دامەزراندنی (گەنجینەی نەتەوەیی کورد)

کامەران قازی
  2019-04-09     1153
هاونیشتمانیانی ئازیزم، کوردستانیانی نیشتمانپەروەر،  سڵاو و ڕێزی بێپایانم بۆتان
لەمێژە خەبات دەکەن و ماڵوێرانی و دەربەدەری زۆرتان بینی و تاڵی فرە و شیرینی کەمتان چێشت، ئەمە بانگاوازێکی نەتەوەیی سەرتاسەرییە، بۆ هەموو کوردێک، لەهەر کوێیەک بێت و هەر پلە و مەقام و پیشەیەکی هەبێت، نەتەوە لە تاکەکانی پێک دێت و سوپاس بۆ خوا، تاکەکان ڕەنگاوڕەنگن، بۆ ئەوەی نەتەوەیەکی چالاک پێک بێنن، چالاکی و بزوتن لە هەمە ڕەنگی و هەمە فکری و بۆچوونی جیاوازماندایە، ئەوە نیعمەتێکی گەورەیە کە هەموومان یەک ڕەنگ و یەک ئاڕاستە نابزوێین، ئەگەر وا بووینایە، دەبووینە مەکینەیەک کە تەنها یەک بەرهەمی فکری و ڕەفتاریمان دەبوو، کۆمەڵگاکەمان لە بزوتن و بەرەو پێشەوە چوون و گەشەی فکری و زانستی و ڕەفتاریی دەکەوت. 
گەنجینەی نەتەوەیی، پاراستن و کۆکردنەوە و لێکۆڵینەوەی کلتورەکەمانە، بەهەموو باشی و نادروستییەکانییەوە، هەمووتان دەتوانن زۆر هۆ بۆ نەگەیشتنمان بە ئامانجەکانمان  دەست نیشان بکەن و ئەوە خۆی نیشانەیەکی زۆر باشە، مانای ئەوەیە هێشتا زیندووین و دەمانەوێ گۆڕانکاری دروست بکەین، دەست لەسەر زامەکان دانان، سەرەتای چارەسەرە.
ئەم بانگەوازە لە ئێستادا بۆ تاکە، واتە پڕۆژەیەکی هەر یەک لە ئێمەیە کە هەست بە ئازارەکە دەکەین، هیچ کۆمەڵ و کەسایەتی و دەوڵەت و لایەنێکی لە پشتەوە نییە، چوونکە کەس داوای هاوبەشی کردنتان لێ ناکات، بە بەرژەوەندی لایەن و کەس و دەستەیەک. 
پڕۆژەیەکی نەتەوەیی سەرتاسەرییە، کە تۆ و من و ئەو و ئەوانی تر، بەشێکی ئەم پرۆژەیەین، بەهەر جۆرێک و لەهەر حاڵ و بوورێکدا دەتوانیت و بەپێی توانا و ئارەزو و سەلیقەی خۆت، دەست بە کۆکردنەوە و پاراستنی کلتورەکەت بکە، لە نووسین و کتێب و بەڵگە و زمان، وشەیەکی نوێت بیست، یادداشتی بکە، گۆشەیەک لە ماڵەکەت تەرخان بکە بۆ ئەو بوارە، دۆڵابێک، جامخانەیەک، سندوقێک بۆ ئەم مەبەستە دیاری بکە و لەسەری بنووسە ( بەشێک لە گەنجینەی نەتەوەی کورد)، ڕێزی بگرە بەوەی کە کلتوری نەتەوەکەتی تێدا دەپارێزیت، جامێک سوراحییەک، دەبەیەکی ئاو خواردنەوە، پاکەتێکی بچوک، یا هەر شتێکی تر، تەرخان بکە بۆ کۆکردنەوەی ئەو وردە پارانەی لە گیرفانتان و ڕەنگە لێشیان بێزار بووبیت، ئەمە ناو بنێ ( بانکی نەتەوەیی کورد)، لەو بانقەدا، جاروبار، لە بۆنەکاندا، لە جەژنەکاندا، لە یادی زەماوەندی خۆت و هاوسەرەکەتدا و لە دایک بوونی منداڵەکانتاندا، شتێک پارەی تێ بخە، بە نییەتی یارمەتی دانی منداڵیک، لەهەر کوێرە دێیەکی کوردستانی گەورەدا، مەیدە بەکەس، کەس داوات لێناکات، وەک بەشیک لە پرۆژە کلتورییەکت، هەڵی بگرە، بۆ ڕۆژی پێویست، دڵنیابە کە پارەیەکی کەم لە ڕۆژی خۆیدا بۆ پێشخستنی نەتەوەکەت، بەسوود و بەرهەمی دەبێت.
بۆ باشتر کردن و گەشەپێدانی پڕۆژەکە، ئەگەر دەتوانی لەسەری بنووسە، لێکۆڵینەوەی لەسەر بکە، وەک بابەتێکی یەکتربینینەکانتان باس و خوازی لەسەر بکەن و پێشنیازیی باشتر بوونی پڕۆژەکە بۆ یەکتر بکەن.
بەهیوای ئەوەی کە پشتیوانی ئەم بانگەوازە بکەیت و بڵاوی بکەیتەوە و هەنگاوی یەکەم لە خۆتەوە دەست پێ بکە و با سەرەتای پڕۆژەکەت بە خوێندنەوەی ئەم بانگەوازە و لێکۆڵینەوە و گێڕانەوەی بێت، بۆ کەسوکار و هاوڕێکانت.
ڕێگایەکی هەزار میلی بە هەنگاوی یەکەم دەست پێدەکات. ئەوەش بۆ سوودی هەمووانە و هەموومان تێیدا هاوبەشین، پیرۆز و شایستەی ئەوەیە ڕێزی بگرین و بەدەنگییەوە بچین.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×