زەینەب‌و سایەو دنیای ئێمە

عەزیز ڕەئوف
  2019-06-24     2103

یەکەم: سایەو زەینەب دو ڕوی یەک دراون لەکۆمەڵگەی کوردیدا،ئەویش خۆسەرقاڵکردنە بەشتە بچوکەکانەوەو فەرامۆشکردنی خەمە گشتیەکانە. ئەم دوو دەرکەوتەیە کە یەکیان ڕوت و قوتەو ئەوەی تریان تەنها چاوی دیارە بیماری کۆمەڵگەی کوردیمان بۆ دەردەخات کە بەبەرگری لەنیقاب دەیەوێت پاکی خۆی پیشان بدات و بەهێرشکردنە سەر جەستەی سایە دەیەوێت خۆی وەک فریشتە نیشان بدات. 

لەسەدا نەوەد و پێنچی کورد موسوڵمان بێت چۆن دوو ملیۆن کەس لەگۆگڵ سێرچ دەکات بۆ بینینی جەستەی سایە کەریم؟ خەلەلێک لەسترەکتوری کۆمەڵگەی کوردیدا لە ئارادایە کە لەجەستەی ژندا بەدوای جوانی و پاکی و ڕەشت و ئەخلاقدا دەگەڕێ.

دووەم: پارتیەکی سوڵتانی لەفۆرمی وەک سوڵتانەکانی سعودیەو سەلەفیەکی مەدخەلی نێو نیقاب، خۆیان یەکتری تەواو دەکەن. سەلەفیەکان بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم دەکەن و سەرۆکی هەرێم بەئەمیر موئمنین وەسف دەکەن. ئەم دوو بەرەیە یەکتری تەواو دەکەن و شەڕێکی لەوە بچوکترە کە شەڕە گەورەکانمان بیربەرێتەوە.

سێیەم: نە ڕوتکردنەوە بێ ڕەوشتیە و نە داپۆشین ئەخلاقە. ئەخلاق بە رووتکردنەوە و داپۆشین نیە. مرۆڤەکان ئازادن چی دەپۆشن. مادام لە هەردوو بەرەکەدا چەقی مەسەلەکە جەستەیە، ئیتر ڕوتی بکەیتەوە یان دایپۆشی جیاوازییەکی ڕیشەییان نیە. لە کۆمەڵگەی ئێمەدا چاوێک هەیە لە پشتی نیقابیشەوە ژن بە ڕووتی دەبینێت. نە ڕووتبوونەوە کۆمەکمان دەکا نە داپۆشین. لە هەردوکیدا ستەمکاری سەرمایەداری و ئاین بە مەفهومی سعودی و کردەیەکی ئیسلامی سیاسی هەست پێدەکرێ.

چوارەم: پارتیەکان لە سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی پارلەمان و ئەنجومەنی دادوەری لەسەفی پێشەوەن و کەس ورتەی لێوە نایا، بەڵام نیقابپۆشێک کە دەخرێتە سەفی دواوە زۆرێک لە خەڵکی نیگەران کردووە. 

پێنجەم: ئەم هەموو قەیرانە لە وەزارەتی پەروەردەدا هەیە، لە سیستەمی پەروەردە وە بۆ خراپی پرسیارەکان، بەخستە سەفی دواوەی کچێکی نیقاب هەموو ڕەخنەکانی بیر خوێندکاران و خەڵک بردەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×