سەری (ئوردوگان سەرانوێلکی مێژوی سوڵتانی ئالی عوسمان

کامەران قازی
  2019-03-05     367
ئەم پیاوە خەڵەفاوە دەڵێ: "كوردستان له‌باكوری عێراقه‌. ئه‌گه‌ر زۆریان خۆشده‌وێت با بچنه‌ ئه‌وێ. له‌وڵاتی مندا خۆرهه‌ڵاتی ئانادۆڵ هه‌یه‌، له‌وڵاته‌كه‌ی مندا باشوری خۆرهه‌ڵاتی ئانادۆڵ هه‌یه‌. له‌وڵاته‌كه‌ی مندا ده‌ریای ڕه‌ش هه‌یه‌. له‌وڵاته‌كه‌ی مندا ده‌ریای ناوه‌ڕاست هه‌یه‌. له‌وڵاته‌كه‌ی مندا ناوه‌ڕاستی ئانادۆڵ، ئیجه‌، مارمارا هه‌یه‌، به‌ڵام ناوچه‌یه‌ك نییه‌ به‌ناوی كوردستان. هه‌رگیز ڕێگه‌مان به‌و دابه‌شكارییه‌ نه‌داوه‌ و ڕێگه‌یشی پێ ناده‌ین." لەسایتی – ئاوێنەوە* 

لەم وشە ڕیزکراوانەیدا کە فەنتازیایەکی فرەی بەکار هێناوە، هەوڵی داوە وەک خەیاڵی پڵاوی پێی خۆشە جوگرافیا وێنە بکێشێ بەڵام سەرکەوتوو نەبووە، ڕاستییەکی درکاندووە وەلێ بەشێواوی، چونکە بیری شێواوی نەیتوانییەوە وشەکان لەجێگای خۆیاندا دابنێ: " کوردستان لەباکوری عێراقە" بەڵێ ڕاست دەکەیت، بەڵام وشەکانت بۆ دەخەمەوە جێگای خۆی چونکە باسی کوردستانە: باکوری عێراق باشووری کوردستانە.

ستەمکارانی خەڵەفاوی مێژوو گەلێک جاران لەم ترازانەی زمانیان لێ ڕوودەدات، ئاساییە.
مەعین بەسیسۆ، شاعیری بەهەڵوێستی فەلەستینی لەشیعرێکیدا باسی مێژووی وڵاتانی عەرەب دەکات و دەڵێ:

-چەند قیم لەو کەسەیە، یەکەم وانەی مێژووی فێرکردم
سەڵاحەدین سەرکەوت، وتیان پاڵەوانێکی عەرەبە!!
ئەگەر ژێر بکەوتبایە، دەیان گوت
سیخورێکی کورد بوو!

مێژو لەڕۆژهەڵاتی زەوی ئاوا دەنوسرێتەوە، ڕاستییەکان ئاوەژوو پیشان دەدات، چەکل دەبێتە پاڵەوان و زانا زەلیلکراو، سوڵتان فریشتەیەو گەلان جیاوازیخواز، ئەو هەموو ڕاستییەکانەو میللەتان سەرلێ شیواو، ئۆردوگانیش وەک کۆکراوەی هەموو ئەو خاشاکەی مێژووی ( ئالی عوسمان) لەم گوتەیەیدا ویستویەتی داهێنان بکات و لە خەیاڵی خۆیدا نەخشەیەک ( پیرۆز ) دەکات، کە دەسکردی پاشماوەی زوڵم و خوێن و نەزانی و کاڵفامی ریزێک سوڵتانی هەوسباز و خەڵەفاوی مێژوون، کە هەموو دنیا بە قێزەوە باسیان دەکەن. 

ئێمە دەزانین کلتووری میللەتان سنووری خاکەکەیان بۆ دیاری دەکات، دەرەنگ یا زوو، ئەم ڕاستیە شاراوانە، دەبنە ڕاستییەکی ئاشکراو مڕۆڤایەتی ناچار دەبێت دانی پێدا بنێ. تۆ بۆ ئەمڕۆ مەڕوانە (بازاڕو بەرژەوەندی) کوتەکی زوڵمێکی جیهانین، لەکوێ بیانەوێ لەوێی دەدەن، بەڵام ئایندەی مرۆڤایەتی ڕۆشنەو نەوەکان بەپێچەوانەی باوانیانەوە، لە دەلاقەیەکی تری بیرکردنەوەوە بۆ ژیان دەڕوانن و بۆ بەدیهاتنیشی تێ دەکۆشن.

بەر لەوەی تۆ و نمونەکانی بەر لە تۆ کە سەریان دای لەبەردی حەقیقەتێک کە بوونی نەتەوەیەکە بەناوی کورد، بیریی ئاوامان بۆ بکەنەوە، لە مێژە بیریاری مەزی نەتەوەکەمان مامۆستا مەسعود محەمەد ئەو وانەیەی فێر کردووین " کە ئێمە بتوانین تەنها بە ستران و گۆرانی سنووری وڵاتی خۆمان بزانین"** 

هەرواشمان کردووە بۆیە لاوکێکی باکوری و هۆرەیەکی باشووری و سەدایەک لە ڕۆژهەڵاتەوە و هەڵمەتێکی خۆرئاوا، بەهەمان گوژم و تاو و وەک یەک، دەمانبزوێنن و یەکمان دەخەن و کۆمان دەکەنەوە، ئێمە میللەتین، سیاسەتبازی دۆڕاوی خۆمانە نین، چۆنتان بوێت بمان هێنن و بمان بەن. میوەی درەختی سەرکەوتن میللەتان دەی چننەوە و باری نەنگی و چاو لە ژێری و نەفرەتیش سیاسەتبازە لاوازەکانی میللەتان.
 لای ئێمە یەک هەڵمەت و یەک هەستان و یەک ستران و یەک تابلۆ بۆتە نەرێت و پێوانە، ئەویش خزمەت بە کوردە. هاوڕێکانت قومارەکەیان لەو یاریەدا دۆڕاند، کە لەسەر سیاسەتبازی میللەتان کردبوویان، بۆیە کۆتاییان یا 
( کونی مشکان ) بوو تێیدا ڕزین، یان نەبوونی ( بستێک زەوی ) بووکە تێیدا بمرن.

ئەوە ڕاوێژکارێک، ئاقڵێک، ڕیش سپپیەکی دڵسۆزت نەبوو، بەر لەم قسانەت، ئاماژەیە، خەتێ، باسی ئەزمونێکی بەر لەخۆت بۆ بکات؟! خۆتۆ خۆت کردە ئەستێرەیەکی هۆلێۆدیی، بە بەکارهێنانی مۆبایلێک!! بۆ لە گوگڵت نەپرسی: ئەمڕۆ دەمەوێت ئینکاری نەتەوەیەک بکەم، مێژوو بۆ هەزاران جار بشێوێنم، ئەو دەیتوانی باسی سوڵتانەکانی ئالی عوسمانت بۆ بکا کە ئیمپراتۆریەتێکی پێنج سەدساڵەیان، لەو جۆرە قومارانەدا دۆڕاند. 
بەڵام ئەوە دەستورە، دیکتاتۆرەکان ئیتر ئەو دنیایە نابینن کە میللەتان دەیبینن، ئەو هەوایە هەڵنامژن کە میللەتان هەڵی دەمژن، بەو زمانە قسان ناکەن کە میللەتان پێی دەپەیڤن، بۆیە توشی مالیخۆلیا و نەبوونی زانیاری و کڵۆڵی بیرچوونە و جۆرێک مەستی دەبن و کۆتاییان بەوە دێت کە یا بۆ کونی مشکێک*** بگەڕین خۆیانی تیادا حەشار دەن یا بستێ زەوی تێیدا بمرن****.

شانازی بەو زیندانەوە دەکەی لە چەقی مارماردا، کە کوردێکت تێدا کۆت و بەند کردووە؟!! تۆ دەتوانی هەموو زیندانەکانت بژمێری، بەندکراوەکانی زیندانەکانت ، تەلی دڕکاوی سنورەکانت، فڕۆکەکانت، تانک و سەرباز و جاش و شمشێر و درۆ و مێژووی شێوێنراو و ئەڵقە و زنجیر و قفڵەکانت بژمێری، بەڵام ناتوانی یەک شت پێشبینی بکەیت و بژمێری: ئەو کاتەی ستەم و دامودەزگا و زیندانەکانت دەشکێن و خۆری ئازادی میللەتان هەڵدێ، ئەوە پەیمانە و تا ئێستا لە مێژووی گەردووندا دەیان و سەدان جار ئەم پەیمانە بە ئامانج گەیشتووە و جارێکی تر و دەیان جاری تریش بە ئامانج دەگات، تا ئەو ڕۆژەی ستەم هەبێ و ستەمکارانی وەک تۆ مابن.

ئەو کوردەی لە مارمارا زیندانییە، قەدپاڵ بوو، بووە لوتکە، رەگی دار بوو، بووە سەروویەکی باڵا بەرز، ئاڵایەکی پێچراوە بوو، بووە بەیداخێکی شەکاوە، دەنگێکی نەبیستراو بوو، بووە  ستران و هەڵمەتی کۆبانێ، ڕووبار بوو، بووە زەریا، نمە بوو، بووە لێزمە، کەسێک بوو، بووە میللەتێک، کتێبێک بوو، بووە کتێبخانەیەک و گوڵیک بوو، بووە گوڵستانێک.

یەڵماز لە مارماراوە (ڕێگا) ی میللەتەکەی پیشانی جیهان دا، موسا عەنتەر لە مارماراوە، پەیڤی کوردی گەیاندە کەشکەلان، مارمارا زانستگەی شکۆداریی و سەربەرزیی میللەتێکە گەڕاوە لەو سەری مێژووی خۆیەوە، کە دەیەوێت، لە گوڵزاری حەقیقەتی بوونیدا گوڵەکانی بۆن بکاتەوە، عەتری ئامانجە ئینسانییە بەرزەکانی ببەخشیتەوە بەسەر هەموو گەلاندا، تەنانەت بەسەر ئەو (بەشە لە نەتەوەی تورک) یشدا کە لە تورکیا دەژین.

تۆ نەتزانی یا نازانیت، کە بەر لەهاتنی باوە گەورەکانی تۆ لە مەغۆلستانەوە بە سواری چوارسەد ئەسپەوە، مارمارا ناوی مارمارا نە بوو؟! تۆ مێژووت نە خوێندۆتەوە کە ئەو کاتە باوە گەورەکانی  کاک سەلاح، لە ئامەد چیاکانیان بە دار زەیتون سەوز دەکرد، باوەی ئەحمەد تورک و پەروین گویلدان، خواردنیان دەدا بە ماسییەکانی دەریاچەی وان؟!! 
تۆنازانی؟! کە ئینسانی لە نەوعی تۆ!! سەردەمانێک زۆر بوون و ستەمیان کرد، خوێنیان ڕشت و فەسادیان کرد، خوایان لە خۆیان توڕەکرد، ئەو تۆفانی بۆ ناردن و فەرمانی بە نوح پەیامبەر کرد کە شارستانییەتی ئینسان بپارێزێ و نەترسێ لە تۆفان و لە کوردستان لەسەر چیای (جودی) یەوە دیسان ئامانجە ئینسانییە بەرزەکان بڵاو بکاتەوە؟!
تۆ هێندە کڵۆڵی، ئەو کتێبەی بانگەشەی بۆ دەکەیت و بەناوی ئەوەوە ستەم و خوێنڕیژی و فەساد دەکەی، تەنانەت ئەو پەیام و کتێبەش ناخوێننەوە!! ئەی بابان وێران.

سەرنج:
* من لە گوستنەوەی ئەو قسانە لە سایتی ئاوێنەوە دەسکاری پیتی – ڕ- ێم کردووە، ئەوە پیتێکی زمانی کوردییە و پێموایە دەبێت نیشانەکەی بۆ دیاری بکرێت، جا لە هەر بەشێکی وشەدا بێت.

**چاو پێکەوتنی گۆڤاری سروە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ بیرمەندی مەزی نەتەوەکەمان مامۆستا مەسعود محەمەد لە کۆتایی ساڵەکانی هەشتادا سەبارەت بە زمان و مەسەلی کورد لەوێدا مامۆستا دەفەرمێ: "من دەتوانم هەر بە گۆرانی سنووی کوردستان دیاری بکەم." بەتەنیا ئەم وتەیەی مامۆستا سەرتاسەری ئەو قسانە دێنێت کە پیاوانی سیاسی کورد بەدرێژایی ژیانیان سەبارەت بە کوردستان کردویانە، لە باشور و ڕۆژهەلاتەکەی.

***کونە مشک ئاماژەیە بۆ ئەو کونەی دکتاتۆری عێراق سەددام حوسەین خۆی تێدا حەشاردا و ئەسپێی لێدا بوو.

****فەرح پەهلەوی دەڵێت : چەندین جار گوێم لە شاه بوو لە خوا دەپاڕایەوە و دەیگوت: خوایە بستێ زەوی دەست ناکەوێ تێیدا بمرم.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×