بزاوتی مێژوو ڕێڕەوی ڕوداوەکان

هونەر تۆفیق
  2019-02-26     275
مەرج نیە کردە سیاسیەکانی کۆمەڵگە، هەمیشە بکەرە سیاسیەکان خولقێنەری بن. ڕێڕەوی ڕوداوەکانیش هەموکات بەپێی کردە سیاسیەکان ئاڕاستە ناکرێت. 

یەکێک لەکارتێکەرە سەرەکیەکانی ژیانی سیاسی، بزاوتی مێژووە. بزاوتی مێژو لەجیهاندا بەخۆی کوتلەیەکی گەورەی بزوێنەری کۆمەڵگەی بەشەرییە. 

لەشەستەکانی سەدەی ڕابردودا، بزاوتی مێژوی مرۆڤایەتی لەدۆخی شۆرشگێڕی و هەڵچوندابو لەسەرتاسەری دنیادا. لەهەندێ شوێندا ئەو شۆرشە دەرهاویشتەی فیکری و فەلسەفی لێدەکەوتەوە وەک دەرهاویشتەی مەدرەسەی فرانکفۆرت و بزوتنەوەی ماییی پاریس. 

لەشوێنی تردا توندوتیژی شۆرشگێری بەرهەمهێنا وەک مۆدێلە لاتینیەکەی ئەمریکای باکور کە لەچەی گیڤارادا بەرجەستەبو. لەچینیشیدا ڕیفۆرمی ئابوری و کۆمەڵایەتی دروست کرد وەک شۆرشی دووەمی ماوتسی تۆنگ بەسەر خودی ماویزم خۆیدا.

لەهەرکام لەو مۆدێلانەدابێت، بزاوتی مێژووی مرۆڤایەتی خولقێنەری سیاسەت‌و ڕوداوەکان بو. لەئێستادا بزاوتی مێژو، جۆرێکە لەپاشەکشەی دیموکراسی‌و سڕبون‌و متبوونی فیکری سیاسی لەناو کۆمەڵگەکانی مرۆڤایەتیدا. 

مێژوو بەئاڕاستەی (تەسلیمبون) ڕێڕەوی دیموکراسی دیاری دەکات. کاریگەریەکانی بەسەر تەواوی کۆمەڵگەسیاسیەکانی دنیاوە دیارە. قۆناغێکی پڕ لە(قەلەق)ی سیاسی‌و خەمباری سیاسییە. ئەو نائومێدیانەی لەم قۆناغەدا بزاوتی مێژوو خولقاندویەتی ڕەنگە بەدەیان ساڵی تر ئاسەوارەکانی سارێژ نەبێت. بۆیە لەم ساتانەدا نەسیاسەت و نەفیکر توانای قسەکردن و چارەسەرکردنی دیاردەو ڕوداوەکانی پێ نیە.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×