نوری مالیكی، ئیتیلافی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، عێراق بەدور و پارێزراو نابێت لە جەنگەكانی ئیسرائیل لە ناوچەكە، بۆیە پێویستە پێداچونەوەی خێرا بکرێت بە تەواوی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان تا دڵنیابن لەوەی لە ئاستێکدا بن كە سەروەری وڵات لە هەڕەشە دەرەکییەکان پارێزراوبێت.
ئاوێنە: نوری مالیکی، ئەمڕۆ یەكشەممە لەمیانەی وتارێکدا بە بۆنەی هاتنی مانگی موحەڕەمەوە ڕایگەیاند، جەنگەکانی ئیسرائیل کە لە کەرتی غەززەوە بۆ لوبنان و پاشان سوریا و دواجار بۆ ئێران هات، عێراق بەدور و پارێزراو نابێت لێی.
ئاماژەی بەوەشكرد، پێویستە عێراق هاوشێوەی وڵاتانی دراوسێی بەهێزبێت و پێداچونەوەیەکی خێرا بکرێت، كە هەمو دامەزراوە و دەزگا ئەمنییەکان و سەربازییەکان بگرێتەوە، بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی لە ئاستێکدا بن کە سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەمنی مسۆگەر بکات و سەروەری وڵات لە هەڕەشە دەرەکییەکان بپارێزێت.
سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بە گرنگی زانی عێراق دەوڵەتێکی بەهێز بێت، خاوەنی هەمو ئامرازەکانی بەرگری لە سەروەری و گەلەکەی و پیرۆزییەکانی بێت، ئەوەش نەک لە پێناو شەڕدا، وەک سەردەمی رژێمی بەعس، بەڵکو بۆ پاراستنی سەروەری و ماف و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی عێراق.