیناره‌ی بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌، بۆ هه‌رێمی كوردستان رەوانەی دەکات، بۆیە ئەو بڕە پارەیە بە یەک پاکێج ناکرێتە سەر هەژماریی بانکیی وەزارەتی دارایی.

بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکان راشیگەیاند، بانکی ناوەندیی عێراق کێشەی لەدابینکردنی نەختینەی دینار هەیە، بۆیە ناردنی 700 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان دواکەوت و بە یەک قۆناغ رەوانە نەکراوە.

جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، هیچ مەترسییەک لەسەر ناردنی 700 ملیار دینارەکە نییەو لەچەند رۆژی داهاتودا بڕەکانی دیکە دەخرێنە سەر هەژماریی بانکیی وەزارەتی دارایی و دابەشکردنی موچەش بەپێی لیستی بڵاوکراوەی وەزارەتی دارایی بەردەوام دەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×