دوایین زانیاری‌ له‌باره‌ی‌ چاره‌نوسی‌ موچه‌ی‌ سێ مانگی‌ كۆتایی ئه‌مساڵ
  2023-11-26       1878       


بڕیاره‌ له‌م هه‌فته‌یه‌دا به‌غدا كۆتا 700 ملیار دیناری‌ ئه‌و قه‌رزه‌ ڕه‌وانه‌ی‌ هه‌رێم بكات كه‌ بۆ دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی‌ مانگی‌ 9 (ئه‌یلول) ته‌رخانكراوه‌، به‌وه‌ش چاره‌نوسی‌ موچه‌ی‌ سێ مانگی‌ كۆتایی ئه‌مساڵ (10، 11، 12) به‌نادیاری‌ ماوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌وته‌ی‌ ئه‌ندامێكی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق، موچه‌ی‌ ئه‌و سێ مانگه‌ کەوتۆتەوە سەر رێککەوتنی نێوان هەرێم‌و بەغدا.

ئاوێنه‌: سبەی دو شه‌ممه‌، وه‌فدی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتووە لەئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران سەردانی بەغدا دەکەن.

بڕیاره‌ وه‌فده‌كه‌ی‌ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆببێتەوەو چاره‌نوسی‌ سێ موچه‌ی‌ كۆتایی ئه‌مساڵ ته‌وه‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ گفتوگۆكان ده‌بێت.

به‌گوێره‌ی‌ زانیارییه‌كان، ئەگەر سبەی وه‌فدەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق بگەنە رێککەوتن، ئه‌وا لەچەند رۆژی داهاتودا پرسی رەوانەکردنی سێ 700 ملیار دیناری‌ دیكه‌ بۆ موچه‌ی‌ سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ دەبرێتە کۆبونەوەی داهاتوی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.

لای‌ خۆیه‌وه‌ سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق له‌لێدوانێكی‌ ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، "دۆسیەی زۆر هەن هەردو حکومەت باسی بکەن، لەوانە موچەی فەرمانبەران، بەتایبەت ئەو قەرزەی کە حکومەتی عێراق بۆ تەرخانکردنی موچەی فەرمانبەران دەینارد نامێنێت، بۆیە باسی ناردنی موچەی فەرمانبەران و جیاکردنەوەی لەشایستە داراییەکان دەکرێت."

سۆران عومەر وتیشی‌، ناردنی موچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ کەوتۆتەوە سەر رێککەوتنی نێوان هەرێم‌و بەغدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×