زانایانی چین، ئه‌مڕۆ به‌ته‌واوی بێئومێد بوون
  2020-02-22       3634       

زانایانی چین ئه‌مڕۆ 22ی فێبریوه‌ری به‌ته‌واوی بێئومێد بوون له‌و هه‌موو به‌ربه‌سته‌ ته‌ندروستییه‌ی كردوویانه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی هه‌نگاوێكی سه‌رسوڕهێنه‌ری ڤایرۆسی كۆرۆنا covid-19 یان بینی له‌ژنێكی ته‌مه‌ن 20 ساڵدا.

ئاوێنە - لوقمان غه‌فوور: ژنێكی ته‌مه‌ن 20 ساڵی خه‌ڵكی شاری ۆوهان-ی كه‌رتی هێبی، له‌دوای ده‌رچوون له‌ پشكنینی وردی تیمی پزیشكانی وۆهان، گه‌شتیكردووه‌ بۆ ماڵی خزمێكی له‌ شاری ئینگیانگ له‌ كه‌رتی هینان كه‌ 400 مایل (675 كیلۆمه‌تر) له‌ شاره‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ دووره‌، كه‌چی پاش سێ هه‌فته‌، 5 كه‌س له‌ خزم و كه‌سوكاره‌كه‌ی تووشی نه‌خۆشییه‌كه‌ بوون.

زانایانی چین له‌مه‌وه‌ بێئومێدیان راگه‌یاند كه‌ مه‌رج نییه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی هه‌ڵگری نه‌خۆشییه‌كه‌ بێت له‌رێگه‌ی ئامێری ده‌رخه‌ری نه‌خۆشییه‌كه‌ و پشكنینه‌وه‌ نیشانه‌كانی ده‌ركه‌وێت یان نیشانه‌كانی ده‌ركه‌وتبن به‌رله‌وه‌ی پشكنین ده‌ریخات.

له‌مه‌وه‌ گۆڤاری كۆمه‌ڵگه‌ی پزیشكی ئه‌مریكی له‌ ژماره‌ی ئه‌مڕۆیدا، راپۆرتێكی هاوبه‌شی زانایانی ئه‌مریكی له‌گه‌ڵ زانایانی چین-یان بڵاوكردۆته‌وه‌، كه‌ گه‌یشتوون به‌و بڕوایه‌ی كه‌ چۆنێتی بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌ و رێگرتن لێشی كارێكی زۆر قورسه‌. چونكه‌ بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌و ژنه‌ 20 ساڵه‌ به‌ ئۆتۆمبێلی خۆی دوای پشكنین گه‌شتی كردووه‌ و له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی به‌ ماڵی خزمه‌كانی نه‌چۆته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام پاش سێ هه‌فته‌ ته‌واوی خێزانی ماڵه‌كه‌ تووشی نه‌خۆشییه‌كه‌ بوون.

هه‌روه‌ها رۆژنامه‌ی زه‌ واشنگتۆن پۆست نوسیویه‌تی، زانایانی چین پرسیارێكیان ئاراسته‌ی دكتۆر ولیام شافنر پسپۆری نه‌خۆشییه‌ كوشنده‌كان له‌سه‌نته‌ری پزیشكی زانكۆی ڤاندربیلت، كردووه‌ " كه‌ تا چه‌ند گونجاوه‌ كه‌سێك نیشانه‌كانی تێدا ده‌رنه‌كه‌وتبێت، به‌ڵام هه‌ڵگری نه‌خۆشییه‌كه‌ بێت"، له‌وه‌ڵامدا وتوویه‌تی "زۆریش گونجاوه‌ و له‌ چه‌ندین لێدوانیشدا ئه‌مه‌م وتووه‌، ئه‌و ژنه‌ به‌رگری به‌رامبه‌ر ڤایرۆسه‌كه‌ په‌یدا كردووه‌ به‌ڵام هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌یه‌ و هه‌رچیشی له‌گه‌ڵ بێت تووشی ده‌كات، ده‌شێت گه‌نجێتی ژنه‌كه‌ كاریگه‌ری هه‌بێت".

به‌پێی راپۆرتێكی دكتۆر میون وانگ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی گه‌لی-ی سه‌ر به‌ زانكۆی تشێنگتشیۆ له‌ چین، ئه‌و ژنه‌ 20 ساڵه‌ رۆژی 10 جێنیوه‌ری سه‌ردانی خزموكه‌سوكاره‌كه‌ی كردووه‌ دوای ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ر سنووری وۆهان و ناو شاری وۆهان پشكنینی ته‌واوی بۆ كراوه‌ و هیچ نیشانه‌یه‌كی پێوه‌ دیار نه‌بووه‌، به‌ڵام پاش سێ هه‌فته‌ 5 كه‌س له‌ خزمه‌كانی تووشبوون، كاتێك پشكنین بۆ كراوه‌ته‌وه‌ له‌ 11ی فێبریوه‌ری، هیچ نیشانه‌یه‌كی پێوه‌ دیار نه‌بووه‌ كه‌ نه‌خۆشیی ڤایرۆسی كۆرۆنا-ی هه‌بێت و هیچ ئاماژه‌یه‌كی نه‌خۆشییه‌كه‌شی پێوه‌ دیار نه‌بووه‌.

ئه‌مڕۆ 22 فێبریوه‌ری ژماره‌ی تووشبوون به‌ كۆرۆنا ڤایرۆس گه‌یشته‌ 77 هه‌زار و 767 كه‌س له‌و ژماریه‌ش 76 هه‌زار و 228 كه‌سی له‌ وڵاتی چینه‌. ژماره‌ی مردنیش گه‌یشته‌ 2 هه‌زار و 360 كه‌س كه‌ ته‌نیا رۆژی 21ی فێبریوه‌ری 109 كه‌س مردووه‌.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×