چوار پەرەگراف

عەزیز ڕەئوف
  2020-08-25     608
لە هەڵەبجەوە ئاوەکە لێڵ بکە
کە دۆخەکە نائارام بوو کە خۆپیشاندان کرا، گورج کۆی مەلەفەکانی شارەوانی بسوتێنە تا گەندەڵیەکانت ون بکەی، تا تاپۆکردنی شار لەسەر خۆت و حزبەکەت بشاریتەوە، بەمەش هەم خۆپیشاندەر تاوانبار دەکەی، هەم مەلەفەکانیش دەسوتێت. فایلی کاغەز و مەلەفی هاوڵاتی بەس لای ئێوە ماوە. عەریزەی دەسنوس لە قوتوی ئێوەدا نەبێت لای هیچ عەتارێک نەماوە، ئەگینا هەموو ئەم مەلەفانە بە هەفتەیەک دەکرێتە سەر سی دی یان فلاش میمۆری یان لە پەیجێکی ئینتەرنێتدا خەزن دەکرێ. کە هونەری حوکمڕانی نازانی، جەهلی خۆت مەخەرە سەر خۆپیشاندەری دەست سپی. فایلەکانی ئیبراهیم خەلیل خۆپیشاندەران نەیانسوتاند، کۆگاکانی چەک لە هەولێر و سلێمانی هەر خۆتان بۆ شاردنەوەی ئەو چەکانەی فرۆشتبوتان ئاگرتان تێ بەردا. ئەم دەستە کەشفە و ئەم نوکتەیە شایەنی پێکەنین نیە و هەموومان بیستومانە.

بێشکچی ئاوێکی ڕشت
ئیسماعیل بێشکچی نوسەری تورک کە بەرگری لە کورد دەکا قسەیەکی زۆر خراپی هەیە و برادەرانی ئێمە دەیڵێنەوە. بێشکچی دەڵێ: (خراپترین دەسەڵاتی کورد لە دەسەڵاتی تورک و فارس و عەرەب باشترە). ئەم قسەیە بۆ قەوارە دروستە نەک دەسەڵات و حکومەت، ئەم قسەیە خراپترین قسەی دوای ڕاپەڕینە و برادەرانی ئێمە بۆ بێدەنگکردن و ڕازیکردن دەیڵێنەوە. ئەسڵەن ئەوەی ئەم قسەیە دەکات جیاوازی لەنێوان حکومەت و قەوارەدا ناکات، قسە لەسەر قەوارەی هەرێم نیە بەڵکو مەسەلە حکومەت و دەسەڵاتێکە کە هەرگیز لە دەسەڵاتی تورک و عەرەب و فارس باشتر نیە.

فرمێسکی ژنێک
کاتێ ئافرەتێک داوای کۆمەک و یارمەتیدان دەکات و باری داراییان خراپە، ئیدی خەڵک ئامادەیە بۆ یارمەتیدان، مایەی خۆشحاڵیە کە دەسەڵات ئەم گیانی هاوکاری و بەتەنگهاتنەی لە ناو تاکی کوردا بۆ نەکوژرا. بەڵام میدیای ئێمە خەریکە دۆخەکە لێڵ دەکا. زۆرجار خەڵی شایستە بە هاوکاری و ناشایشتە تێکەڵ دەکرێ. من نازانم هاواری ژنێک بۆ یارمەتی شایستەیە یان نا، ئەوەی بۆ من مایەی تێبینیە، دەسەڵات دەیەوێ بڵێ هەژار لە وڵات نیە و حکومەت ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە. بۆمن تەنها گیانی هاوکاری و خەمی هاوبەش گرنگە و سیناریۆ و تەمسیل و دەنگەدەنگی میدیا دەڕوا و ئەوەی دەمێنێتەوە ئەو گیانە هاوکارییەیە کە شایەنی فراوانکردنە.

بەقسەی مام جەلال بکە
خوالێخۆش بوو مام جەلال لە دەزگای سەردەم وتار دەدا و شێرکۆ بێکەس لە تەنیشتەوەی وەستاوە، لە بەشێ لە قسەکانیدا مام جەلال دەڵێ( من خۆم لە پارکی ئازادی سەکۆیەک دروست دەکەم، هەموو جومعەیەک جنێودان بەمن گەردنتان ئازاد بێ). ئیدی بەقسەی مام جەلال بکەن و لە سەکۆی ئازادی خۆپیشاندان بکەن، ئەگەر وەک زاخۆ بکەن بە گوللە وڵام دەدرێنەوە، چونکە برایم خەلیل دەخیلەکەی پارتیە، خۆپیشاندان لەبەردەم دەخیلە شایەنی گوللەیە، بەڵام خۆپیشاندان لە پارکی ئازادی سلێمانی لە هاویشتنی چەند دەبە ئاوێک تێپەڕ ناکا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×