هێمن.. رێبواری رێگای عەشق‌و ئازادی
  2020-04-17       1708       

ئا: ئاوێنە


ئەمڕۆ 34 ساڵ بەسەر مەرگی یەكێك لەشاعیرە داهێنەرو هەست ناسكەكانی كورددا تێپەڕی، ئەو شاعیرەی كە نەوەیەكی بەشیعرە جوانەكانی "تاریك‌و رون"‌و "ناڵەی جودایی" سەرسام كرد.


"هێـمن" نازناوی شاعیریی "سەید محەمەد ئەمینی كوڕی سەید حەسەنی شەیخولئیسلامی موكرییە"، كە ساڵی 1921 لەگوندی “لاچین”ی نزیك شاری مە‌هاباد چاوی بەژیاندا هەڵێناوە.


سەرەتای خوێندنی لەقوتابخانەی فەر‌میی‌و پاشان خوێندنی مەلایەتی بوە لەخانەقای شێخ بورهان لەتەمەنی 17 ساڵیدا دەستی لەخوێندن هەڵگرتوەو لەسا‌ڵی 1941ەوە بەهرەی شاعیری لەلا خوڵقاوەو دەستی بەهۆنینەوەی شیعر كردوە.


ساڵی 1942 بوە بەئەندامی كۆمەڵەی ژیانەوەی كورد "ژ.ك"، كاتێكیش كە ناوی ئەو كۆمەڵەیە لە 1945دا گۆڕاوە بۆ حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، هێمن بوە بەئەندامی ئەو پارتە.


كە كۆماری كوردستان لە 1946دا دامەزرا، هێـمن شیعری لەو بۆنەیەدا خوێندەوەتەوەو كاتێكیش كە ئەو كۆمارە لە 1946.12.17دا روخێنرا، خەباتی ‌نهێنی دەستپێكردو دوای لەسێدارەدانی قازی محەمەدو هەڤاڵانی روی كردە باشوری كوردستان،  ئینجا گەڕایەوە گوندەكەی خۆی‌و ماوەیەكیش لەمەهاباد ژیا.


لەدوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول، دیسان رویكردەوە باشوری كوردستان‌و چوە پاڵ شۆڕش، لەدوای ڕێككەوتننامە‌ی 11ی ئاداری 1970ش لەبەغدا وەك پەنابەر ژیا تا بەرپابونی شۆڕشی گەلانی ئێران لەشوباتی 1979دا گەڕایەوە رۆژهەڵاتی كوردستان.


ماوەیەك لەناو حزبی دیموكرات كاری كرد كە قاسملو سكرتێری بو، پاشان بەهۆی نەگونجان‌و جیاوازی بۆچونەوە لەدیموكرات جیابۆوەو گۆڤاری "سروە"‌ی دەركرد.


رۆژی 17ی نیسانی 1986 لەشاری ورمێ كۆچی دوایی كرد.


ئاگری سینەم بڵێسەی دێ‌و وڵات رۆشن دەكا
ئەو دەمەی خۆم وەك دڵۆپێك دەچمە نێو دەریای عەدەم

 

 

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×