بەسیاسییكردن!

مەم بورهان قانع
  2019-06-04     918
نزیكەی 2500 ساڵ لەمەوبەر، فەیلەسوفێكی گەورەی وەكو "ئەرستۆ" گوتویەتی: "مرۆڤ، بونەوەرێكی سیاسییە". واتا: سیاسەت بەشێكە لە رەفتار و كردار و ژیانی رۆژانەی هەر مرۆڤێك، بەڵام ئەمە ناكاتە ئەوەی سیاسەت دەستوەربداتە كۆی كایە جیاجیاكانی ژیان. دەبێت "سیاسەت"، لە "بەسیاسیكردن" جیابكەینەوە.

"بەسیاسییكردن"، هەمیشە لەگەڵ سیاسەتكردن دا ئامادەبونی هەیە و شۆڕبوەتەوە بۆ زۆربەی كایە جیاجیاكان، بە بڕوای بەشێكی توێژەرانی بواری زانستە سیاسییەكان، مەبەست لێی: "ئەو پڕۆسەیە، كە لەرێیەوە كایەیەك لە ئاڕاستە راستەقینە و پیشەییەكەی بەلارێدا دەبرێت و ئەم بەلارێدابردنەیش، بۆ ئەوەیە ئەو بوارە، چ زانستیی بێت، یان مێدیایی، یاخود دادوەریی، یان هونەریی... بخرێتە خزمەتی ئەجێندا و ئایدیۆلۆژیایەكی سیاسیی دیاریكراوەوە.

ئامانجی بنەڕەتیی لەم پرۆسەیەدا، بەشداریكردنە لە پارێزگاریكردن لەو سیستمەی حكومڕانە، ئەمەیش بەخۆگونجاندن بەپێی ئامانجەكانی سیستمەكە و مەرجیش نییە هەمیشە ئەم پڕۆسەیە لەلایەن دەسەڵاتەوە ئەنجامبدرێت، بەڵكو دەشێ‌ چەندین هێزی دیكەی سیاسیی و كارەكتەری سیاسیی هەبن لەدەرەوەی دەسەڵاتیش بن،  بەڵام ئەوانیش بەشداریی لەم پڕۆسەیەدا بكەن و كایەیەك لە كایەكان بەسیاسیی بكەن، بە تایبەتی ئەوەی كە لە مێدیادا بە زەقیی دەبینرێت و مێدیا لە ئەركە پیشەییە راستەقینەكەی خاڵیدەكاتەوە.

لە كتێبی "شەڕەقسە"ی دكتۆر "مەئمون فەندی"دا، كە ساڵی 2012 وەرمگێڕاوەتە سەر زمانی كوردیی و لەدوتوێی 350 لاپەڕەی قەبارە گەورە و لەسەر ئەركی خۆم چاپمكردوە، یەكێكە لەو كتێبە ناوازانەی باسی پڕۆسەی بەسیاسیكردنی مێدیا دەكات لە جیهانی عەرەبیی دا، هەروەكچۆن ئەم بەسیاسیكردنەی مێدیا، لە هەرێمی كوردستان و تەواوی وڵاتانی ئەم ناوچەیە و تەنانەت لە ئەمریكا و وڵاتە دیموكراسییەكانی جیهانیشدا، كەمتازۆر ئامادەبونی هەیە.

دەشێ‌ سیاسەت بەشێك بێت لەژیانی هەر مرۆڤێك و مرۆڤیش بەمانا ئەرستۆییەكەی، "بونەوەرێكی سیاسیی" بێت، بەڵام ناكرێت ئەم بونەوەرە سیاسییە، رۆبچێتە نێو تەواوی كایە جیاجیاكان و بە دیوە ناشیرینەكانی سیاسەت، كایە جیاجیاكان رەنگڕێژبكات و بەسیاسییان بكات. لێگەرێن، با مێدیا بەسیاسیی نەكرێت، وەكچۆن نابێت هونەریش بەسیاسیی بكرێت، بەڵام كارەساتتر ئەوەیە دەسەڵاتەكانی بەرێوەبردنی كۆمەڵگا بەسیاسیی بكرێن.

لێگەرێن، ئەدای حكومڕانیی و حكومەتداریی بەسیاسیی نەكرێت، بەهەمانشێوە  كارەساتتر و مەترسیدارتر لەوە ئەوەیە: كاری پارلەمانیی بەسیاسیی بكرێت، هەروەكچۆن ئەم روانینە بۆ دەسەڵاتی دادوەریی-ش راستە... لێگەرێن، دادگا و كۆی كایە جیاجیاكانی تایبەت بە بەرێوەبردنی كۆمەڵگا، بەسیاسیی نەكرێن و مرڤی سیاسیی (بەمانا ئەرستۆییەكە)، ژیان بەسیاسیی نەكات و با دیوە جوان و پیشەیی و یاسایی و راستگۆییەكەی ژیان وەكو خۆی ببینین.

چەندە ناشیرینن ئەو سیاسییە  كاڵفامانەی لە مانا راستەقینەكەی سیاسەت و لە مەترسییەكانی "بەسیاسییكردن" تێناگەن، یان ئەقڵیان زۆر لەوە بچوكترە كتێبێكیان لەسەر سیاسەت خوێندبێتەوە و لەم مانا راستەقینانەی سیاسەت تێبگەن، یاخود كەمێك خوێندەوارن و خۆیانی لێ‌ گێل دەكەن. وەكچۆن دەمێكە نوسەر و شانۆنوسی بەناوبانگی ئەڵمانیی "برتۆڵد برێشت" گوتویەتی: "گلەییم لەو كەسە نییە لە حەقیقەت  تێناگات، چونكە گەمژەیە، بەڵام ئەوەی لێی تێدەگات و نكوڵیی لێ‌ دەكات، تاوانبارە".

سیاسەت، بەشێكی دانەبڕاوە لەژیانی هەریەكێكماندا، بەڵام نابێت پڕۆسەی "بەسیاسییكردن"، دیوە ناشیرینەكەی سیاسەت و مەترسییەكانی سیاسەتمان نیشانبدات. ناكرێت قسە لەسەر مێدیایەكی پیشەیی و راستگۆ و بابەتیی و بەرپرس بكەین، ئەگەر ئەم مێدیایە بەسیاسیی كرابێت. وەكچۆن ئەم بەسیاسییكردنە، بەهەمانشێوە و هەمان رادە، كاریگەریی خراپ و مەترسیداری بۆ سەر كایەكانی دیكە و بەتایبەتی هەرسێ‌ دەسەڵاتی بەرێوەبردنی كۆمەڵگا بەجێدەهێڵێت. 

كاتێك حكومڕانیی بەسیاسیی دەكرێت، یان كاری پەرلەمانیی بەسیاسیی دەكرێت، یاخود دەسەڵاتی دادوەریی بەسیاسیی دەكرێت، بەهایەك نامێنێتەوە بۆ یاسا و پێكەوەژیان و دادپەروەریی.  هەربۆیە، دەبێت لەعنەتی "بەسیاسییكردن" لە هەمو كایە جیاجیاكان دوربخرێتەوە و ئەو كارەكتەرە سیاسییانەیشی لەهەوڵی بەسیاسییكردنی كایە زیندوەكانی كۆمەڵگادان، بخرێنە زبڵدانی سیاسەتەوە. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×