دڵ بەردەکان، دڵ بەردەکان

کامەران قازی
  2019-07-23     184

دڵ بەردەکان، دڵ بەردەکان
بەردەکانتان لە دڵتاندا هەڵبگرن
بۆ ئەو ڕۆژەی بەسەر خۆتاندا دەبارێ*

تایەر سدیق (شێخ فەتاح)** تەنیا سەرکردەیەک کە (ڕاپەڕین)ی لەپشت تەمی چیاکانەوە دەبینی
چەپکێک بۆ سەر خەرمانەی (گەنجینەی نەتەوەیی کورد)

کلتوری کورد هەر لەنوسین، هونەر، مۆزیک ، شادی و شیوەن، خۆراکی تایبەتی، جوانی سروشت، شۆڕشەکانی، ئاین، حەسرەتی نەبوونی دەوڵەتیک و فیداکاریی و خیانەتەکان و تێکشکانی زۆر و سەرکەوتنە کەمەکانیدا، پوختە نابنەوە.

ئەگەر بە بیرەوری و دەفتەری بەسەرهاتە ڕۆحییەکانی خۆماندا بچینەوە، قۆناغ گەلێک دەبینین و کەس گەلێک دێنەوە بەر پەردەی زەینمان کە گوزەری زەمان و تەمەن و قەرەباڵغی ژیان وێنەکانیانی تا ڕادەیەک کاڵ کردوونەوە، ئەوانە نە کەسانی سیاسی بوون لە پلەکانی سەرەوەدا ، نە سەرۆک عەشیرەت و نە شێخی تەریقەت، بەڵام لە سیاسییە نێودارەکان وریاتر و لە سەرۆک عەشیرەتەکان بە تەگبیرتر و لە شێخی تەریقەتان موزەکی تر بوون، گرێکانیان دەناسی و گەڕانەوە سیاسییەکانیان لێ ئاشکرابوون و دەیانزانی هەندێ مورید پلەیان لە مرادیان بڵندترە.
ئەگەر لە شەوێکی ئەنگوستەچاوی بارانیی بەلێزمەدا، بتویستبایە لە ماڵەکەیدا سەردانی بکەیت ، کە لە دەرگات دەدا، دەنگێک پێی دەووتی: فەرموون بەڕیزتان کێن؟ گڵۆپێکی بچوک دادەگیرسا لە سەر ڕوخسارت و کە دەیناسیتەوە، فرە بە میهرەبانییەوە لە بڵندگۆی ( ئایفۆن) ی لاشیپانی دەرگا دارینەکەوە دەیووت: کامەران گیان ئەوە خێرە بەم درەنگ وەختە؟! خێرا  وەرە ژوورەوە. 
ئەو ماڵە لەسەر شەقامێکی شارێکی مۆدێرنی ئەورپا نەبوو، ئەوکەسەش کە ئاوا دەرگای لێ دەکردیتەوە، دەوڵەمندێکی خاوەن کارگە و سەروەت و سامان نەبوو. ئەوە ماڵێک بوو، یا ڕاستتر کوختێک بوو، بەخڕکە بەردەکانی چیای ئاسنگەران لە گوندی هەڵەدن دروستکرابوو، ماڵیك کە باڵای دیوارەکانی هەر هێندەی باڵای منداڵە ڕووتێکی حەوتساڵانەی گوندەکە بوون، بەڵام فکرێکی تێدا دەژیا ئەگەر لە هەر شارێکی مۆدێرنی ئەوروپا بایە، بە دڵنیاییەوە دەبووە یەکێک لە شانازییە فکرییەکانی ئەو شارە. 
وەلێ کورد نە دەزانێ شانازییەکانی کامانەن و کڵۆڵیەکانی چین،  ئەو هەر دەزانێ لە کڵۆڵیدا، داخ بۆ ڕابووردی بخوات، کە کۆتایی کڵۆڵییەکی ڕابووردی دەبێتەوە بە سەرەتای بەدبەختتیەکی ئێستای و زوو لەگەلی ڕادێ و خوی پێوە دەگرێت و ئازایانەش بەهانەی بۆ دێنێتەوە و پاکانە بۆ کەسگەلێک دەکات کە هۆ و ئامڕازی کڵۆڵییەکانی بوون. 
لەکاتی هەڵاتنی هەموومان، لە دەست چەکی کیمیاوی و تۆپبارانی قیامەتئاسای دۆڵە رووت و دۆڵی جافایەتیدا ، بەدەم ڕێوە وتی:
  کارەساتی گەورە ڕاچڵەکانی گەورە دروست دەکات.
ڕووم تێکرد و بەسەر سوڕمانەوە پێم وت: میللەت دڵی بە ئێمە خۆش بوو، ئەوە دەبینی من و تۆ و ئەو دومنداڵەی کۆڵت، لە کۆتایی ئەو کاروانەداین کە هەڵدێین و بەرەو چارەنووسێکی نادیار ملمان لێناوە، سەرکردایەتی بەر لە ئێمە گەیشتوونەتە سەر سنوور، تۆ باسی ڕاچڵەکانی گەورە دەکەیت؟!
تۆزێ وەستا و وتی: ئاوڕێ بدەرەوە
ئاوڕم دایەوە، تەمێک لە چیای پیرەمەگروون ئاڵا بوو، بەو ئیرادەیەوە کە پێی ناسرابوو وتی:
من لە پشت ئەو تەمەوە، ڕاپەڕینی سلێمانی و شارەکانی تری کوردستان دەبینم، ڕەنگە زۆریش نەخایەنێ کە ڕووبدات. ڕژێم بەمزووانە هەڵەی گەورە دەکات، من لەو ڕاچلەکانە دڵنیام، بەڵام خەمی دوای ڕاچڵەکاندنەکەمە، ئایا ئێمە دەتوانین بگەێنینە ئاکام؟! 

نەی هێشت دەم بکەمەوە هەر خۆی وتی: 
دڵنیا نیم، تائێستا ڕوون نییە بەرنامەمان چییە؟! هەرگیز کەس باسی ئەمەی نەکردووە، وەک ئەوە وایە، ئێمە خەڵکانێک بین، بۆ بەسەربردنی تەمەنمان چیامان هەڵبژاردبێ.

ئەم قسەیەی دوایی ئەو پێناسەیەکی جوانی شۆڕشە نوێکەمان بوو، ئەو پێناسەیەی خستمییە ناو بیرێکی قوڵەوە، گریان وەک ئەڵقیەک یا گرێیەک قوڕگمی ئازاردەدا، نەمدەزانی بوغزێکی پەنگ خواردووە بوو، یا گریانێکی کۆ بۆوە؟!

ئێستایش، کە ئەو چەند سەعاتێکە بۆ (یەکجاری جێی هێشتووم) و تازە خەبەرەکەیان لە کوردستانەوە پێدام، هەمان بوغز و هەمان گریان وەک ئەڵقەیەک و وەک گرێیەک قورگم ئازار دەدەن، دەمەوێ بگریم، وەک ئەوەی کە گریانیش مەرهەمێکە، بەڵام هەندێ خوداحافیزی نە گریان و نە هەناسە و نە حەکیمیی هیچ لوقمانێ چارەی ناکات.

قەڵەمێک بوو لە نادیاریدا زۆر شتی نووسییەوە، فکرێکی جەنجاڵ بوو، کەم فکری کوردی هەن وەک فکری ئەو ڕۆشن و کوردستانیی، تەکنیکارێک بوو، زۆر لە پێش سەردەمەکەی خۆیەوە بوو، بۆیە بواری دەرکەوتنی بۆ نەڕەخسا. 
جارێک  پیرمێردێکی قزلەری پێی وت:

کوڕم، کورد وەک کەو وان خۆ خۆرن خۆ خۆر
ئەو وتی:
هاواری کەوی ناو قەفەز بۆوە نییە هاوڕێکانی بخاتە داوەکەوە، ئەو هاوار لە هاوڕێکانی دەکات و پێیان دەڵێت: وەرن ئازادم کەن. 

ڕۆژێک لە مێرگە پانەکەی ساڵانی هەشتاددا، لەناو گیایەکەدا پاڵ کەوت و قۆڵی هەڵکرد:
من بینیم، هەنگێک و پەپولەیەک  لەسەر قۆڵی نیشتنەوە و دوپشکێک بە قۆڵیدا هەلگەڕا، پەپولە و هەنگەکە پاش ماوەیەک فڕین و دوپشکەکە بەسەر قۆڵیدا تا سەر شانی ڕۆشت و لەناو گژ و گیایەکاندا ون بوو، هەناسەیەکی هەڵکێشا و وتی:
هاوڕیکانم جێیان هێشتم
ئەمە خەیاڵ نییە و واقیعە ئەو زۆرجار بۆی باس دەکردم:
ئەو زیندەوەرانەی ئێمە بە دڕندەیان دەزانین، لە ئینسانەکان دەترسن بۆیە پەلامار دەدەن، ئەگەر بزانن کەسانی بێوەین، ئەوان بەوەفاترین هاوڕێی ئینسانن.

زوو لە ئینسان تێ دەگەیشت:

من مامۆستا بووم لە گوندی چۆخماخ، ئەو پێشمەرگە بوو، وتی: ئەمەوێ دەرست پێ بڵێم، وتم بۆنا، سوپاست دەکەم.
بۆ سبەی پاش نیوەڕۆ، نارنجۆکێکی هێنا و دەفتەر و قەڵەمێک، وتی: ئەمەوێت، پێکهاتەی نارۆنجۆک و چونێتی کارکردنیت بۆ شەرح بکەم وەک دەرسی یەکەم. دوای دوو ڕۆژ نارنجۆکەکە دیار نەما، زۆر گەڕام نەم دۆزییەوە، هات بۆلام وتم : هاوڕێ گیان ببورە نازانم نارنجۆکەکە ون بووە نایدۆزمەوە.

پێکەنی  و وتی:
خۆم بردمەوە، زانیم تۆ ئەهلی چەک نیت، کتێبێکی لەبەر باخەڵی دەرهێنا و دایە دەستم، کتێبەکەم کردووە نووسرابوو:

" لە تاریکە شەوێکی سلێمانیدا، بە دزیەوە شێخم بینی، پارەم نەبوو بۆت بنێرم، هیوادارم ئەم کتێبەم وەک دیارەییەک لێ قبوڵ بکەیت کامۆ گیان".

وتی: ئەوە مامۆستا سەروەت*** بۆی ناردویت، لەگەڵ هاوڕێ جەبار لە ماڵی ناسیاوێک، شەوێکی درەنگ هات بۆلامان.

ئەوە گریانە یا گرێی بوغزێکە، یا وشیاریی ڕۆحمە لەم بەرەبەیانە نە نووستووەی سویددا، لەگەڵ یادی تێکۆشانە کوردستانییەکانی ئێوەدا، گفتوگۆیەتی؟!!

شۆڕشەکانمان، زۆری وەک و تۆیان ئازاردا، یا ناچار بە دورەپەرێزییان کردن، یا سەریان بە زۆریان هەڵگرت بۆ نامۆیی وڵاتان و تاراوگە دوورەکان.

 تۆ دەشیا و لێت دەهات کە : 

سەرکردەی سپایەکی کوردستانی بیت
ڕۆژنامە نووسێکی بە وەفا و بیرتیژی نەتەوەکەت
یا مامۆستایەکی بڵندپایەی زانستگەیەکی ناوداری ئەم جیهانە
زۆر جوانی و توانا و لێهاتوویی لە تۆ و فکر و خەبات و هەوڵە کوردستانییەکانی تۆ دەهاتن.

وەلێ تۆیش کوڕێکی ئەم سەرگەردانییە دوهەزار و پێنج سەد ساڵییەی نەتەوەکەت بووی. 

سەرنجەکان/
*کۆپلە شیعرێکی خۆمە
**تایەر سدیق (شێخ فەتاح) پێشمەرگەیەکی کەرتی شەهید سەلاح، بەڵام دەتوانم بڵێم: بیرمەندێکی نەناسرا  داهێنەرێکی بیر تیژو خاوەن فەلسەفەیەکی تایبەت بەو کوردستانەی لە ڕۆحیدا بو.

***هاوڕێ جەبار، فەرماندەی کەرتی شەهید سەڵاح

****مامۆستا سەروەت ئەنوەر سەوز، هونەرمەندی گەورە

 

 
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×