بنەماڵە سیاسیەکانی عێراق

هونەر تۆفیق
  2019-07-30     1637
بنەماڵەی سەدر 
بنەماڵەی سەدر یەکێکی ترە لە بنەماڵە کاریگەرە سیاسی و ئایینیەکانی کۆمەڵگەی عێراقی .
ئال سەدر کە ڕەچەڵەکیان دەگەڕێینەوە سەر ئیمام موسای کازمی کوڕی ئیمام جەعفەر ، لەوێوە دەبنەوە بە یەکێک لەنەوەکانی محەمەد پێغەمبەر . 
لە گۆڕەپانی سیاسی ئێستای عێراقدا موقتەدا سەدر یەکێکە لە پیاوە هەرە کاریگەرەکانی سیاسەت و حکومداری لە وڵاتدا . موقتەدا سەدر لە سەرەتای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە ، سوپای مەهدی دامەزراند . دواتر سوپاکەی هەڵوەشاندەوە و ڕەوتی سەدری ڕاگەیاند . ڕەوتی سەدر لە حکومەتەکانی مالیکی و عەبادیدا چەندین وەزارەتی بەدەستەوە بوو . لە دوا هەڵبژاردنی عێراقدا ٢٠١٨ ، هاوپەیمانی سائیرونی دامەزراند . ٥٤ کورسی پارلەمانی عێراقی بردەوە کە بە گەورەترین فراکسیۆنی پارلەمان و دواتر کوتلەی پارلەمانی حساب دەکرێت .
باوکی موقتەدا (محەمەد محەمەد سادق سەدر ) لە ١٩٩٩ دا ، حکومەتەکەی سەدام حسێن لەگەڵ خوشکەکەیدا لە سێدارە دران . محەمەد سادق سەدر لەناو شیعەکانی عێراقدا ڕێز و پایەیەکی ئایینی گەورەی هەبوو کەبە میرات بۆ موقتەدای کوڕی مایەوە . 
باپیری موقتەدا سەدر ( محەمەد حەسەن سەدر ١٨٨٢-١٩٥٦) لە ساڵی ١٩٤٨ دا سەرۆک وەزیرانی شانشینی عیراق بوو . دەورەیەک سەرۆکی مەجلیسی ئەعیانی عێراقیش بوو . 
کوڕە مامی باوکی موقتەدا سەدر ( محەمەد باقر سەدر ١٩٣٥-١٩٨٠) دامەزرێنەری حیزبی دەعوەی عێراقی بوو ، بەو هۆکارەش سەدام حسێن بڕیاریدا لە سێدارەی بدەن . موقتەدا سەدر کچەکەی محەمەد باقر سەدری مارەکردووە ، یەکەم هاوسەریەتی .

موسا سەدر ١٩٢٨ - ١٩٧٨ ، لەدایکەوە دەکاتە خاڵی موقتەدا سەدر. موسا سەدر دەبێتە یەکێک لە کاریگەرترین پیاوە ئایینیەکانی لوبنان و لەوێ بزوتنەوەی ئاینی - شیعی دادەمەزرێنێت کە ئێستا بە حیزبوڵا بەناوبانگە . لە ساڵی ١٩٧٨ دا لە پلانگێڕیەکی عێراقی - سودانی - لیبی دا بێسەروشوێن دەکرێت . 

لە ماڵە خاڵانی موقتەدا سەدر لە دوو پشتی دایکەوە سەید نەسروڵای سەدرە کە دەکاتە باوکی ئەبو حەسەنی بەنی سەدر .سەید نەسروڵا سەدر مامۆستا و هاوڕێ ی ئیمام خومەینی بوو . بەنی سەدریش لە فەرەنسا تا گەڕانەوەی خومەینی ١٩٧٩ هاوکارێکی چالاکی خومەینی دەبێت . دواتر لە ١٩٨٠ - ١٩٨١ دەبێتە سەرۆک کۆماری ئێران . 
لە زاواکانی بنەماڵەی سەدر ، ئەحمەدی کوری خومەینی یە کە فاتمە تەبتەبائی ، کچە خوشک ( سەفیە) ی موسا سەدری مارەکردووە . 

پێگەی ئایینی و سیاسی بنەماڵەی سەدر لەهەریەک لە عێراق و لوبنان و ئێراندا پێگەیەکی تایبەتە وەک مەرجەعێکی مەزهەبی و رەوتێکی دژە دەستەڵاتیش لەو وڵاتانەدا . بۆیە هەمیشە لە ناکۆکیدابوون لەگەڵ حکومەتەکانی ئەو وڵاتانەدا .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×