كاردانەوەكان بەرامبەر كوژرانی هیشام هاشمی.. كازمی دەڵێت: بكوژان بە سزا دەگەیەنین
  2020-07-06       1155       

تیرۆركردنی هیشام هاشمی، شرۆڤەكاری سیاسی و ئەمنیی دیاری عێراقی، لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناو مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراقیش دەڵێت: ناوبراو لەلایەن گروپێكی چەكداری دەرچو لە یاسا كوژراوەو بەڵێنی بە سزا گەیاندنی بكوژانیشی دەدات.

ئاوێنە: ئەمشەو دوشەممە، هیشام هاشمی، شرۆڤەكاری سیاسی و شارەزای ئەمنی و ستراتیژی عێراق لەبەردەم ماڵەكەی خۆیدا لە بەغدا لەلایەن چەند چەكدارێكی نەناسراوەوە تەقەی لێكراو دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق، جێنین هێنیس-پلاسخارت لە تویتێكدا رایگەیاند: کوشتنی غافڵگیرانەی دکتۆر هیشام هاشیمی توشی راچڵەکینی کردم. ئێمە بە توندی ئیدانەی ئەم کارە قێزەونە ترسنۆکانە دەکەین و داوا لە حکومەتیش دەکەم بەزوترین کات ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە بدۆزێتەوەو پەلکێشی بەردەم دادگایان بكات.

لەلای خۆیشییەوە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا نیگەرانی قوڵی سەبارەت بە كوژرانی ناوبراو دەربڕی و بە "كەنزێكی نیشتمانیی" ناوی بردو وتی: داوا لە حكومەتی عێراقی دەكەین پەلەبكات لە پێشكەشكردنی بەرپرسانی تیرۆركردنی هاشمی بە دادگا.

هەروەها نێردەی یەكێتی ئەوروپاش لە عیراق لە توێتێكدا داوای لە حكومەتی عێراق كردوە ئەنجامدەرانی تاوانەكە راپێچی بەردەم دادگا بكات.

ستیڤن هیكی، باڵیۆزی بەریتانیاش لە بەغدا، وتویەتی: هەواڵی تیرۆركردنی هاشم هیشامی زۆر ئازاری دام و عێراق ئازاترین پیاوی بیركەرەوەی خۆی لە دەستداو ناكرێت ئەو جۆرە هێرشانە بەردەوام بن و دەبێت حكومەتی عێراق بە پشتیوانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵسێت بە سزادانی تاوانكاران.

دوابەدوای ئەوەش مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا نیگەرانی خۆی بەرامبەر بە كوژرانی ئەو شرۆڤەكارە سیاسی و ئەمنییەی عێراق دەربڕی و رایگەیاند كە لەسەر دەستی گروپێكی چەكداری دەرچو لە یاسا كوژراوە.

كازمی وتوشیەتی: بەڵێن دەدەین بە دۆزینەوەی بكوژانی بۆ ئەوەی سزای دادپەروەرانە وەربگرن و رێگەش نادەین جارێكی دیكەی كردەوەكانی كوشتن بگەڕێنەوە سەر شانۆی عێراق.

پاش ئەوەش بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق، لە تویتێكدا رایگەیاند: كوشتنی هاشمی تاوانێكی قێزەونە و وتیشی: كەمترین ئەرك دۆزینەوە تاوانباران و هەواڵەكردنیان بۆ دادگا ئەوەش بۆ زامنكردنی ئاسایش و ئاشتی لە وڵاتەكەماندا.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×