قسەیەك دەربارەی "دكتۆر فەرهاد پیرباڵ تیرۆر كرا"!
  2019-09-13       4083       


رێبوار عەلی



شەوی رابردو، ئاوێنە چیرۆكێكی فەرهاد پیرباڵ-ی بەناونیشانی "دكتۆر فەرهاد پیرباڵ تیرۆر كرا"! بڵاوكردەوە، لەگەڵ بڵاوکردنەوەیدا ئەوەی فەرهاد پیرباڵ دەیڵێ راست‌و رەوان دەرهەق بەخۆی‌و دەرهەق بەئاوێنەش هاتەدی، ئەو دەڵێت "من هەرگیز پێم حەیف نییە كوژراوم، بەڵام ئەوەم لەسەر دڵ قورس‌و لەلا ناخۆشە ئێستا لەناو ئەم گۆڕستانەدا هەرچییەك دەینوسم هیچ كەسێك لێم حاڵی نابێ‌!".


لەگەڵ بڵاوكردنەوەی ئەم چیرۆكەدا لەبەشی کلتوری ئاوێنە، لەگۆڕستانی سۆشیال میدیادا زۆرێك بەبێ‌ ئەوەی حاڵی بن‌و تێبگەن (كە بەڵگەی ئەوەیە هیچ ناخوێننەوە یان خویان گرتوە بەقسەی بازاڕیییەوە) دەیان كۆمێنتی نەشیاوی باوو سواوی حازر بەدەستیان لەدژی ئاوێنە نوسی، وەك:

ـ لایکێکی حیز ئەوەی ئەوێ ئەو تایتڵەی بۆ بنوسن
ـ ئەمەیە ئەو سۆشیال میدیایەی کە بەختیار عەلی لە کتێبە فیکرییەکەی بەناوی ِئاوڕەکەی ئۆرفیۆس"باسی ئەکات. بەداخەوە بۆ ئێوە...
ـ جاران دەیانوت خەلك بۆ پارە هەمووو شتئ دەكات، ئییستا نەك بۆ پارە بۆلایك‌و كۆمینت جنێوو بەحەو پشتی خۆیشی دەدات
ـ باشە ئاسۆس هەردی چۆن ڕێگەبەو مانشێتانەئەدات؟ یانی هیچ حسابی بۆ هەستی خەڵک نەکردوە؟ بەداخەوە ڕۆژنامەی ئاوێنە ئاوای بەسەربێت
ـ داوەشێن
ـ لەباشور ھەرشتێ تەمەنی درێژ بێ بێ بەھا ئەبێ، ئاوێنەی پێشتر لەكوێ و ئێستا لەكوێ
ـ هه ی حه مری خوًتان و هه زارانی وەكو ئێوه نەمێنێ‌ نازانن بازاڕتان بەچی گەرم كەن توفووی هەزار جار
ـ ئەوە تۆ بەشەری؟ خۆت ئەزانی باسی چی ئەکەی (ڕۆژمانەموس)
ـ روی بابتان رەشبیت بۆهەوالتان هەر خەریكی درۆو گەوادین


ئیتر لەسەر ئەم ریتمە چەندان جنێوی ساردو سوك ئاڕاستەی ئاوێنە كراوە، كە جێی سەرسوڕمانە‌و دەیسەلمێنێ‌ زۆربەی ئەم خەڵكە تاقەت‌و توانای دو دێڕ خوێندنەوەیان نییەو بەبێ ئەوەی بخوێننەوە‌و بەبێ‌ ئەوەی حەوسەڵەی تێگەیشتنیان هەبێ‌ چیرۆکەکەیان لێدەبێ بەهەواڵ‌و هەرچی تۆمەتە دەیخەنە ئەستۆی ئاوێنە! هەرچەندە ئاوێنە چەندین جار ئەم ئازیزانە ئاگادار دەکاتەوە کە "ئەمە چیرۆکێکی فەرهاد پیرباڵەو هەر ئەمەش ناونیشانەکەیەتی"، بەڵام بێ سودە!


كاتێک ئەم شاڵاوی تفەنگنان بەتاریكی‌و حاڵی نەبونانە دەبینی، ئەوسا تێدەگەی د.فەرهاد پیرباڵ چەند جوان راستی پێكاوە كە دەڵێ‌ "بەتەنها ئەمەم پێ‌ حەیفە لەناو ئەم گۆڕستانەدا وشەكانی دەیاننوسم، قسەكانی دەیانڵێم لەناو ئەم مردوانە هیچ شتێكیان لێ‌ شین نابێ‌".


بەڵام لەبەرامبەریشدا چەندین كۆمێنت هەن بۆ ئەم بابەتە کە مایەی دڵخۆشین‌و جوانیان پێكاوە، وەك:

ـ خەڵك لەئێوە تێناگات ئیتر چۆن لەفەرهاد پیرباڵ تێدەگەن !!
ـ نەخوێندنەوەی بابەت یان خوێندنەوەی پەلەو بێ تێگەیشتن دەرئەنجام کۆمەڵێک کۆمێنتی نەشیاوی لێ دەرئەچێ‌، دەستانخۆش ئاوێنە بۆ بڵاوکردنەوەی چیرۆکەکەی دکتۆر فەرهادی مەزن‌و هەر بمێنن
ـ سەیرە هەندێک تاقەتی نیە تەنیا ئەم چیرۆکەش بخوینیتەوە نوسیویەتی درۆیە راست نیە.
ـ دەستخۆش زۆر جوان‌و ناوازە بوو ....بەڕاستی ئێرە گۆڕستانە کەس لەکەس تێناگات.
ـ گریانم دێت بۆ ئەو خەڵکە، لەو نوسینە پڕ مانایە تێناگەن،هاتوون ڕەخنە لەو نوسینە دەگرن.
ـ سه یرەکه لەوەدایه... زۆرن ئەوانەی لێیتێنەگەیشتون نازانن بابەتەکەو ئەصلی نوسینەکه چیه وەک باران جنێوو قسەی ناشیرین ئەبارینن.. ئەویش سنوری تیگەیشتن‌و رۆشنبیری لای ئێمه.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×