باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا: كورده‌كان حه‌فتا ساڵه‌ كار بۆ ده‌وڵه‌تێكی‌ سه‌ربه‌خۆ ده‌كه‌ن
  2019-11-21       2959       

   ئا: بارام سوبحی‌

به‌گوێره‌ی‌ ژماره‌یه‌ك به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌به‌غدا كه‌ له‌دوتوێی‌ كتێبێكدا بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، سه‌رۆك هۆزو كه‌سایه‌تی‌‌و پارته‌ كوردییه‌كان حه‌فتا ساڵ له‌مه‌وبه‌ر داوای‌ ده‌وڵه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆیان كردوه‌، هه‌روه‌ها ئاماده‌بون له‌و ده‌وڵه‌ته‌دا مافه‌ سیاسی‌‌و كلتورییه‌كانی‌ كه‌مه‌نه‌ته‌وه‌كانیش بده‌ن.

كتێبی‌ (گه‌له‌ به‌شخوراوه‌كانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست: به‌ڵگه‌نامه‌كانی‌ خه‌بات‌و تێكۆشان له‌پێناوی‌ مانه‌وه‌و سه‌ربه‌خۆیی‌ كوردو ئاشوری‌‌و كه‌مینه‌كانی‌ تری‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست) له‌كۆكردنه‌وه‌و ئاماده‌كردنی‌ ده‌یڤد ئه‌ندروسه‌، محه‌مه‌د حه‌مه‌ساڵح تۆفیق كردویه‌تی‌ به‌كوردی‌‌و له‌لایه‌ن مه‌ڵبه‌ندی‌ كورۆدلۆجی‌ سلێمانیه‌وه‌ چاپ‌و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌م كتێبه‌ بریتیه‌ له‌كۆمه‌ڵێك بروسكه‌ی‌ باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌به‌غدا كه‌ له‌ماوه‌ی‌ ساڵانی‌ (1945 - 1947) ره‌وانه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ له‌واشنتۆن كراون، بروسكه‌كانیش تایبه‌تن به‌دۆخی‌ كوردستان‌و عێراق‌و ئێران.
ئاماده‌كاری‌ كتێبه‌كه‌، رایده‌گه‌یه‌نێت ته‌واوی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانی‌ به‌ئه‌مانه‌ته‌وه‌ له‌تۆماره‌ باوه‌ڕپێكراوو نهێنیه‌كانی‌ ئه‌رشیفی‌ حكومه‌تی‌ ئه‌مریكا وه‌رگرتوه‌، به‌مه‌به‌ستی‌ "هه‌ندێك تیشك خستنه‌ سه‌ر مه‌ینه‌تی‌‌و ئازارو تاڕاده‌یه‌ك نائومێدیی‌ گروپه‌ كه‌مینه‌كانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌راست"، كه‌ به‌بۆچونی‌ ئه‌و كه‌مینه‌كان له‌رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌راستدا "ته‌نها وه‌ك بارمته‌ به‌كارهێنراون له‌لایه‌ن ئه‌و گروپانه‌وه‌ كه‌ گه‌وره‌ترو به‌هێزتربون، له‌رابردودا ئه‌مه‌ چاره‌نوسیان بوه‌و پێده‌چێت له‌داهاتوشدا هه‌روابێت".

 

ئاغاكانی‌ هه‌ولێرو سه‌ربازگه‌ی‌ ئاكرێ‌

دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ژماره‌یه‌ك له‌پیاوماقوڵ‌و ئاغاكانی‌ هه‌ولێر نامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی‌ باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌به‌غدا ده‌كه‌ن، رۆژی‌ (22/3/1945) باڵیۆزخانه‌ نامه‌كه‌ ره‌وانه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌كات، له‌و نامه‌یه‌دا ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ باس له‌ "سته‌مكاری‌‌و سیاسه‌ته‌ ناڕه‌واكانی‌ حكومه‌تی‌ ئێستاو پێشوی‌ عێراق" ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها داوا له‌هێزه‌ گه‌وره‌كانی‌ دونیا ده‌كه‌ن "قه‌ره‌بوی‌ هه‌ڵه‌كانی‌ پێشویان بكه‌نه‌وه‌ كه‌ ده‌رهه‌ق به‌كورد كردویانه‌، بۆ دابینكردنی‌ پێگه‌و شوێنێك بۆ كورده‌كان له‌نێو گه‌لانی‌ ئازادی‌ دنیادا، ئه‌و پێگه‌یه‌ش لانیكه‌م خودموختاری‌ یان ئۆتۆنۆمی‌ ناوچه‌ییه‌".
هاوپێچ له‌گه‌ڵ ناردنی‌ نامه‌كه‌دا، كاربه‌ده‌ستێكی‌ باڵیۆزخانه‌ ئه‌م به‌سه‌رهاته‌ش ده‌گێڕێته‌وه‌: موقه‌ده‌م داغستانی‌ كه‌ فه‌رمانده‌ی‌ فه‌وجێكی‌ سوپاو پۆلیس بوه‌و هه‌ریه‌كه‌یان (800) چه‌كدار بون له‌ئاكرێ‌، به‌ مۆڵه‌ت گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ به‌غدا، به‌ڵام یه‌كسه‌ر وه‌زیری‌ به‌رگری‌ ئاگاداری‌ كرده‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌، چونكه‌ (150) كه‌سی‌ عه‌شیره‌ته‌كه‌ی‌ مه‌لا مسته‌فای‌ بارزانی‌ ده‌یانه‌وێت په‌لاماری‌ بنكه‌كانی‌ پۆلیس بده‌ن، به‌ڵام كاتێك داغستانی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ده‌بینێت ته‌نها (12) كه‌سن‌و بۆ پرسیاركردن له‌باره‌ی‌ هێستری‌ دزراوه‌وه‌ هاتون.

 

هیوای‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌
له‌بروسكه‌یه‌كدا كه‌ مێژوه‌كه‌ی‌ بۆ (6/4/1945) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، باڵیۆزخانه‌ داواكارییه‌كی‌ شه‌ش سه‌رۆك عه‌شیره‌تی‌ كوردانی‌ ئێران‌و یاداشتێكی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ هیوا ره‌وانه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌كات. ئه‌و كاربه‌ده‌سته‌ی‌ باڵیۆزخانه‌ كه‌ ئه‌م داواكارییانه‌ی‌ بۆ واشنتۆن ناردوه‌، ده‌نوسێت: كورده‌كان به‌ته‌مان ببنه‌ خاوه‌ن ده‌وڵه‌تێكی‌ كوردی‌ به‌پێی‌ هه‌لومه‌رجی‌ لائیحه‌ی‌ ئه‌تڵه‌سی‌، كه‌چی‌ حكومه‌تی‌ عێراق كه‌ له‌لایه‌ن بریتانیه‌كانه‌وه‌ یارمه‌تی‌‌و هاوكاری‌ ده‌كرێن، له‌هه‌وڵی‌ نه‌هێشتنی‌ هه‌مو ئه‌گه‌رێكدایه‌ بۆ ئۆتۆنۆمیی‌ كورد. هه‌روه‌ها سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌ كورده‌كان نوسیویانه‌: هیتله‌ر له‌په‌خشێكی‌ رادیۆییدا وتویه‌تی‌ كه‌ نیازی‌ قڕكردنی‌ كورده‌، هه‌ركاتێ‌ گه‌یشته‌ ئێران.

 

عێراقی‌ باش‌و كوردستانی‌ سه‌ربه‌خۆ
رۆبه‌رت مێمینگه‌ر كه‌ یه‌كێك بوه‌ له‌كاربه‌ده‌ستانی‌ باڵیۆزخانه‌، گفتوگۆیه‌كی‌ له‌گه‌ڵ جی‌ ئێچ تۆمپسنی‌ كاربه‌ده‌ستی‌ به‌رپرسی‌ به‌ریتانی‌ له‌عێراق ئه‌نجامداوه‌، له‌(13/9/1945) ناوه‌ڕۆكی‌ گفتوگۆكه‌ی‌ ره‌وانه‌ی‌ واشنتۆن كردوه‌، كه‌ تیایدا ده‌ڵێت: بریتانیای‌ مه‌زن هیچ ده‌ست له‌پشتدان‌و پارێزگارییه‌ك دابین ناكات بۆ كه‌مینه‌كان له‌م وڵاته‌دا‌و پێی‌ خۆشه‌ هه‌مو ببنه‌ عێراقیه‌كی‌ باش.. باڵیۆزخانه‌ی‌ بریتانیا مه‌لا مسته‌فای‌ ئاگاداركرده‌وه‌ كه‌ به‌ته‌مای‌ پشتگیری‌ بریتانیا نه‌بێت. به‌رپرسه‌ بریتانیه‌كه‌ له‌باره‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردییه‌وه‌، به‌رۆبه‌رتی‌ راگه‌یاندوه‌: كوردستانێكی‌ سه‌ربه‌خۆ جێی‌ گاڵته‌و پێكه‌نینه‌، گروپه‌ كه‌مینه‌كان لێره‌ ده‌بێت له‌و راستیه‌ بگه‌ن كه‌ ئه‌وان عێراقین‌و ناتوانن پشت به‌بریتانیا ببه‌ستن له‌پشتگیری‌ یان پاراستنیاندا.

 

(300) هه‌زار دۆلار بۆ وه‌سی‌
هه‌ر له‌و گفتوگۆیه‌دا، تۆمپسن ئاشكرای‌ كروه‌ وه‌سی‌ عه‌بدولئیلا له‌پێش گه‌شته‌كه‌یدا بۆ ئه‌مریكا بڕی‌ سه‌د هه‌زار دۆلاری دراوه‌تێ‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مریكا ته‌واوی‌ خه‌رج‌و مه‌سره‌فی‌ له‌ئه‌ستۆ گرتوه‌، كه‌چی‌ داوای‌ (200) هه‌زار دۆلاری‌ دیكه‌ی‌ كردوه‌و تۆمپسن ده‌ڵێت "ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌قڵ‌و لۆجیكه‌، بۆیه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ ئیزافیه‌م ره‌تكرده‌وه‌". كاربه‌ده‌سته‌ ئه‌مریكیه‌كه‌ش ده‌ڵێت: تۆمپسن به‌ته‌واوی‌ ئاگاداربو له‌كڕینی‌ ئه‌و خشڵ‌و زێڕه‌ی‌ نرخی‌ (225) هه‌زار دۆلار بو له‌لایه‌ن وه‌سیه‌وه‌، له‌ بازاڕی‌ كارتیر له‌نیویۆرك. 

 

شیوعی‌‌و رزگاری‌: ئاشتی‌‌و خیانه‌ت
دوای‌ ده‌سكه‌وتنی‌ ژماره‌یه‌ك بڵاوكراوه‌و به‌یاننامه‌ی‌ حیزبی‌ شیوعی‌ عێراق، باڵیۆزخانه‌ له‌(27/9/1945) به‌یاننامه‌یه‌كی‌ شیوعیه‌كان، ره‌وانه‌ی‌ واشنتۆن ده‌كات كه‌ تیایدا ئیدانه‌ی‌ هێرشی‌ حكومه‌تی‌ عێراق به‌پاڵپشتی‌ بریتانیا بۆ سه‌ر عه‌شیره‌تی‌ بارزان‌و گونده‌كانی‌ هاوسێی‌‌و ئیدانه‌ی‌ ده‌ستگیركردنی‌ كه‌سایه‌تیه‌ كورده‌كان ده‌كات. هه‌ر له‌ به‌یانه‌كه‌ی‌ شیوعیدا هاتوه‌: به‌كرێگیراوانی‌ كورد چه‌شنی‌ تۆفیق وه‌هبی‌‌و مه‌عروف چیاوك‌و نوری‌ باویل‌و كه‌سانی‌ تر، داوا له‌كورده‌كان ده‌كه‌ن شه‌ڕی‌ بارزانیه‌كان بكه‌ن.
له‌(22/1/1946) باڵیۆزخانه‌ یاداشتێكی‌ حیزبی‌ رزگاری‌ ناردوه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ڕێگه‌ی‌ سه‌رچاوه‌ عێراقیه‌كان‌و هه‌واڵگری‌ به‌ریتانیه‌وه‌ هیچ زانیارییه‌كیان له‌باره‌ی‌ ئه‌م پارته‌ ده‌ستنه‌كه‌وتوه‌، پارتی‌ رزگاری‌ له‌به‌یاننامه‌كیاندا نوسیویانه‌: میلله‌تی‌ كورد توخمێكی‌ زۆر سه‌ره‌كی‌ ئاشتیه‌ له‌م به‌شه‌ گرنگ‌و ستراتیجیه‌ی‌ جیهاندا، رزگاربون‌و سه‌ربه‌خۆیشی‌ پشت به‌مه‌ودایه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ ئاشتی‌ ده‌به‌ستێت له‌رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست‌و وه‌ك ئه‌نجامیش له‌ته‌واوی‌ دنیادا.

 

ده‌نگی‌ راستی‌‌و سه‌ربه‌خۆیی‌
له‌(27/3/1947) كۆمه‌ڵه‌ی‌ ده‌نگی‌ راستی‌ كورد نامیله‌كه‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه‌و باڵیۆزخانه‌ وێنه‌یه‌كی‌ ده‌نێریت بۆ وه‌زاره‌ت، ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ له‌باره‌ی‌ داواكارییه‌كانی‌ كورد ده‌ڵێن: ئۆتۆنۆمیه‌ك له‌ناو ده‌وڵه‌تی‌ عێراقدا گونجاوترین دۆخه‌و به‌شێوه‌یه‌كی‌ ره‌ها ئه‌گه‌ری‌ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ كوردیی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ ته‌واو دێنێته‌ پێشه‌وه‌.
ئه‌م رێكخراوه‌ ژماره‌یه‌ك داواكارییان ئاراسته‌ی‌ ئه‌مریكاو وڵاتانی‌ زلهێزی‌ ئه‌و كاته‌ كردوه‌، له‌خاڵی‌ یه‌كه‌می‌ داواكارییه‌كانیاندا ده‌ڵێن: كه‌مینه‌كانیش ده‌بێت مافی‌ ته‌واوی‌ نوێنه‌رایه‌تیان هه‌بێت له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ ئۆتۆنۆمیدا.. زمانی‌ كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌كانیش له‌و شوێنانه‌ی‌ كه‌مینه‌ی‌ غه‌یره‌ كوردی‌ تێدا نیشته‌جێیه‌ فه‌رمی‌ ده‌بێت‌و له‌به‌رانبه‌ردا زمانی‌ كوردی‌ وه‌ك زمانی‌ دوه‌م له‌قوتابخانه‌كانیاندا ده‌خوێنرێت. 

 

پارله‌مانتاره‌ كورده‌كان خه‌وتبون
له‌ (23/1/1947) باڵیۆزخانه‌ به‌یاننامه‌یه‌كی‌ حیزبی‌ سوپای‌ دیموكراتی‌ كورد ره‌وانه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌كات، ئه‌م پارته‌ باس له‌وه‌ده‌كات ئه‌وانه‌ی‌ وه‌كو نوێنه‌ری‌ كورد له‌پارله‌مانی‌ عێراق نوێنه‌رایه‌تی‌ كورد ناكه‌ن، بۆ به‌ڵگاندنی‌ وته‌كانیشیان ئه‌م به‌سه‌رهاته‌یان نوسیوه‌: له‌مشتومڕێكی‌ ناو پارله‌ماندا نوێنه‌ره‌ كورده‌كان خه‌ویان لێكه‌وتبوو، به‌ڵام كاتێك پرۆژه‌ی‌ یاسایه‌ك كه‌وته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ له‌پڕ له‌خه‌و راپه‌ڕین‌و ده‌ستیان به‌رزكرده‌وه‌ بۆ په‌سه‌ندكردنی‌ یاساكه‌، بێئه‌وه‌ی‌ ته‌نانه‌ت ناوه‌كه‌شی‌ بزانن.
ئه‌م پارته‌ قایمقامی‌ ئه‌وكاتی‌ رانیه‌ عه‌بدولباقی‌ نوری‌ به‌"سیخوڕو به‌كرێگرته‌"ی‌ حكومه‌تی‌ عێراق ناوده‌بات، پاشان ده‌ڵێن "حكومه‌تی‌ عێراق نوری‌ ناردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌گوندی‌ لیوه‌تانی‌ ناو خاكی‌ ئێراندا چاوی‌ به‌سه‌رۆك هۆزه‌ كورده‌كان بكه‌وێت، تاوه‌كو به‌ناوی‌ حكومه‌تی‌ عێراقه‌وه‌ هانیان بدات بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ڵكوتنه‌ سه‌ر بنكه‌و باره‌گای‌ كۆماری‌ مهاباد".

 

ئاشورییه‌كان‌و ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌
له‌(11/4/1945)، واڵته‌ر ده‌بلیو بیرگ یه‌كێك له‌كاربه‌ده‌ستانی‌ باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا، داواكاری‌ سه‌ركرده‌ ئاشورییه‌كانی‌ عێراق ره‌وانه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌كات، كه‌ تیایدا ئاشورییه‌كان داوایانكردوه‌ دۆزه‌كه‌یان بدرێته‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان. بیرگ ده‌نوسێت: رق‌و كینه‌یه‌كی‌ قوڵ‌و بێمتمانه‌یی‌ له‌نێوان ئاشورییه‌كان‌و موسڵمانه‌ عه‌ره‌به‌ عێراقیه‌كاندا هه‌یه‌.. زۆرینه‌ی‌ ئاشورییه‌كانی‌ عێراق ده‌خوازن كۆچ بكه‌ن بۆ وڵاته‌ مه‌سیحیه‌كان.... له‌به‌ر رۆشنایی‌ ئه‌و راستیه‌ی‌ كه‌ كورده‌كان له‌ئێستادا كار بۆ حاڵه‌تێكی‌ سه‌ربه‌خۆ ده‌كه‌ن، هه‌ندێك قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئاشورییه‌ عێراقیه‌كان بخرێنه‌ سه‌ر ده‌وڵه‌تێكی‌ نوێی‌ كوردی‌ سه‌ربه‌خۆ.

 

 

 

 

 


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×