سێبەری گۆڕو بەرزایی

عەزیز ڕەئوف
  2020-10-03     831
گۆڕەکان کۆمەک بەکەس ناکەن، سەرکردە کۆچکردووەکان بەردێک ناخەنە سەر دیواری ئەم ئەزموونە. باوکان منداڵەکانیان جێهێشتووەو لەسەر قەبرەکان دەگرین، بەگردەکاندا هەڵدەگەڕێن و فرمێسکی درۆ و بێ ئەوەی غوسڵ دەرکەن فاتیحا دەخوێنن. 

کۆمپانیاو پۆست و پارەکانیان جێهێشتووەو لەسەر گۆڕی مام نمایش دەکەن. لەجیاتی فاتیحای سەر گۆڕەکان، پارلەمان لەفاتیحا بپارێزن کە لەمێژە مردووە و کەس نیە بینێژێ. پارتەکەی مام تەنها پارلەمانی لەبەردەستەو پارلەمانیش لەگۆڕی مردو دەچێت دەنگی لێوە نایا. 

گۆڕی سەر گردەکان گریانی ناوێ، لەجیاتی فرمێسکی سەر گۆڕەکان بۆ ئەزموونێک بگرین کە خۆتان نابوتتان کردو هەر خۆتان واتانکرد ئەزموونی ئێمە شایەنی گریان و فاتیحا و جێهێشتن بێت.

هەموو خزمەتگوزارییەکیان کرد بەکەرتی تابیەت، تەنها سەردانی گۆڕەکان بۆ گشت. پێکەنین و ژیانی خۆش بۆ نوخبەیەکی تایبەت و گریانی سەر گۆڕەکان بۆ گشت، چونە قوتابخانە تایبەت و چوونە سەر قەبرەکان بۆ گشت، کارەبای ماڵ بۆ کەرتی تایبەت و ڕووناکی بلاجکتۆری سەر گۆڕەکان بۆ گشت.  ماچی دۆلاری سەوز بۆ کەسی تایبەت و ماچی کێلی سەر گۆڕەکان بۆ گشت.

لەسێبەری گردو گۆڕەکان سڵ بکەنەوە، سێبەری ئەو سەرکردانەی کە تەنها باوکی کوڕەکانیان بوون نەک میللەت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×