پەرلەمانتاریی لەسوید

کامەران قازی
  2020-01-17     887
وتارەکانی من هەموویان دەچنە خانەی هوشیارکردنەوەی نەتەوەکەمەوە، ئەگەر یەک کەس بەهۆی وتارێکی ٢٠٠٠ وشەیی منەوە، دەلاقەیەکی ڕاستی و هوشیاربوونەوەی بۆ بکرێتەوە، من زۆر سپاسی خوا دەکەم. 

لەو باوەڕەوە کە هەمە بەوەی خۆرئاوا و خۆرهەڵات دوو دنیای لێک جودان و کەمترین خاڵی هاوبەشیان هەیە، بەتایبەت نەتەوەکەی من کە نموونەیەکی تاکە لە جیهاندا لەبەر ئەوەی بێ دەوڵەتەیشە، ئەم وتارەم بۆ دەرس و پەند وەرگرتنە لە ئەزموونی وڵاتان و میللەتانی تر، لاسایی کردنەوەم پێ عارو نەنگییە، کۆپیکردنم پێ سەرلێ شێواوی و گەمژەییە، خوا یار بێت دێمەوە سەر ئەم باسی کۆپی کردنە.

 لەبەر ئەوەی ئێستا پەرلەمانتارەکانی باشووری کوردستان شەڕو هەرایانە لەسەر پارە! پێم باش بووکە زانیارییەکی کەم بەپێی دەرفەت لەسەر ئەرکی پەرلەمانتاریی لە سوید بڵاو بکەمەوە، ئەگەر هەر مرۆڤێکی کوردی تریش کە توانا و دەرفەتی هەیە و لەهەر وڵاتێکی خۆرئاوایی دەژی، سوچێک لەو سیستەمە جوان و ئینسانییەی لە خۆر ئاوا دامەزراوە، ڕوون بکاتەوە، پاش ماوەیەک بەهەموومان خزمەتێکی گەورەمان بە ( گەنجینەی نەتەوەیی کورد) کردووە و ئەرشیفێکی باشمان بۆ نەتەوەکەمان پێکەوە ناوە ئەگەر هیمەت بکەین دەتوانین وەک ڕێبازێک بۆ ( خۆرئاواناسی) نەوەکانی ئایندەمان سودی لێوەربگرن، خۆ ڕۆژهەڵاتناسییش سەرچاوەکەی ئەو چیرۆک و بەسەرهاتانە بوون کە گەڕیدەکانی خۆرئاوا و بازرگان و سەرباز و دیپلۆمات و سیخوڕ و خەمخۆرەکانیان نووسیویاننەوە، چونکە بۆ من منداڵەکانی کورد و ئەو نەوەیە گرنگە کە تازە پێ دەگات و تێ دەگات، ئەگینا من وەک لە وتاری ( فۆڕمێکی نوێی بەڕێوەبردن) دا ڕای خۆم دەربڕیوە، باوەڕم بەو سیستەمە کۆپی کراوەی خۆرئاوا نییە، واتە پەرلەمان و حکومەت، بەوجۆرەی ئێستا، سەبارەت بە چونێتی بەرێوەبردنی ئەو وڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە هیوای هیمەتی مرۆڤی کوردیی خۆرئاوا نشین. 


پەرلەمانتار لە سوید، لەلایەن بەشێک لە گەلی سویدەوە ( ئەو ژمارەیەی ئەویان هەڵبژاردووە)، ئەرکی پێ دەسپێردرێ کە هاوبەشی بکات لە داڕشتنی یاساکان و چاودێری کارەکانی حکومەت دا، بەو جۆرەی لە خزمەت خەڵک و گەشەکردنی کۆمەڵگای سویددا بێت.

کەواتە پەرلەمانتاریی لە سوید ئەرکە و ئیش نییە ( ئەمە زۆر گرنگە)، لەبەر ئەوەش پەرلەمانتار کە بە دڵنیاییەوە کارێکی هەبووە و لەو ماوەیەدا کە لە پەرلەمان بەئەرکی پێ سپێردراو لەلایەن خەڵکەوە، هەڵدەستێت، ناچارە واز لە کارە ئەسڵییەکەی خۆی بێنێت، بۆ جێ بەجێ کردنی ئەرکەکانی و خۆ بەخێوکردن، پاداشتێکی بۆ دیاری دەکرێت بۆ ئەو ٤ ساڵەی کە وەک پەرلەمانتار ئەرکە پێ سپێردراوەکانی  جێ بەجێ دەکات.

کەواتە پەرلەمانتاری سویدی مووچە وەرناگرێ!!
بەڵکو پاداشتێکی دیاری کراوی کاتیی هەیە، بەپێیی یاساکانی:
یاسای ژمارە 1989:185 ی  پاداشت و 
یاسای ژمارە 2016:1108 ی قەرەبوو کردنەوە

پەرلەمانتاری سویدی، لەم بڕە پارەیەی پاداشت کە پێی دەدرێت، دەبێت %33 ی بگەڕینێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت وەک لە یاساکانی باجی سویدیدا دیاری کراوە، هەر کەسێک کار بکات، لەهەر ١٠٠ کرۆن کە دەستی دەکەوێت، ٣٣ کرۆن دەدات بە فەرمانگەی باج، ئەم پارەیەش بەکار دەهێنرێت بۆ ئەو خزمەتگوزارییە بەرزەی کە پێشکەش بە هاوڵاتیان دەکرێت بێ جیاوازی: بێ کار بیت، وەزیر بیت، خانەنشین بیت، کەم ئەندام بیت، یا ساغ و تەندروست بیت، مافی خۆتە ئەم  خزمەتگوزاریانەت پێشکەش بکرێت و بەپێی پیویستییەکانت خزمەتەکەت بۆ زیاد دەکرێت.

پەرلەمانتاری سویدی هەموو ڕۆژەکانی هەفتە کار دەکات ٣٦٥ ڕۆژ لە ساڵێکدا.
ئەگەر پەرلەمانتار نەخۆش بکەوێت، لە پاداشتەکەی دەبڕن بەپێی ئەو یاساییەی کە بۆ فەرمان بەرانی حکومەت دیاری کراوە، جیاوازییەکە ئەوەیە، کە فەرمانبەری حکومەت ٥ ڕۆژ لە هەفتەکەدا کار دەکات، بەڵام پەرلەمانتار ٧ ڕۆژی حەفتەکە ئەرکەکانی جێ بەجێ دەکات.

ئەگەر پەرلەمانتار بەهۆی لەدایک بوونی منداڵەکەیەوە یا بۆ چاودێری منداڵە (کۆڵەوەس )*ەکەی کە لە خۆی گرتووە و بەخێوی دەکات، نەیتوانی ئەرکەکانی ڕاپەڕێنێت، ئەوا لە پاداشتەکەی دەبڕن، بەڵام وەک هەموو فەرمانبەرانی تری حکومەت، مافی وەرگرتنی ئەو جۆرە پشووەی هەیە کە ئەمەش بە پێی یاسایی پشووی فەرمانبەران ڕێکخراوە.

ئەگەر پەرلەمانتار ماوەی مانگێک لەسەر یەک، بەئەرکی خۆی هەڵنەسێت، ئەوا ئەو مانگە پاداشتی دەبڕدرێت، تەنها لە حالێکدا نابڕدرێت، ئەگەر بەکارێکی ڕەسمی ڕۆشتبوو، یا بۆ خزمەتی سەربازی چوو بوو، یاخود نەخۆشییەکی درێژخایەنی هەبوو، ئەڵبەتە پەرلەمانتار دەتوانێ داوای پشوو بکات لە مانگێک کەمتر، بەڵام دەبێت خۆی پەرلەمان ئاگادار بکاتەوە کە پاداشتەکەی ببڕن!! چوونکە پشووی وەرگرتووە.

لە سوید هەموو ئەو کەسانەی کە کار دەکەن، مافی ئەوەیان هەیە کە ٥ هەفتە پشووی ساڵانە وەربگرن و خاوەن کارەکەیان ( جا لە کۆمپانیای تایبەتی کار بکەن یا فەرمان بەری حکومەت بن) دەبێت مووچەکەشیان بداتێ، بەڵام ئەم یاساییە پەرلەمانتارەکان ناگرێتەوە ئەوان ناتوانن پشووی ساڵانە وەربگرن، دەبێت هەموو ڕۆژێک و  ٣٦٥ ڕۆژ لە ساڵێکدا کار بکەن.

خانەنیشینی پەرلەمانتار وەک هەموو فەرمانبەرێکی تر، لەسەر بناغەی ئەو کارە و ئەو مووچەیە دەبێت کە ١٥ ساڵی ئەم دواییانەی ژیانی کارکردنی بوویەتی، ئەوە ئەگەر گەیشتبێتە تەمەنی خانەنشینی کە ٦٥ ساڵە، ئەگەر بەهۆی جێ بەجێکردنی ئەرکەکانی نەتوانێت، دوای تەواوبوونی ماوەی پەرلەمانتارییەکەی، کار بکات، ئەوا یاسای خانەنیشینی گشتی دەیگرێتەوە وەک هەموو فەرمانبەرانی حکومەتی تر.

سەرنج:
کۆڵەوەس: ئەو منداڵەی کەسێکی تر بە منداڵی خۆی قەبوڵی دەکات و وەک منداڵی خۆی لە نفوس تۆماری دەکات

سەرچاوەکان:
            www.goteborg-post.se
            www.expressen.se
            www.scb.se
            www.riksdagen.se


             

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×