ئایا بایکۆت دەبێت بەشۆرش؟

هونەر تۆفیق
  2019-10-27     1112
لەکاتێکدا بەریتانیا ئیمپراتۆرێکی بەهێزو توانا بو، هیندەکان گەلێکی هەژاری لاواز و داگیرکراوبوون. لەڕوی هێزی سەربازی و ئابووریەوە شایەنی بەراوردکاری نەبون.

گەلی هیندی لاوازی داگیرکراو، بەڕابەرایەتی غاندی، لەو کاتەدا بڕیاری شۆڕشیاندا. شۆڕشی بایکۆت، شۆڕشی خۆڕزگارکردن لەژێردەستەیی و ئازادبوون لەداگیرکاری بەریتانیەکان. شۆڕشی بێ چەک و بێ توندوتیژی. لەکاروانی خوێ وە ، شۆڕشی خۆییان بەرپاکرد.

ئینگلیزەکان لەهیندستان ئیحتکاری هەموو شتێکیان کردبوو ، لەوانە ئیحتکاری خوێش . غاندی لە کاروانێکی ٤٠٠ کلم دا، شاربەشارو گوند بەگوند، بەرەو دەریا، کاروانەکەی دەستپێکرد ، بەئامانجی گەیشتن بەخوێ ی کەنار دەریا. کاتێک گەیشتە لای لمەسوێرەکەی کەنار دەریا، دەیان هەزار خەڵکی هیندی لە پشتەوەبوو. مشتێ خوێ ی لەئاوە وشکەوەبووەکەی لێوار دەریاکە بەرزکردەوەو وتی: لێرەوە شۆڕشەکەمان دەستپێدەکەین، شۆڕشی بایکۆتی کاڵاو شتومەکی بەریتانی و خۆمان خۆمان دەژیەنین. لەو مشتە خوێیەوە کاروانی ئازادی گەلانی هیندستان دەستی پێکرد.

مۆدێلەکانی شۆڕش لەمێژودا جیاوازن. شۆڕشی کەمینە بەسەر زۆرینەدا. شۆرشی هەژاران بەسەر دەوڵەمەندەکاندا. شۆڕشی کۆیلەکان بەسەر کۆیلەدارەکاندا. مۆدێلەکەی غاندیش شۆڕشی بەکاربەرە داگیرکراوەکان بو، بەسەر موحتەکیرە بەریتانیەکاندا. کە شۆڕشی بایکۆت بو.

بایکۆت چەکێکی کاریگەری بەهێزە لەدژی بەهێزێکی داگیرکار. موسڵمانەکان لەسەرەتای بانگەوازی محەمەدیدا بەرانبەر ناموسڵمانەکان بەکاریانهێنا، کڕین و فرۆشتن، ژن و ژنخوازیان، لەگەڵ ناموسڵمانەکاندا ڕاگرت.

لەبەر ئەوەی سەرەتای هەر هێرشێکی سەربازی بەلێدان لەئابووری لایەنی بەرانبەر دەستپێدەکات، یەکەم زەربەی سەرەتای جەنگیش راگرتنی پەیوەندی ئابووری و بازرگانی نێوان دوو لایەنی شەڕکەری جەنگەکانە.

کوردستان بەخواستی خۆی بێت یان بەناچاری، کەوتۆتە ژێر هەیمەنەی ئابووری، سیاسی، تورکیاوە. لەلایەک بەداگیرکردنی ڕاستەوخۆ ( لەباکوور) لەلایەکی ترەوە بەداگیرکردنی ناڕاستەوخۆ (لەباشوور) تورکیا ئیحتکاری ژیان و کەرامەت و ئازادی و بەهای ئینسان بوونی کوردی کردووە. هەڵمەتی بایکۆت کە خۆشحاڵانە بە هەنگاوێکی جدیەوە لەناو خەڵک و کۆمەڵیک گەنجی بەمەسولیتەوە دەستی پێکردووە، ئەگەر ئۆرگانیزە بکرێت و گوڕ و تینی هەمەلایەنەی پێبدرێت، دەگات بەئاستی شۆڕشێکی جەماوەری و نەتەوەیی باڵا.

ئەو هەڵمەتە پشتیوانی هەموومانی دەوێت، غاندی ئەگەر خەڵکی هیندی لەپشت نەبووایە بۆ بایکۆتکردنی کاڵای بەریتانی نەیدەتوانی گەلی هیند بگەیەنێت بەسەربەخۆیی. بۆئەوەی هەڵمەتی بایکۆت ببێت بەشۆڕش، شۆڕشی زیندووکردنەوەی بەرهەمی نێوخۆیی ، شۆڕشی ئازادبوونی ئینسانی کورد لەئیحتکاری سیاسی و فەرهەنگی و ئابووری، شۆرشی خۆڕێکخستنەوەو پیاداچوونەوەی کورد بەهەڵوێستە نیشتمانی و مێژوویەکانیدا، پێوستمان بەهاوکاری هەڵمەتی بایکۆت هەیە. ئەنجامەکەشی زۆر لەوە گەورەتر چاوەڕوان دەکرێت کە تەنیا سزادانی ئابووری تورکیا، یان هەڵوێست نواندبێت وەک پشتیوانی ڕۆژئاڤا، بەڵکە سەرەتایەکە بۆ ئازادبوون و گەڕانەوەی کەرامەتی ئینسانی کورد.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×