پێکەوەژیانی گەلان

کامەران قازی
  2021-02-05     461

چەپێک بۆسەر خەرمانەی( گەنجینەی نەتەوەیی کورد). ژمارەیەک ئاوێنەی گفتوگۆی ڕۆژانەیە بۆ پرسیارە کوردستانییەکان.- ئاوێنەی چوارەم:

سڵاوێکی کوردستانی، پێکەوەژیانی گەلان بە شێوە گشتییەکەی ئەرکی مرۆڤ بوونی ئێمەیە، بەڵام لەئێستای ئێمەدا، ئەرکێکی گرنگترمان ھەیە کە: ھەوڵدانە بۆ ڕزگاریی نیشتمان و نەتەوەکەمان، تا بتوانین بە ئازادی خزمەتی پێکەوە ژیان بکەین.
ئێمە کە ڕزگار و ئازاد نەبین، چۆن دەتوانین، تواناکانمان بەو شێوەیە پیشان بدەین کە مرۆڤایەتی لە تواناکانمان، سوومەند بێت؟!
ڕزگارکردنی نەتەوە دابەش و داگیرکراوەکان، لوتکەی تێکۆشانێکی شەرافەتمەندانە و ئینسانییە، بۆ خزمەت کردن بە مرۆڤایەتی و  بەدیھێنانی ئاشتی.
چەند کاری بنچینەیی ھەیە کە دەبێت، ڕێنمای ڕێگای تێکۆشانمان بێت:
-  خەباتی ئێمە، بۆ دروستکردن و بەرھەم ھێنانی ئاشتی و ئازادییە، کە دوو بنەمای سەرەکی پێکەوەژیانی نەتەوەکانن.
-  گەلانی سەردەست لە کوردستانی نیشتمانی ئێمەدا، ناتوانن، ھاوبەش و کەسی ئێمە بن، چوونکە پێوانەکە ھەڵەیە و بەرھەمی ھەڵەی دەبێت.
-  بە ھیچ جۆرێک، کورد نابێ، گەلانی سەردەست لەکوردستاندا، تێکەڵ بە مەسەلەکەی خۆی بکات لە ڕووەکانی:
   ئەلف: سەربازی
   بێ: ئابووری
   پێ: سیاسی
   تێ: کۆمەڵایەتی
  جیم: کلتووری( فەرھەنگی)، کە گرنگترین ڕۆڵ دەبینێت، لە درێژەدان بە داگیرکردنی نیشتمانیی ئیمەدا.
 ڕەواجدان بە فەرھەنگی نەتەوە سەردەستەکان، بە تایبەتی لە ڕووی زمان و ھونەری مۆسیقا و سینەماوە کە ئەمڕۆ بڵاوترین ھۆی کاریگەرن، لە جەنگە دەروونییکەدا بۆ سەر بیروھۆشی لاوانی نەتەوەی بندەست، ھاوبەشیکردنە لەو جەنگەدا، دژ بە نەتەوەی خۆت و بەقازانجی داگیرکەرانە!!.
-  ئەحمەد کایا، پاش چل ساڵ، خزمەت کردن بە مۆسیقای تورکی، ژیوان بوویەوە و باسی ڕەنج بەخەساریی خۆی ڕاگەیاند*بۆ ئەو خزمەتەی بە تورکی کردووە.
-  ئەو، ناڕاستەوخۆ پێی وتین: ھاوبەش مەبن، لە بچوککردنەوە و سوکایەتی کردن بە فەرھەنگی نەتەوەی خۆتاندا، دوژمن کە ستایشت دەکات، ستایشی خزمەتکردنەکەت دەکات بە زمان و فەرھەنگی خۆی، خەڵاتت دەکات، تا پێت بڵێ: تۆ بۆیە گەورە بوویت، ناوبانگت ھەیە، چەپڵەت بۆ لێدەدرێ و گوڵباران دەکرێیت، چوونکە پشتت کردە خەڵک و کلتووری خۆت و بەزمان و کلتووری من ناسنامەیەکت بۆخۆت دۆزییەوە.
پاراستنی کەمەنەتەوەکانی کوردستان، ئەرکمانە، ئەوان میللەتی سەردەست نین، کوردستانی و ھاوژیان و تێکۆشانی ئێمە بوون، ئێمە و ئەوان لە ژێر مەترسی لەناوچوونداین، بەڵام نەتەوەی سەردەستی براگەورە و داگیرکەر، ھەرگیز کەسی ئێمە نییە و نەبووە، دێمەوە سەری لە نووسینێکی تایبەتدا.
تێکۆشانی ئێمە، لەسەر خاکی خۆمانە و بەرگرییە لە مافی مرۆڤ، ژینگەی مرۆڤ، ئاشتی مرۆڤ و شەریفترین ھەوڵدانی ئینسانییە، کە نابێت بۆ یەک سات لێی غافڵ بین.
ھیچ بنەمایەکی فەلسەفی، زانستی و ئاینی، نابێت، پێش بیرکردنەوەی ئازادیی نەتەوە بخرێت، ئەگەر لە خزمەتی بەدیھێنانی ئازادیدا نەبێت، بۆ نەتەوە داگیرکراوەکەمان.


سەرنج:
ئەم ھونەرکارە مەزنە، خەمی بێوڵاتیی، ژانی ژێردەستیی نەتەوەکەی خۆی، لە گۆرانییەکانیدا، ھاوار دەکرد، بەڵام ئەو کاتەی ڕایگەیاند، کە ئەو کوردە و دەیەوێت گۆرانییەکی کوردی لە ئەلبوومە نوێیەکەیدا بڵاوبکاتەوە، ئەم قسانەی بە تورکی کرد، ئیتر جامی غەزەبی بەسەردا ڕژا و لێیان قەبوڵ نەکرد، پاش کۆچی دوایی لە غوربەتدا، گەورەترین خەڵاتیان پێدا، چوونکە، لە بیرکردنەوەی فاشستیانەی ڕژێمی ئێستای تورکدا: باشترین کورد، کوردێکی مردووە، ئەگەر چی ئەوکەسە ئەحمەد کایاش بێت، کە ساڵانێکی زۆر خزمەتی بە زمانی تورکی کرد!!.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×