قاسمی‌ سلێمانی‌، له‌كارمه‌ندی فه‌رمانگه‌ی‌ ئاوه‌وه‌ بۆ فه‌رمانده‌ی‌ سوپای‌ پاسداران
  2019-02-03       3610       

ئا: ئاوێنە

 

قاسمی‌ سلێمانی‌، حاجی‌ قاسم، ژه‌نرال قاسمی‌ سلێمانی‌، فه‌رمانده‌ی‌ فه‌یله‌قی‌ قودسی‌ سه‌ر به‌سوپای‌ پاسداران، ناوی‌ جه‌نگاوه‌رێكه‌ كه‌ له‌لای‌ خه‌ڵكی‌ عێراق‌و كوردستان‌و سوریا‌و لوبنان هێنده‌ی‌ سه‌ركرده‌كانی‌ خۆیان ناودارو ناسراوه‌، برایه‌كی‌ ژیانی‌ تایبه‌تی‌ بۆ ئاژانسی‌ "فارس"ی‌ ئێرانی‌ ده‌گێڕێته‌وه‌‌و ده‌ڵێت "حاجی‌ قاسم پیاوێكی‌ به‌سۆزو میهره‌بانه‌".


سوهرابی‌ سلێمانی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ زیندانه‌كانی‌ تاران‌و برای‌ قاسمی‌ سلێمانی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ "حاجی‌ قاسم ته‌نها كوڕی‌ خێزانه‌كه‌ی‌ ئێمه‌یه‌ نییه‌، به‌ڵكو كوڕی‌ هه‌مو وڵاته‌كه‌مان‌و رۆڵه‌ی‌ هه‌مو شیعه‌كانه‌".


سوهراب كه‌ سه‌باره‌ت به‌رابردوی‌ قاسمی‌ سلێمانی‌ ده‌دوێت، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ "خێزانه‌كه‌یان له‌ 5 خوشك‌و برا پێكهاتون، گه‌وره‌كه‌یان خوشكێكیانه‌ كه‌ ته‌مه‌نی‌ 60 ساڵه‌‌و حاجی‌ قاسم ناوه‌نجیانه‌".


ئه‌و ده‌ڵێت "ئێمه‌ ئەهلی ئوستانی‌ كرمانین، باوكم خه‌ریكی‌ كشتوكاڵكردن‌و جوتیاریی‌ بو، خێزان‌و بنه‌ماڵه‌كه‌مان عه‌شائیریی‌ بو، هه‌ڵبه‌ته‌ من‌و حاجی‌ سلێمان له‌شاری‌ كرمان كۆچمان كرد".


ده‌شڵێت "كه‌ من چومه‌ پۆلی‌ پێنجی‌ سه‌ره‌تایی‌، چومه‌ لای‌ ئه‌و كه‌ كارمه‌ندی‌ فه‌رمانگه‌ی‌ ئاو بو، له‌بیرم دێ‌ من‌و دو كوڕی‌ پورم‌و قاسمی‌ سلێمانی‌ پێكه‌وه‌ له‌ژورێكی‌ كرێدا ده‌ژیاین".


ناوبراو باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ قاسمی‌ سلێمانی‌ ئه‌و كاته‌ كاری‌ بۆ فه‌رمانگه‌یه‌كی‌ ئاو ده‌كردو پاشان سه‌ریكرده‌ وه‌رزشكردن‌و یاری‌ كاراتی‌‌و راهێنه‌ری‌ له‌شجوانیش بو. له‌كاتی‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ شۆڕشی‌ ئێرانیشدا یه‌كێك بو له‌رێكخه‌رانی‌ خۆپیشاندانه‌كان.


سوهراب كه‌ حه‌وت ساڵ‌ له‌قاسمی‌ برای‌ بچوكتره‌، ده‌ڵێت "كاتێك سوپای‌ پاسداران دامه‌زرا حاجی‌ قاسم فه‌رمانگه‌ی‌ ئاوی‌ به‌جێهێشت‌و په‌یوه‌ندی كرد به‌سوپای‌ پاسدارانه‌وه‌، یه‌كه‌مجار سه‌ر به‌لیوای‌ (تۆڵه‌ی‌ خوا) بو، دوای‌ مه‌شقكردنی‌ له‌خولێكدا چوه‌ به‌ره‌كانی‌ شه‌ڕی‌ ئه‌هواز له‌دژی‌ سوپای‌ عێراق، وه‌ك جێگری‌ فه‌رمانده‌ی‌ گوردان جه‌نگا، كه‌ فه‌رمانده‌ی‌ گوردانه‌كه‌ بریندار بو، قاسمی‌ سلێمانی‌ به‌رپرسیاریه‌تی‌ گوردانه‌كه‌ی‌ له‌ئه‌ستۆ گرت‌و دواتریش به‌فه‌رمانی‌ عه‌لی‌ خامه‌نه‌ئی‌ رابه‌ری‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران، فه‌رمانده‌یی‌ فه‌یله‌قی‌ "قودس"ی‌ پێبسپێردرا".


به‌پێی‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ سوهراب، قاسمی‌ سلێمانی‌ به‌رپرسیاریه‌تی‌ زۆری‌ پێسپێردراوه‌و رۆڵێكی‌ گرنگی‌ هه‌بوه‌ له‌دامركاندنه‌وه‌ی‌ نائه‌منیه‌كانی‌ ئێران دوای‌ كۆتایهاتنی‌ جه‌نگی‌ هه‌شت ساڵه‌ی‌ عێراق‌و ئێران.


قاسمی‌ سلێمانی‌ كه‌ به‌مدواییه‌ گۆڤاری‌ نیوزیوك وێنه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌به‌رگه‌كه‌یدا داناوه‌و له‌سه‌ری‌ نوسیوه‌ "قاسمی‌ سلێمانی‌ له‌عێراقدا به‌جه‌نگ له‌دژی‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌ستیپێكردو ئێستا داعش تێكده‌شكێنێت"، سوهرابی‌ ده‌ڵێت "ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر پارێزگاری‌ پێشووی‌ كرمان سه‌ردانی‌ باوكمی‌ كردو پێیوت: ده‌زانیت كوڕه‌كه‌تان چه‌ند ناوی‌ ده‌ركردوه‌و (ئیستیكبار) چه‌ند لێی‌ ده‌ترسێت؟ باوكم وتی‌: من سه‌رم له‌ئێوه‌ سوڕده‌مێنێت قسه‌ی‌ وا ده‌كه‌ن! پارێزگاری‌ كرمانیش وتی‌: بۆچی‌؟ باوكم پێیوت: كوڕه‌كه‌م سه‌ربازێكی‌ ویلایه‌ته‌و ئه‌وان له‌ئیسلام ده‌ترسن نه‌ك له‌كوڕه‌كه‌ی‌ من، حاجی‌ سلێمان هێماو سه‌ربه‌رزییه‌ بۆ كۆماری‌ ئیسلامی‌‌و شیعه‌".


سه‌باره‌ت به‌ژیانی‌ تایبه‌تی‌‌و خێزانی‌ قاسمی‌ سلێمانیش، ده‌ڵێت "حاجی‌ سلێمان دو كچ‌و دو كوڕی‌ هه‌یه‌ كه‌ سیانیان خه‌ریكی‌ خوێندنن، یه‌كێك له‌كچه‌كانی‌ هاوسه‌رگیریی‌ كردوه‌‌و كوڕێكیشی‌ هاوسه‌رگیری‌ له‌گه‌ڵ‌ كچێكی‌ مندا كردوه‌و مانگێك له‌مه‌وبه‌ر دوانه‌یه‌كیان بوه‌. زاواكه‌م كه‌ كوڕی‌ قاسمی‌ سلێمانیه‌ كاری‌ ئازاد ده‌كات‌و بازرگانه‌‌و خه‌ریكی‌ فرۆشتنی‌ به‌روبومی‌ كشتوكاڵییه‌".
 سه‌باره‌ت به‌په‌یوه‌ندی‌ قاسمی‌ سلێمانی‌ له‌گه‌ڵ‌ منداڵانی‌ شه‌هیدان، ده‌ڵێت "ئه‌وه‌نده‌ حاجی‌ سلێمان له‌گه‌ڵ‌ منداڵی‌ شه‌هیدان میهره‌بانه‌ كه‌ منداڵه‌كانی‌ خۆی‌ حه‌سودییان پێده‌به‌ن".


هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "حاجی‌ قاسم سلێمانی‌ كاتێكی‌ كه‌می له‌گه‌ڵ‌ خێزانه‌كه‌ماندا به‌سه‌ربردوه‌، به‌ڵام به‌وپه‌ڕی‌ دڵسۆزییه‌وه‌ چاودێری‌ هه‌مومانی‌ كردوه‌ تا خۆمان پێگه‌یاندوه‌".


ده‌شڵێت "تا كه‌سێك له‌نزیكه‌وه‌ حاجی‌ قاسم نه‌بینێت باوه‌ڕ ناكات چه‌ند به‌سۆزو میهره‌بانه‌".

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×