تەندروستی گەرمیان بەهۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرماوە رێنمایی دەدات
  2019-08-13       2989       

بەهۆی بەرزبونەوەی بەرچاوی پلەكانی گەرماوە، تەندروستی گەرمیان چەند رێنماییەكی بۆ خۆپاراستن لە گەرمای بەتین بڵاوكردەوە.

ئاوێنە: چەند رۆژێكە شەپۆلێكی گەرما روی لەناوچەكانی باشوری كوردستان كردوەو بڕیارە تا كۆتایی ئەم هەفتەیەش شەپۆلەكە بەردەوام بێت.

شەپۆلی گەرماكە لەناوچەی گەرمیانی باشوری كوردستان بەتینترە بەشێوەیەك كە بەرزترین پلەی گەرمی تۆماركراوی دوێنێ لە خانەقین 52 پلەی سەدی بوە، ئەوەش وای لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەمیان كردوە، چەند رێنماییەك بۆ هاوڵاتیان بۆ خۆپاراستنیان لەو گەرما بەتینەی ناوچەكە بڵاوبكاتەوە.

تەندروستی گەرمیان لەڕاگەیەندراوێكدا وێڕای ئاماژەدان بە بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما، هێمای بۆ ئەوە كردوە كە بەو هۆیەی گەرما زۆر لێکەوتەو کاریگەریی تەندروستیی هەیە بەسەر لایەنی جەستەیی مرۆڤەوە، وا باشە ئەم رێنماییە پزیشکیانەی لای خوارەوە بخوێنیتەوەو هەوڵی جێبەجێکردنی بدەیت:

1.هەوڵبدە خۆت بپارێزی لە بەرکەوتنی راستەوخۆی تیشکی خۆر، بەو پێیەی لەمکاتەدا بەرکەوتنەکە زیاترە هەربۆیە کاریگەری لەسەر جەستەو پێست بەتایبەت زۆرە.

هەروەها بۆ خۆپاراستن لەم بەرکەوتنانە دەتوانیت جلێک لەبەر بکەی کە ئەستور نەبێت و هاوینە بێت و زۆرتر لە مادەی کەتان پێکهاتبێت، ئەمە سەرباری سودبینین لە کڵاو و چاویلکەی دژەخۆر.

2.بەهۆی گەرماوە رێژەیەکی زۆر ئاوی لەشت لەدەست دەدەی، ئەم رێژەیەش پێویستی بە قەرەبوکردنەوەیە. بۆیە تا دەتوانیت بەشێوەیەکی بەردەوام ئاو بخۆرەوە و هەروەها شلە و شلەمەنیش لە ژەمە خۆراکییەکانت دا زیاتر بکە.

3.هەوڵبدە کەمتر خۆت ماندو بکەی، چونکە ماندوێتی لەگەڵ گەرمای بەتین سەردەکێشێت بۆ حاڵەت و نەخۆشی دیکە.

4.بنەماکانی پاکوخاوێنی زیاتر لە جاران رەچاو بکە، بۆئەوەی بەدور بیت لە توشبون بە نەخۆشیە گوازراوەکان بەتایبەتی سکچون و رشانەوە کە لەم وەرزەدا زۆرتر بڵاو دەبنەوەو مەترسیەکەشیان بۆسەر جەستە بەهۆی زۆر لەدەستدانی ئاوەوە زیاتر دەبێت.

5. مناڵ لەناو ئۆتۆمبیل دا بەجێمەهێڵەو هەوڵیش بدە کە ئۆتۆمبیلەکەت لەکاتی راوەستان و کوژانەوەی دا دابپۆشی لەبەر خۆر و هەروەها جامەکانیشی قەپات نەکەیت کە بەهۆی ئەو خاڵانەوە پلەی گەرمی نێو ئۆتۆمبیلەکە زۆر بەرز بێتەوەو کێشەو زیانی لێبکەوێتەوە لەسەر جەستەی خۆت و سەرنشینەکانی تر.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×