یاسای لێبوردنی گشتی.. پوچکردنەوەی دەسەڵاتی دادوەریی‌و شکاندنی شکۆیی دادپەروەرییە!

کامەران قازی
  2019-05-01     1011
چەپکێک بۆسەر خەرمانی (گەنجینەی نەتەوەیی کورد)

پێناسەی یاسا: بریتیە لەسیستەمی دەستورەکان کە بەهۆی دامەزراوە کۆمەڵایەتی یا حوکومییەکانەوە دادەڕێژرێن و جێبەجێ دەکرێن بۆ ڕێکخستنی ڕەفتار*.
کۆمەڵگای یاسایی: بەمانای دەوڵەتی یاسا، کە لەوێدا دەوڵەت لەڕێگای دارشتنی بێلایەنانەی یاساکانەوە ، ئاسایشی یاسایی و دادپەروەریی پێشکەش بە هاوڵاتییەکانی دەکات.
لێرەدا کۆمەڵگا و حوکومەت، بە ڕایەڵێکی نادیار کە پاشان لە ڕەفتارکردنی هاوڵاتی و جێبەجێکردنی یاساکاندا دەردەکەوێت، پێکەوە بەستراونەتەوە کە ئەویش یاساکانن. دامەزراوە کۆمەڵایەتی و لە ناویاندا گرنگترینیان کە حوکومەتە، بۆ ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان، کۆمەڵێک یاسا جێبەجێ دەکەن کە ڕەفتاریی هاوڵاتیان لە بەرکەوتنی ڕۆژانەیاندا لەگەڵ یەکتردا و لەگەڵ حوکومەتیشدا، ڕێک دەخات.
بۆ دانانی یاساکان دامەزراوەیەک دەبێت هەبێت، کە لە دنیای ئێستادا، پەرلەمانەکان ئەم دامەزراوەی یاسا دانانە پێک دەهێنن و بۆ جێبەجێکردنی یاساکانیش دەبێت دامەزراوەیەک هەبێت کە لە دنیای ئێستادا، حوکومەتەکان جێبەجێکاری یاساکانن، کە لە ڕێگای  دامەزراوەکانیی دادوەریی و پۆلیسەوە، ڕەفتاری ناو کۆمەڵگا بە پێی یاساکان ڕێکدەخەن و چاودێری دەکەن و لە حاڵەتی کردنی ڕەفتارێکدا کە ئارامی کۆمەڵگا یا تاکی کۆمەڵگا بشێوێنێ، بەپێی یاسا  کاردانەوەیان دەبێت.
کەواتە هاوڵاتی بە هۆی یاساکانە وە و جێبەجێکردنی یاساکانەوە بەردەوام بە حکومەتەوە بەستراوەتەوە، لە کۆمەڵگا دامەزراوەییەکاندا، ئەو کۆمەڵگایانەی یاسا سەروەرە، هاوڵاتی لەهەموو شوێنێک، یاسا دەبینێت، هەستی پێ دەکات و لەمسی دەکات، جا ئەگەر لەو حاڵەتەدا بێت کە خۆی خەریکە یاسا جێبەجێ دەکات، یاخود  بینینی حکومەت، کاتێ یاسا لەسەر ڕەفتارێکی نەگونجاو جێبەجێ دەکات.
بە نمونە: لە پەڕینەوەدا، دوو گڵۆپ هەیە بۆ ڕیبواران، پاسکیل سوارەکان و سێ گڵۆپ بۆ ئۆتۆمۆبیلەکان، یاسا ڕیگەی داوە بە پاسکیل سوارەکان کە لە کاتێکدا گڵۆپی سەر جادەی ئەمان بۆ ئۆتۆمۆبیلەکان سوورە، بپەڕنەوە، بەڵام ڕێگەی بە ڕێبواران نەداوە لەسەر هەمان جادە لەگەڵ پاسکیل سوارەکاندا بپەڕنەوە، لە حاڵێکدا کە هەم ڕێبوارەکان و هەم پاسکیل سوارەکان ڕیگای پەڕینەوەیان هەمان ‌هێڵی پەڕینەوەیە. ئەمە بۆ پارێزگاری لە گیانی ڕێبوارانی پیادەیە و تێك نەدانی نەزمی هاتووچۆیە، چونکە ژمارەی ڕێبوارەکان زیاترن و ڕێکردنیان خاوترە، بەڵام ژمارەی پاسکیل سوارەکان کەمترن و پاسکیل سواریش لە ڕۆشتندا لە پیادە خێراترە.
ڕێبوارێک ئەگەر ئەم نەزمەی تێکدا، مانای یاسایەکی شکاندووە، حوکومەت دەبێت سزای بدات و سزادانی ڕەوایە، چاودێری و جێبەجێکردنی یاسا لە لایەن حوکومەت و خەڵکەوە ئەرکە و لادان لێی شایستەی سزا دانە.
کەواتە یاسا ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە ڕەفارەوە و ڕەفتاریش بەستراوەتەوە بە گیاندارەکانەوە، لە ناویاندا مرۆڤ، کە ئێستا مرۆڤ سەرەڕای پەروەردەکردنی خۆی، هەوڵی داوە گیاندارەکانی تریش پەروەردەبکات، بۆئەمەش یاسا و ڕیسای تایبەتی پاراستنی مافیان و ستەم نەکردن لێیانی داڕشتووە.
کۆمەڵگا یاساییەکان، بۆ پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتی، پاراستنی ئەو ژینگەیەی تێیدا دەژی، کاری تێدا دەکات و تێیدا دەخوێنێ یا مامەڵەیەکی تێدا ئەنجام دەدات، یاسا و ڕێسای داناوە، ئەمە لە بەرزترین دەسەڵاتی یاسا دانانەوە تا بەرزترین و نزمترین دەسەڵاتی جێبەجێ کردنی یاسا کە فەرمانکارێکە ، بەرامبەری لێپرسراون و چاودێریی دەکرێن، بۆ ڕێگرتن لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لە پێشێل کردنی مافێکی هاوڵاتیدا. دامودەزگای جێبەجێکار و یاسادانانیش، لێپرسینەوەیان لێ دەکرێت و سزا دەدرێن بەپێی یاسا، بەو مانایەی کە هەموو کەس بەرامبەر یاسا لێپرسراوە، جا یاسا دانەر بێت یا جێبەجێ کاریی یاسا.
یاسا لە پرۆسەی جێبەجێکردنیدا دەگاتە ئەنجامێک، کە ئەو ئەنجامە پاش گەیشتنی بە پلەی کۆتایی، قابیلی ڕەتکردنەوە و گۆڕانکاریی و کەم و زیاد کردن نییە و هەموو هاوڵاتییان، بێ ڕەچاوکردنی پلەی کۆمەڵایەتییان، 
لە بەرامبەریدا یەکسانن. واتە هیچ دەسەڵاتێک ئەو ئیمتیازەی نییە، کە بڕیاری دادگا بقرتێنی و دەسکاری بکات یا بڕیاریک بە پێچەوانەی بڕیاری دادگاوە بدات، ئەمەش بریتیە لە سزای تاوانێک کە ئەنجامدراوە.

کەواتە سزا لەیاسادا بریتییە: لە لێکەوتە یاساییەکانی تاوانێکی ئەنجام دراو. 
لە ئاینیشدا بریتییە لە لێکەوتەکانی گوناهێکی ئەنجام دراو( سزای یەزدانیی). 
                
                
یاسای لێبووردنی گشتی: کورد دەخاتەوە یادی ئەو دەربڕین و گوزارشتانەی کە لە زەمانی ستەم و سەردەمی رەگەزپەرستیی بەعسدا بۆ کوردیان دەردەکرد وەک ڕەحم و میهرەبانیی ( سید القائد) ی ئەوسای عێراق. چونکە لە ڕوانینی ئەو دەسەڵاتانەی بەشێک لە کوردستانیان داگیرکردووە، کورد بوون خۆی تاوانە، بۆیە ناوبەناو لێبووردنی گشتیان بۆ دەردەکرد/ دەردەکەن.

ئەگەر تاکێکی نەتەوەی سەردەست لەو وڵاتەنەدا کە بەشێک لە کوردستانیان داگیرکردووە، تاوانێک بکات و نیشانەیەکی پرسیاری لەسەر بێت، ئەوا بۆ تاکێکی کورد کە هەڵەیەک ئەنجام دەدا لەو وڵاتانەدا، چەند نیشانەی پرسیاری لەسەرە و چەندین گومان دەوری دەدەن کە یەکێکیان کورد بوونە، ئێمە باشترین ڕۆڵەکانمان بە گومانی بێ بنەما، ئێستا بەلایەنی کەمەوە لە سێ پارچەی نیشتمانە داگیر کراوەکەماندا، یا وان لە ژوورە تاریکەکانی دەسەڵاتەکانیاندا یان لە سێدارە دراون.

چۆن دەبێت دەزگای یاسادانانی میللەتێکی ستەم دیدەی وەک کورد، کە ئازاری کوردبوون و ژیان وەک کورد، تاسەر ئێسکەکانی و ناو قوڵایی ڕۆحی ڕۆچوون، هەمان وشە و دەستەواژەی ستەمکاران، ئەوانەی ئەنفالەکان و هەڵەبجە و فرمانەکانیان لە پارچە داگیرکراوەکاندا ئەنجام دا/ ئەنجام دەدەن، دووبارە بکاتەوە و شانازیشی پێوە بکات؟!!


ئەگەر دەزگایەک بە داتاشینی یاسا بەباڵای کەسایەتییەکدا و پلەیەکی دیاری کراودا بۆ ڕازی کردنی، یاسای ئاوا ناقۆڵا دابڕێژێ، دەبێت لەلایەن گەلەوە بخرێتە ژێر پرسیار و لێکۆڵینەوەوە، پێدانی دەسەڵات بە کەسێک لەژێر هەر ناو لە هەر پلەیەکدا بێت، پوچکردنەوەی دەسەڵاتی دادپەروەری و شکاندنی شکۆیی دادپەروەرییە و نەگونجان و نادروست بوونی ئەو یاسایەیە. 

چونکە ئامارەکان ئەوە نیشان دەدەن کە نە ئەو لێبووردنە و نە ڕاهێنانەوەی تاوانباران، نەیان توانییوە کاریگەریان لە چاکبوونی ڕەفتاری تاوانبارانی ئازادکراودا بەر لە وادەی خۆیان بوو بێت. ڕاهێنانەوەی تاوانباران، بەتایبەت تاوانی کوشتن دەبێت زۆر لایەنی ژیانی ئەو کەسە بگرێتەوە و لەگەڵ یەکەم ڕۆژی زندانییەوە بەپێی بەرنامەیەکی ورد و تایبەت و گونجاو لەگەڵ هەر تاوانبارێکدا، دەست پێ بکات و پاش ئازاد بوونیشی درێژەی هەبێت و چاودێری و ڕاهێنانەکە دەبێت بە چڕی بەردەوام بێت. ئەم یاسایە لە باشووری کوردستان ئەنجامی پێچەوانەی  
بووە، چونکە هەم یاساکە و هەم ئەو بەرنامەی ڕاهێنانەوەیە، نەگونجا و نادروستن.

تاوانباری ئازاد کراو، بەتایبەت تاوانی کوشتن، تا مردن، قورسایی تەرمێک، لە ڕۆحیدا فشار دەخاتە سەر دەروونی و تووشی سترێس و تووڕەیی و دڕێتی دەکات. ئەگەر وەک پێویست زەمینەی ژیانێکی بۆ ئامادە و
 ساز نەکرێت، ئەوا دەشێ لەهەر ساتێکی هەڵجوون و نائارامیی دەروونییدا، تاوانەکەی دووبارە بکاتەوە و ڕەنگە خراپتریش، وەک ئەوەی لە قەرەباڵغیەکدا بەهەر هۆیەک چەک بەکار بێنێت و زیاتر لە کەسێکی تر بکوژێت، ڕووداوی ئاواش بووە و ڕوویانداوە.

هەنگاوی یەکەمی کەمکردنەوەی تاوان، بەرگرتنێتی بەر لە ڕوودانی، واتە نەهێشتنی زەمینەی تاوان، کە ئەمەش سەراپای ژیانی تاکەکانی کۆمەڵ دەگرێتەوە، کە ئەرکی حوکومەتە ژیانێکی وای بۆ ئامادە بکات، هەست بە ئینسان بوونی خۆی و ڕۆڵی خۆی بکات، لەناو کۆمەڵگادا. 

چونکە تاوانبار بە دوو هۆ تاوانەکەی دووبارە دەکاتەوە:

یەکێکیان بۆ خۆڕزگارکردن لە پەستانی دەروونی بەهۆی تاوانی یەکەمەوە ( بە تێگەیشتنی خۆی). 

دووەمیان بۆ سەرپێچی لە سیستمەی داد کە ئەمەیان بە ئاشکرا و لە میدیاکانەوە تاوانبارانی باشووری کوردستان شانازی پێوە دەکەن.

بۆچی تاوانباران سزا دەدرێن؟

یەکێک لە هۆکان ڕەنگە ئەوە بێت کە کەسانی تری پێ چاوترسێن بکرێن کە تاوان نەکەن تا  بە نمونە: نەچنە زیندانەوە. هەروەها ڕێگرتن لەوەی کە تاوانبارانی کۆن / نوێ، جارێکی تر تاوانەکەیان دووپات نەکەنەوە.

یاسای لێبووردنی گشتی: دەبێت لە لایەن دادوەران و پارێزەران و یاسا ناسانەوە، بە توندی ڕەتبکرێتەوە و مافی ئەوان و ماندوو بوونی ئەوان بۆ چاککردنی کۆمەڵگا نەکرێنە مایەی گاڵتە و گەپ، هیچ لۆجیکێک لەوەدا نییە کە کات و ماندوویی و پارەی خەڵک، لە دادگایی کردنێکدا بە هەدەر بدرێت، ئەگەر یاسای لێبووردنی گشتی نا قۆڵا، بەبۆنەی یەکێک لە جەژنەکانەوە، یا بۆنەیەکی دیاری کراوەوە!! تاوانباران مەرەخەس بکات و بەم کارەش ئارامی گەل بشیوێنێ و پشووی کۆمەڵایەتی دروست بکات. 

ئێمە نازانین ڕۆڵی ئەو سەدان و ڕەنگە هەزاران کۆمەڵە مەدەنیانە کە لە باشوورهەن چییە؟!! 
ئەگەر نەتوانن ڕای گشتی بۆ سەپاندن یان ڕەتکردنەوەی بڕیارێک، دروست بکەن. 

چارەسەری عەشایەری:

یەکێک لە ڕێگا هەر دواکەوتووەکانی ناوچەکانی لە حاڵی نووستندا، پەنا بردنە بۆ جۆرێک لە ڕێکەوتن بەرامبەر بە تاوانێک کە ئەنجامدراوە، ئەم جۆرە ڕەفتارە مێژوویەکی خراپی لە ناو کۆمەڵی کوردەواریدا هەیە ، کە لە حەفتاکان بەرەو ژوورتا ڕاپەڕین نزیکەی بەرەو لەناوچوون چوو بوو، ئەو بیست ساڵەی کە بەسەردەمێکی زێڕین دادەنرێت لە ڕووی فەرهەنگییەوە و وشیاری خەڵک و گەڕانەوە بۆ نەتەوە و سەر بە نەتەوە بوون، کە لە پاش ڕاپەڕین و ئەو کارەساتانەی کە بینیمان و تێیدا ژیاین، بە قوڵی کار لەسەر ئەم بەشە لە نەستی خەڵک کرا بۆ نامۆ بوون، دەزگای زەبەلاح بە تێچوونی بڕی پارەی خەیاڵییەوە، بۆ ئەم مەبەستە نا جوامێرانەیە خرانە گەڕ و پشتیوانیان لێکرا، کە ڕەواج بە کلتوری بێگانە بدەن، بەتایبەت کلتوری ئەو نەتەوانەی بەشێک لە نیشتمانی کوردیان داگیر کردووە. شێواندنی زمان و داب و نەرێتی کوردەواری و لاوازکردنی کەسایەتی لاوانی کورد یەکێک لەو ئامانجانە بوون کە ئەم دەزگایانە نیشانەیان لێ گرتەوە. 

تەنانەت بەوەوە نەوەستان کە فیلم و سریال و بەرنامەی بازاڕیی زۆر ئاست نزم، دیلمانجی کوردییەکی سەقت و شێواو بکەن، بەڵکو کەسانێکیان بە ناوی هونەرمەندەوە، هێنایە شارەکانی باشوور، کە لەناو خەڵکی خۆیاندا قێزە وون و بەد ناویشن و وەک کەسایەتی بەلاوانی ئەم نیشتمانە داماوەیان ناساندن، کە دەروونی زۆر لە کچان و کوڕانی باشووریان شیواندن و تەنانەت کاریگەرییان لەسەر پەیوەندەییە کۆمەڵایەتییەکانیش کرد. 


ئەم ڕێگا چارەی عەشایرییەش، دوو هۆی هەیە: 
بڕوا نەبوون بە دادگاکانی کوردستان و متمانە نەکردن بە بڕیاری دادگا کە لە وێدا، داد پەروەریی  ڕەچاوبکرێت و ماف بۆ قوربانی بگەڕێتەوە، چونکە ئەگەر سیستەمێکی کارای دادوەریی لە باشوور هەبایە، ڕێگای بە ڕەفتارێکی وا نەدەدا، چونکە ( مافی گشتی ) ئەو کەسایەتییەیە کەئەگەر چالاک بێت، لە حاڵەتی بەخشینی تاوانباریشدا، لە لایەن قوربانییەکەوە یا نوێنەرەکانییەوە، ئەوا مافی گشتی بۆ پیادەکردنی یاسا، لێ پێچینەوە لە تاوانکار دەکات و بۆ ڕێگرتن لە دروست بوونی پشێوی و سەلماندنی دادپەروەریی ڕێگە بە بکوژێک نادرێت، بێ چەشتنی سزا، وەک مەترسییەکی شارراوە، هەر ڕۆژەی لە سوچێکەوە دەست بوەشێنێ.

ڕەواجدان بە عەشیرەت بۆ بێهێزکردنی نەتەوە و پارچەکردنی زیاتری لە ناو خۆیدا، بە جۆرێک کە کەسەکان هەست بەوەبکەن کە سەر بە فڵان عەشیرەتن، نەک نەتەوەیەک، دەنا فیستیڤاڵ بۆ فەرهەنگ و کلتوری نەتەوەیەک دەگیرێ و پارەی تێدا سەرف دەکرێت، نەک فڵان و فیسار عەشیرەت، ئەمە جگە لەوەی نیشانەیەکی بەرەوداوە چوونە، پلانێکی ژاراوی کوشندەشە بۆ لێدان لە یەکێتی نەتەوەییمان. 

لە کۆتایدا دەمەوێ ئاماژە بەوە بکەم، هێمای ( دادپەروەری لە زوربەی وڵاتانی جیهاندا) بریتییە لە پەیکەری خانمێک ( بەناوی خانم دادپەروەر، لاتینییەکەی دەبێتە: Iustitia  یوستیشە Lady Justice- لەیدی جەستس- 

کە بەرجەستەکردنی دەسەڵاتی ئیجباری دادگایە: شمشیریک ئاماژە بە دەسەڵاتی دەوڵەت، تەرازویەک ئاماژە بە دادپەروەری و چاوبەستێک وەک ئاماژە بۆ بێلایەنی دادگا. 

لە میپیۆلۆجیای خودای دادپەروەریی ڕۆمانییەوە وەرگیراوە کە بەرامبەرە بە میپۆلۆجیای یۆنانی دایک Dike 
( ئەم وشەیە چەندە شیرین لەگەڵ ناو و کەسایەتی و ڕەفتاری دایکی کورد دێتەوە، کە دایکی کورد دادپەروەر و مهیرەبان لەناو خێزاندا ڕەفتار دەکات)



سەرنج :

لە سوید سزای تاوان ئەنجامدانی ٣/٢ ی ئەو ماوەیەیە کە بڕیاری سزاکە دیاری دەکات، بەڵام لە کاتی دووبارەکردنەوەی تاوانەکەدا، ئەو ماوە بەخشراوەش دەخرێتەوە سەر سزا نوێیەکەی. 

ئەمانە بۆ زانیاری و تا ڕادەیەک سوود وەرگرتنە و بۆ کۆپی کردن ناشێن. یەکێک لە هۆکانی کەمکردنەوەی تاوان، کۆکردنەوەی ئەو چەکە زۆرەیە کە لەلای خەڵکە و سزای توندی قاچاخچییەکانی چەکە، واتە ئەمە یەکێک لە ڕێگاکانی بەرگرتنە لە تاوان بەر لە ڕوودانی.



 * (Law: is a system of rules that are created and enforced through social or governmental       institutions to regulate behavior).
 
سەچاوەکان:
https://www.regeringen.se/  ) سایتی حوکومەتی سوید)
https://www.regeringen.se/sveriges-regering/justitiedepartementet/ (وەزارەتی دادی سوید)
https://www.bra.se/ (Brottsförebyggande Råd för framtiden) (کۆمیتەی بەرگرتن لە تاوان)
https://www.kriminalvarden.se  (چاودێری تاوانباران)
کتێبی (Juridik för Tolker ) پەیمانگای وەرگێڕان لە زانستگەی ستۆکهۆڵم ساڵی ٢٠١٦ نووسینی 
بریتماری مۆرتێنسۆن




 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×