وەستانی مێژو لەنیشتمانیی مندا

کامەران قازی
  2019-11-05     149
بەشی دووەم

چەپکێک بۆ سەر خەرمانەی ( گەنجینەی نەتەوەیی کورد).
مێژوو ماوەی نێوان دوو قۆناغی لە خراپییەوە بۆ چاک بوون و لە چاکییەوە بۆ خراپ بوونە، ساڵەکان دەڕۆن و لە دوای لە خۆیانەوە ئەو دوو پرۆسەیە جێدەهێڵن، لە کات و شوێنێکی دیاری کراودا. ئەو مێژووە لە نیشتمانی مندا وەستاوە، قۆناغەکانی یەکتر دووبارە دەکەنەوە، ئەو پەتەی کرایە ملی شێخ سەعیدی پیران و قازی هەر ئەو پەتە، ئێستا ساڵی ٢٠١٩، دەکرێتەوە ملی کچان و کوڕانی نیشتمانە دابەشکراوەکەی من.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە نیشتمانەکەی منیش لە وێدا هەڵکەوتووە، مێژووکەی سەرتاسەر خوێناوییە، زۆرترین جەنگەکان لە وێدا ڕوویانداوە / ڕوودەدەن، هۆ زۆرن بۆ ئەم کارەساتانە
ناتوانین ئەو هۆیانە دابەش نەکەین بەسەر هۆیەکانی:
ناوخۆ کە بناغەی کێشە و خوێن ڕشتنەکانن و 
هۆیە دەرەکییەکان کە یارمەتیدەری درێژەپێدانی کێشەکانن.
لەم ناوچەیەدا بەردەوامیی و دنەدان و بەزیندوویی کێشەکان، لە قۆناغی رق وبێزاربوون لەوی ترەوە، گەشەی کردووە بۆ ڕەگەزپەرستییەک کە هەزاران ساڵە کاری لەسەر دەکرێت و بۆتە هۆی کوشتنی بە کۆمەڵی ( کورد، سریان و ئەرمەنەکان)  کە ئەمانە نەتەوە ڕەسەنەکانی ئەم ناوچەییەن، لێرەوە دەتوانیین لەو بابەتە بگەین، کە بۆچی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی تورکیا و ئێران و عێراق هێندە دڵبەردانە بەرامبەر بە منداڵێکی کورد یا نەتەوەی سریان و ئەرمەن ڕەفتاریان 
کردووە  / دەکەن.

هۆی کلتوری ( فەرهەنگی)
هەر شتێک جا ئەو شتە مەعنەوی بێت یا مادی، بنەمایەکی ڕەسەنی نەبوو، ئەوا ترسی لە ناوچوونی دەبێت و بۆ مانەوەی خۆشی هەموو شێوازێک بەکار دێنێ، لە هەمووشیان باوتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووخاندن و سڕینەوەی کلتوری نەتەوە ڕەسەنەکانە کە لەلایەن کلتوری غەوارەی هاتووەوە داگیرکراوە، ئێمەیش دەزانین ڕوخاندن زۆر ئاسانترە لە بنیادنان، ئەگەر گۆچانێک بدەیتە دەست داپیرەیەکی بەتەمەن و داوای لێ بکەیت کە دیوارێکی چەند مەتریت بۆ بڕۆخێنێ، ڕەنگە داپیرە لە بەیانییەوە تا ئێوارە کارەکەی تەواو بکات، وەلێ ئەگەر داوای لێ بکەیت، کە هەمان دیوار دروست بکات، پێ دەچێت نەتوانێت و ببێتە مەحاڵەکان بۆی.
ئەو نەتەوانەی کە ڕۆژگارێک لە خاکێکی فرە دوورەوە، کۆچیان کرد و لەم ناوچەیەدا گیراسانەوە، هەمیشە ئەو ترسەیان هەبوو کە لە ناو بچن بەهۆی ناڕەسەنی کلتورەکەیانەوە، بۆیە کۆیان لەوە نەکردەوە، کە وەڵامی میوانداری بە خیانەت و وەلامی یارمەتی دان بە دزیکردن و وەڵامی هەستی ئینسانی نەتەوە ڕەسەنە خانەخوێکان، بە کوشتنیان و لەناوبردنی کلتورەکەیان بدەنەوە، ئێدی ئەمە بووە کلتوری نوێی ئەو خەڵکە هاتووە، هێدی هێدی دەستیان کرد بە خوڵقاندنی ئەفسانەی گەلیی و سەربووردەی درۆی ئازایەتی، ئازایەتی بەو جۆرەی ئەوان لێکدانەوەیان بۆ دەکرد، کە بریتیە لەو وەڵامدانەوانەی کە  لەسەرەوە باسم کردن.
دەلیلم بۆ ئەم قسەیەم ئەوەیە، کاتێک من لە سویدییەکان ڕادەمێنم و هەوڵ و تەقەلایان بۆ بە زیندوویی راگرتن و گەشەپێدانی فەرهەنگ و زمانی منداڵانی بێگانە، دەدەمە بەر ئاوێنەی بەراوردکاری و بۆ هۆکانی دەگەڕێم، هەر بەو ئاکامە دەگەم، کە سویدییەکان لەبەر ڕەسەنایەتی خۆیان لە وڵاتی خۆیاندا و ئەو گەشەکردنە  عەقڵییەی کە پێی گەیشتوون، فێری ئەوەی کردوون کە بۆ گەشەی زیاتری کلتوورەکەیان و ئاوەدانی وڵاتیان و تێگەیشتنی زیاتر لە یاسا گەردوونییەکە، نەک ترسیان لە لەناوچوون و پوکانەوەی خۆیان نییە، بەڵکو زیندوێتی و گەشەکردنی ڕۆحی و کلتوری خۆیان لەو پەیوەندییە ئینسانییەدا دەبینن کە لەهەوڵی دروستکردن و باشترکردن و فراوان کردنیدان لەگەڵ منداڵانی سەر بە زیاتر لە سەد و هەشتا کلتوری تری بەخێر هێنراو بۆ ناو کلتورەکەی خۆیان.
چ جوامێرییەک لەوەدا دەبینی، کە پیاوێک بەو لەشە زل و زەبەلاحەیەوە، منداڵێکی لاواز بداتە بەر لێدان و هێزیی ماسولکەکانی خۆی؟! یا هێزی بازووی بۆ ناچارکردنی ژنێک بەکار بێنێت؟!
چ جوامێرییەک لە وەدا دەبینی کە سەرۆکی ولاتێک، قوتی منداڵانی وڵاتەکەی خۆی بدات بە ترسناکترین چەک و لە شارێکی دەرەوەی چوارچیوەی وڵاتەکەی خۆیدا، بۆ نموونە لە قامیشلو 
( سارای کچەکوردی منداڵی پێ کەم ئەندام بکات و ژیانی براکەشی لەناو ببات، کاتێ لەبەر دەرگای ماڵی خۆیان دوێنێ بەیانی، خەریکی گەمە کردن بوون؟!)، ئەمە گەڕانەوەی مرۆڤە بۆ سەردەمی بەر لەوەی بێتە قۆناغی مرۆڤ بوونەوە، بەرلەوەی خوای گەورە فەرمانی پێ بکات کە لە گیاندارێکی خشۆکەوە، هەڵسێتە سەر پێ و زەوی ئاوەدان بکاتەوە.

ئازایەتی: نەکردنی خراپەیەکە لە کاتێکدا دەتوانی بیکەیت و هەوڵدانە بۆ بەرگرتنیشی لە کردنی لەلایەن کەسانی تریشەوە. 
ئازایەتی: ئەوەیە کە هەموو تواناکانت بەکار بێنی بۆ کردنی  چاکەیەک لە کاتێکدا کە ناتوانی بیکەیت.
تێگەیشتنی دروستیش لە پەیامی خوا جگە لەمە زیاتر شتێکی تر نییە و نوێژ داوای هاتنەدەرەوەت لە مزگەوت دەست پێدەکات و خواناسین دوای کۆکردنەوەی بەرماڵی نوێژەکەتە.
نە خوا بریتتیە لەناوێک لە سەر پارچە پەڕۆیەک بیبەستی بەناو چەوانتەوە و نە پەیامی خوای گەورەش دروستکردنی مزگەوتی ڕەنگاوڕەنگە.
کەسانێک دەتوانن مزگەوت ئاوادان بکەنەوە کە دڵیان بە خۆشەویستی خوا ئاوەدانە، مزگەوتی لە مەڕمەر و ئاڵتون دروستکراو جێگای خوا پەرستی نییە، خوا لە هەموو جێگایەک ڕووی لە تۆیە، کوختێکی باڵا نزم، کە دڵێکی پڕ لە عەشقی ڕاستییەکان ئاوەدانی دەکاتەوە، هەزار هێندەی مزگەوتێکی حەوت نهۆمی بە حەتحەتۆکە ڕازێنراوە لە خواوە نزیکە، خوا لە دڵدا دەژی نەک لە چوارچێوەی دیواری مەڕمەڕین و لەسەر فەرشی کاشان و بەردی حەلان و قوبەی لە ئاڵتون دروستکراودا، خوا لەو شوێنەیە کە بۆ خزمەت بە ئینسانە لاوەزەکان ئاوەدانکراوەتەوە، لەو جادەیەدایە کە بۆ ئاسانکردنی ژیانی کەم ئەندامێک دروستکراوە، خوای گەورە لە خۆشەویستی ئینسان و خزمەتکردن و ڕیزگردن لە خەڵقی خویدا دەژی، ئینسانی بۆ بەرزبوونەوە و بەرزکردنەوە و چاکەکاری خوڵقاند، بۆ ئاوەدانکردنەوەی سروشت، ڕیزگرتن لە عەقڵ و بەکارهێنانی بۆ تێگەیشتن لە پەیامەکەی خۆی.
خوا لە ئەفسانەی دروستکراوی میللەتاندا ناژی، لە بوونی ئەو میللەتانەدایە کە خۆی بە ڕەنگی جودا و شێوەی جودا خوڵقاندنی و زمانی جودای پێبەخشین، نەتەوەکان ڕاستین و ئینکارکردنیان ئەفسانەیە، شێوەی جیاوازی لەیەک نەچوو، ڕاستییە و ڕەتکردنەوەیان ئەفسانەی هەڵبەستراوی ئینسانی گێلە. 
وەک یەک بوون و حەقی ژیان بۆ هەمووان بەیەکسانی لە وڵاتی خۆماندا فەرمانێکی ئاسمانی و قۆناغێکی هەرە گەشەکردووی عەقڵی ئینسانە و ئینکارکردنی وەحشی گەریی و ڕەتکردنەوەی بەشێک لە بوونی خوایە. 
ئینسان دەبێت جوامێر و پێگەیشتوو و تێگەیشتوو بێت لە ئەرکی ئینسان بوونیدا، ئەگەر منداڵێکی کورد، سریان یا ئەرمەن، ماتماتیکی نەزانی هیچ لە پلەی ئینسان بوونی کەل نابێت. 
بەلام ئەگەر تۆ وەک کەسێک لە نەتەوەیەکی باڵا دەست، زۆر و هێزی خۆت بەکار هێنا بۆ بچوک کردنەوە یا گۆڕینی بوونی نەتەوەیی ئەو منداڵە و قەدەغەکردنی ئاخافتن بە زمانی دایکیی و سەپاندنی زمان و کلتورێکی بێگانە بەسەر ئەودا، ئەوا تۆ لە پلەی ئینسان بوونەوە، دادەبەزیت بۆ پلەیەکی نزمی بوونەوە بە جانەوەر و ڕەنگ و ڕوخسارت ناشرین دەبێت و بە ئاشکرا گۆڕانکارییە فیزیکی و سایکۆلۆجییەکانت هەستی پێ دەکرێت.
ئێوە بە وردی لە حاڵەتی دەروونی سەرۆکە زاڵمەکان ( وەک ئۆردوغان) بڕوانن هەست بەو پەشێوی دەروونی و تێکچوونە ڕۆحییە دەکەن، کە بەرە و حاڵەتی شێت بوون و خۆ کوژی دەبات و هەموو زاڵمانی مێژووش هەر تووشی ئەو دەردە بوون ( دەری ماخۆلان)، ساراش بکوژرێت، هەزاران سارای تر دێن و دەپرسن، کە سارای هاو زمانیان بۆ کوژرا؟! ئەم نەفرەتە داوێنی چەندین نەوەی ترت بەرنادا وەک داوێنی ئالی عوسمانی بەرنەدا و دانی بەزەویدا.
ئێمە دەزانین کە هیچ هێزێک لە سەرەتای بوونی  ئینسانەوە تا ئێستا نەیتوانییوە/ نایشتوانێت، بە زۆر و زێڕ گەشەی نەتەوەکان و ئینسانێکی تر لە گەڕانەوە سەرخۆ و پرسیارکردن لە  ئەسڵی خۆی، بوەستێنێ، بۆ ماوەیەک دەتوانی کپی بکەیت، بەلام تەقینەوەی پەنگخواردوو زۆر مەزنتر دەبێت لە تەقینەوەی ڕێگەپێدراو بۆ گەشەیەکی سروشتی. 
هۆکانی گەشەکردنی ڕەگەزپەرستیی
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پانتایی ئەو لێکدانەوە( عارەبییە) بۆ ئاین و فەرمانەکانی یەزدان، زەمینەیەکی لەباری دروست کردووە بۆ دڕ بوون و پەلاماردان و چارەسەری کێشەکان بە هێز.
بێگومان دوورترین لێکدانەوەش بۆ فەرمانەکانی یەزدان، ئەو لێکدانەوانەیە، کە بۆتە ئاینێکی جودا و هیچ هاوبەشییەک لە نێوان ڕۆحی پەیامە ئاینییەکە و ئەو ئاینە تازەیەدا کە زۆرینەیەک لە پیاوانی ئاینی بۆ خۆیان داتاشییوە و دەشیانەوێت بەزۆر و کوشتن بەسەر هەموو دانیشتوانی ئەو ناوچەیەیدا بسەپێنن، نابینیت.
کاتێکیش بۆ بەرەی بەناو ڕۆشنبیر و پانتایی ئەدەبیاتیان و لێکدانەوە و ئەو ئەفسانە درۆینانەی کە بۆ مێژووی خۆیان و نەتەوەی سەردەستیان هەڵ بەستووە، دەڕوانیت، لە ڕەگەزپەرستی ڕژێمەکان تێدەگەیت، چونکە پشتیوانە و هاندەری ئەوان لە پەلامار و ڕەشەکوژی میللەتانی بن دەستیاندا، ئەو ئەدەبیاتە درۆزنانە و ئەو لێکدانەوە هەڵەیە بووە کە ڕۆشنبیرانی میللەتی سەردەست بۆ نەتەوەی خۆیان هۆنیوەتەوە، بە نموونە: ڕۆمان نووسێکی نەتەوەی سەردەست لە کاتێکدا کە ڕژێمەکەی بە هەموو قورسایی دەزگای سەربازییانەوە پەلاماری بردۆتە سەر میللەتانی  ئاشتیخوازی بن دەستیان، لە کۆڕە ئەدەبییەکانی ناو ڕۆشنبیراندا، ستایشی ڕۆمان گەلێک دەکات کە باسی مافی ژنانی بێ حیجاب دەکات!!!
لە دوو خاڵدا ئەم جۆرە ڕۆشنبیر و ئەدیبانە خەریکی هۆنینەوەی درۆگەلێک بوون لەگەڵ ژناندا:
بە پێی کام یاسای زەمینی و ئاسمانی، ژن دەبێت بە خواستی پیاو و بۆ تێرکردنی ئارەزووەکانی ئەو جل لەبەرکات و ئەو سەلیقەی پۆشاکی ژن دیاری بکات؟! ئەمە درۆیەک کە مەبەستی پشتی وشەی ئازادی ژنان، ڕوتکردنەوەی ژنانە، وەک ئەوەی ژن کویلەی ئارەزووەکانی پیاو بێت.
درۆی دووەم ئەوەیە کە پیاو چۆن دەبێت داوا لە ژن بکات، کە حیجاب بپۆشێت، یا حیجاب فڕی بدات، ئەرکی پیاو ئەوەیە لە دۆزینەوەی ژندا بۆ کەسایەتی خۆی، پشتیوانی بێت و لەو ڕێگا ژنانەیەدا بۆ بەدەستهێنانی مافی ئینسانی خۆی هاوڕێی بێت ، نەک سەروەر و سەرداری.
ئێستا ئەگەر وای دابنێین دیارترین نووسەری یەکێک لەو وڵاتە رەگەزپەرستانە بووە کاربەدەستی یەکەمی بەڕێوەبەری ئەو وڵات گەلەی کە میللەتانی بن دەستیان قەلاچۆدەکەن و زمان و فەرهەنگەیان دەشێوێنن ( وەک لە تورکیا و ئیراندا ڕۆژانە ڕودەدات)، ئایا چاوەڕوانی چی لێ دەکرێت؟! سیستەمێکی دیمۆکراسی کە لەوێدا میللەتانی بن دەست بە مافی ڕەوای خۆیان بگەن؟! سیستەمێک  کە تێیدا ژنان کەسایەتی خۆیان بدۆزنەوە؟! بێگومان نەخێر، چونکە کاکی نووسەر خۆی سەرچاوەی برەودان بە ڕەگەزپەرستی و ناسیونالیستی کوێرانەی میللەتی سەردەست بووە، کە کلتورێکی پیاوانەشە و لە قوتابخانە، زانستگە و کۆڕە ئەدەبیەکانیدا، هەمان سازی رەگەزپەرستی ژەنییوە و ئەفسانەی شاکانی هۆنیوەتەوە و گاڵتەی بە کلتوری ڕەسەنی میللەتانی بن دەست کردووە. 
کەواتە ئەدەبیاتی ڕۆشنبیرانی نەتەوەی سەردەست، ئەدەبێکی نەخۆشە و پێویستی بە تیمارستان هەیە بۆ چارەسەری ئەو گرێ دەروونیانەی تووشی بوون، گرێی ڕەسەنی کلتوری نەتەوە بن دەستەکانیان. چونکە باسی واقعی ئەو ئینسانانە ناکات، کە لەژێر زوڵم و پەلاماری سێ کوچکەی کلتوری، ئابووری و دەزگای سەربازیی بێڕەحمی نەتەوەی سەردەستدا، ژیانیان بۆتە دۆزەخێکی ڕۆژانە.
نەتەوەی بندەست تووشی نەهامەتی و سەرگەردانییەکی ناو خۆشی بووە، کە خۆی لەو حیزب و ڕێکخراوە سیاسیانەدا دەبینێتەوە، کە میللەتی بندەستیان سەرگەردان و گومڕا کردووە و بواری بیرکردنەوەیەکی عاقڵانەیان بۆ نەهێشتونەتەوە، بە نادروستی لێکدانەوە سیاسییەکانیان، ئەمانیش لای خۆیانەوە نەتەوەی بندەستیان بریندار و سەرگەردان کردووە، ئەمەی خوارەوە نموونەیەکە، کە لەکاتی نووسینی ئەم وتارەدا بە ڕێکەوت هاتە بەردەستم و پڕاوپڕ وەڵامی ئەو پڕسیارەی دامەوە:
لە ژمارەی ١٦٨ ی گۆڤاری مانگانەی ( الپقافه‌ الجدیده‌) کە حیزبی شیوعی عێراقی دەری دەکرد، 
( حیزبی شیوعی هەمیشە خۆی بە حیزبی پێشڕە و بە خەڵکی هەژار ناساندووە، یا لەو خەیاڵەدا ژیاوە)، لە سی و سێهەمین ساڵی دەرچوونیدا، کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٨٥، لاپەرەی ٥ پەڕەگرافی یەکەم، دێڕی یەکەم تا حەوتەم بە زمانی عەرەبی ئاوا لێکدانەوە بۆ تێکۆشانی گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە  دەکات: 
" خەباتی گەلی عێراقمان و هێزە نیشتمانی و دیمۆکراتەکانی و بەرەی ( جود) لە پێناو کۆتایهێنان بە جەنگ و ڕوخاندنی دیکتاتۆرییەتدا، بەشێکی جودا نەکراوەیە لە خەباتی گەلانی عەرەب دژی ئیمپریالیزم و زایۆنیزم، هەروەها جودا ناکرێتەوە لە هەلوێستی ئازایانەی هەردوو گەلی لوبنانی و فەلەستینی دژ بە دوژمنکاریی و داگیرکردنی ئسرائیلی، هەروەها ڕاپەڕینی گەلی برای میسرمان دژی سازش و مل کەچ بوون، هەروەها هەڵوێستی ئازایانەی سوریا دژی چارەسەرە ئیمپریالی و زایۆنیستییەکان بۆ مەسەلەی فەلەستین و ڕێبازی دەسەلاتخوازیی بەسەر وڵاتانی عەرەبیدا و وەستانە دژ بە پڕۆژە تاکڕەویی و پاکتاوکەرەکەی کامپ دەیڤد و پڕۆژەکەی ڕیگان و عمان".
بێگومان ئەمە شیکردنەوەی کۆنترین حیزبی عێراقە، کە دروشمەکەیان لەسەر گۆڤارەکە ئاوا نووسراوە: فکر علمی و پقافه‌ تقدمیه‌، هزرێکی زانستیانە و ڕۆشنبیرییەکی پێشکەوتووخوازانە!!.
 لە چەند خاڵەوە ئەم نووسینە خورافییە شی دەکەمەوە ، تا بۆمان ڕوون بێتەوە، ئەوەی کە ئێستا ڕوودەدات سەرچاوەکەی لە کوێوە دێت و بۆ ئەوەندە ساڵ  نەوەیەکی بیرکراوە، کە بتوانێت ڕەخنەگر بێت، نەهاتەبەرهەم و ڕژێمەکان سی ساڵ و چل ساڵ بەگەرەنتی، لەسەر کورسی فەرمانڕانیی میللەتانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست، ڕەشەکوژیی و قەڵا چۆی میللەتانی بن دەست دەکەن؟! ئایا ئەم لێکدانەوەیە، باسی کوێ دەکات؟! چ زەمانێکە و نووسەرەکەی لە ژێر کاریگەریی کام مەستی هۆشبەردا، ئەم خەیاڵەی نووسیوەتەوە؟! بەڕاستی ئەمجۆرە نووسینانە، ئەفیونی گەلانی ڕۆژهەڵات بوون:
عێراق یەک گەل پێکی ناهێنێ و چەندین گەلی تێیدا دەژی، مەبەستی حیزبی شیوعی کام گەلەیانە؟! میللەتێکی وەک کورد دوژمنی کەس نییە و خۆی گیرۆدەی دەستی دوژمنانە.

سەرکردایەتیی هێزە نیشتمانییەکان، هەندێکیان لە ئێران بوون و هەندێکیان لە سوریا، ، بۆ ئەوەی پارێزراوبن، زۆرینەی عێراقییەکان، بە خواستی خۆیان یان بە ناچاریی و بەزۆر هاوبەش و ئەنجامدەری خواستەکانی بەعس بوون و هێزەکانی سەر بەڕژێم دە ئەوەندەی هێزە نیشتمانییەکان دەبوون و هەر ئەوان شەڕێکی نۆساڵەیان کرد و ڕژێمیان پاراست و ئیمریالیزم نەبایە و بارودۆخی ئیمپریالزم وای نەویستایە، سەرکردایەتی حیزبەکان ئیستا ناچار دەبوون بۆ مانەوەیان هاوبەشی شەری دەیان ساڵەی سوریایان بکردایە.

لوبنان زایۆنیزم داگیری نەکردبوو، بەڵکو لەلایەن ڕژێمی سوریاوە داگیر کرابوو، بەدەیان قەسابخانەی تێدا دروست کرد و دۆڕاوی یەکەمیش فەلەستیینیەکان بوون، خۆ تەنها ڕژێمە عەرەبییەکان بازرگانیان بە کێشەی فەلەستینەوە نەکردوە / ناکەن، حیزبە پێشکەووخواز!! و پاشکەوتووخوازەکانیش!!، بازرگانیان بە چارەنووسی منداڵانی فەلەستینەوە دەکرد / دەکەن.

زۆر لەو دەسەڵاتانەی وڵاتانی عەرەبی کە نووسەری ئەم وتارە زانستییە – پێشکەوتووخوازە!! پەتی خەیاڵی بۆ بەرەڵاکردووە، ژێر بەژێر دۆستی ئیسرائیل بوون.

خۆ رێبازە پێشکەوتووەکەی گەلانی ناوچەکە، لە باتی ئاوەدانی، وێرانی و لە جیاتی نەوەیەکی وشیار، نەوەیەکی دڕ و لەباتی زانست، خورافات و لە جێی ئاشتی و یەکتر قبوڵ کردن، نەفرەت و ڕەگەزپەرستی بەرهەم هێنا، داعش و توندڕەوی ئاکامەکانی بوون!!!. بیری ئۆردوگانیزم، کە ڕەگەزپەرستیی تورکییە تێکەڵ بە ئایدیۆلۆژیایەکی دینی فرە فرە دوور لە فەرمانەکانی خوای گەورەوە و ئەو هەموو شەڕانەی لێکەوتەوە کە بەرۆکی خەڵکی هەژاری هەموو ئەو وڵاتانەیان گرتووە.

کەس لەو نووسەرەی نەپرسی، مەسەلەی نەتەوەیەکی وەک کورد و سریان و ئەرمەن، کە بەدەیان جار قەتڵ عام و فەرمانیان بەسەردا جێبەجێکراوە، چ خاڵی هاوبەشی هەیە لەگەڵ  خەباتی گەلی ئەمازیخی و سەحرای ڕۆژائاوای مەغریبدا؟!. رێزکردنی کۆمەڵێک وشەی سوواو، دروشمی بێ بنەما و بەستنەوەی کێشە گەلێک، کە زۆر جودان لەیەکتر، ئەفیونی حیزەبەکان بووە کە دەیان ساڵ لاوانی کۆمەڵگای ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستیان گومڕاکردووە و بیرکردنەوەیان  نەزۆک کردووە. 

لەهەمووی کڵۆڵتر و مایەی شەرمەزاریی، ئەم وتارە زانستییە پێشکەوتووخوازە ئەوەیە، کە ئەم وتارە بە خواست و ئارەزووی سەرانی حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤیەتی نووسراوە و هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ وتارەکانی ڕۆژنامەی پراڤدای ئەوسای زمانحاڵی حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤییەتدا، نەیتوانیوە پێشبینیی ئەو گۆڕانکارییە بکات ، کە دوای چوار ساڵ، واتە ساڵی ١٩٨٩ لە سۆڤیەت ڕووی دا و سەرتاپا هزر و ڕەفتار و بییروڕاکانی قڵپ کردنەوە و تەرازووی هێزی گۆڕی و وڵاتانی سوشیالیزمی ناو بەندیخانەی یەکیەتی سۆڤیەت، وەک برسیگەلێکی ئازاد کراو بۆ باوەشی ئیمپریالیزم پێشبرکەیان بوو.
هەتا گەلانی بندەستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خۆیان لە حیزبەکانیان بەتاڵ نەکەنەوە ، نەوەیەک و چەند نەوەی تریش، لە ماکی ئەم لێکدانەوە خورافیانە  ڕزگاریان نابێت و ڕەفتاریان، لە قسەی بێ بناغە و مێژووی هەڵبەستراو ئازاد نابێت و پشتا و پشت، دەبێ بڵین: ئەگەر وانەبوایە وای لێ نەدەهات و لە بازنەی حیزبەکاندا بصولێنەوە، یا وەک کیا نوری، سکرتێری حیزبی تودەی ئێران دەبێ بڵین: 
ئەگەر بەستەڵەکی سیبریا نەبایە، سوشیالیزم لە یەکیتی سۆڤیەت سەردەکەوت..!!!
هۆ دەرەکییەکان بۆ گەشەکردنی ڕەگەزپەرستی  لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا 
گرنگترین هۆ ئەو سازش و پشتیوانییە دەیان ساڵەیەی خۆرئاوایە، بەتایبەت ئەروپا و لە ناویاندا زلهێزە ئەوروپاییەکان، لەو ڕژێم و سەرۆکە دکتاتۆرانەی کە لە هەندێ وڵاتدا، باوک و کوڕ و نەوە، سەرجەم پەنجا ساڵ و شەست ساڵان، یەک لەدوای یەک لەسەر کورسی فەرمانڕانی و دکتاتۆریەت دادەنیشن و بە دەیان حکومەت لە ئەوروپا دەگۆڕێت، بەلام هەڵوێست و سیاسەتیان بەرامبەر بە دکتاتۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناگۆڕێت و ڕێزگرتن و بەخێرهێنانیان بۆ کۆنگرە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام دەبێت، تا ڕادەیەک، کە زۆر جاران سیاسەت و هەڵوێستی ئەوروپییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بانگەشە و  باوەڕ بوونیان بە پرێنسیبەکانی مافی مرۆڤ دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
ئەوەی دەبوو / دەبێت پشتیوانی لێ بکرابایە / لێ بکرێت، نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوون / هەن، بەتایبەت ئەو میللەتانەی دابشکراون و وەک کەمە نەتەوە لەو وڵاتە رەگەزپەرستانەدا، مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، لەناو ئەو نەتەوانەدا کورد، سریان و ئەرمەنەکان، کە ناسنامەی نەتەوییان ڕۆژانە لەبەردەم مەترسی سڕینەوە و پاکتاوکردندایە. 
ئەوروپاییەکان دەیانتوانی / دەتوانن خزمەتێکی گەورەی مرۆڤایەتی بکەن، ئەگەر هەڵوێستی خۆیان بگۆڕیبایە. سادەیە لەو نەتەوە چەوساوانە تێبگەین:
 خوێندەواری ئەو نەتەوە داگیرکراوانە، کامی، سارتەر، گوێتە، سانداڵ، چیخۆف و پۆشکین و ئەدەبیاتی نووسەرانی ئەورپایان دەخوێنتەوە و سەرەک حیزب و دکتاتۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش کە پشتیوانییەکی دەیانساڵەی ئەوروپاییان هەبوو/ هەیە:
 لاسایی فرانکۆ، مۆسۆلینی، هێتلەر و ستالین دەکەنەوە.
بڕوانن دووتایی ئەوروپاییەکان، لە وڵاتی خۆیان ئەوناوانە و نووسین و لۆگۆی ئەو ناوانە قەدەغەن و سزای زیندانیان لەسەرە، وەلێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پشتیوانی لە قوتابییەکانیان دەکرێت و ترسناکترین چەک و تەکنەلۆجیایان پێ دەفرۆشن، یان هەندێ جار دەیکەنە دیاری، بۆ دکتاتۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تا کەمە نەتەوەکانی وەک (کورد، سریان و ئەرمەن) ی پێ لەناو بەرن.
تا وەرچەرخانێکی جدی و ئینسانی لە پلەیەکی بەرزدا لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتانی ئەوروپا ڕوونەدات، باجگیری و هەڕەشەی ئۆردوگانی و کوشتنی نەتەوە بندەستەکان و پشێویی جیهانی کۆتای نایەت، ئەوروپاییەکان ئەم ڕاستیانە دەزانن و ئێمەیش دەزانین هۆی پشتیوانی ئەوروپا لە ڕژێمە دکتاتۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چین.!!!
 
 

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×