نه‌وشیروان مسته‌فا: سه‌ركرده‌كانی‌ یه‌كێتی‌ به‌پله‌ی‌ حزبایه‌تیدا سه‌ركه‌وتون، به‌ڵام له‌پارتیدا خێزانێك بڕیارده‌دات
  2019-06-29       2570       

ئا: هاوکار حسێن

 

 به‌پێی‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ نهێنی‌ ویكیلیكس، نه‌وشیروان مسته‌فا پاش وازهێنانی‌ له‌یه‌كێتی‌، هێشتا ئه‌و حزبه‌ی‌ به‌باشتر زانیوه‌ له‌پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌روی‌ په‌یكه‌ره‌ی‌ رێكخراوه‌یی‌‌و سیاسه‌تی‌ كاركردنه‌وه‌، كاتێك له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ دیپلۆماته‌ ئه‌مریكیه‌كان، ناوبراو جیاوازیه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانی‌ نێوان پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ خستوه‌ته‌ڕوو پێیوایه‌ سه‌ركرده‌كانی‌ یه‌كێتی‌ به‌پله‌ی‌ حزبایه‌تیدا سه‌ركه‌وتون بۆ سه‌ره‌وه‌، به‌ڵام له‌ناو پارتیدا خێزانێك بڕیارده‌دات كێ‌ ببێت به‌سه‌ركرده‌. 

به‌پێی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ كه‌ وێنه‌یه‌كی‌ ده‌ست ئاوێنه‌ كه‌وتوه‌و مێژوه‌كه‌ی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌روبه‌ندی‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ناو یه‌كێتیدا، ناوبراو رایگه‌یاندوه‌، "هیچ جیاوازیه‌كی‌ ئایدۆلۆژی‌ راسته‌قینه‌ له‌نێوان پارتی‌‌و یه‌كێتیدا نیه‌. به‌ڵام له‌روی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌، ئه‌ندامانی‌ پارتی‌ زیاتر پێگه‌یه‌كی‌ نوخبه‌ویان هه‌یه‌و سه‌ر به‌توێژێكی‌ ده‌وڵه‌مه‌ندن. له‌به‌رامبه‌ردا یه‌كێتی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر لایه‌نگری‌ له‌چینه‌كانی‌ خواره‌وه‌و ناوه‌ڕاستی‌ كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه‌".
له‌به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌دا كه‌ هێمای‌ زۆر نهێنی‌ لێدراوه‌، له‌باره‌ی‌ پارتیه‌وه‌ نه‌وشیروان ده‌ڵێت، " له‌ناو پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستاندا سه‌ركه‌وتن زۆر ئاسانه‌، چونكه‌ پێكهاته‌ی‌ حزب له‌شێوه‌ی‌ خێزانێكدایه‌. ئه‌گه‌ر پارتی‌ پێویستی‌ به‌سه‌ركرده‌یه‌ك بێت، ئه‌نجومه‌نی‌ خێزان كۆده‌بێته‌وه‌‌و ئه‌ندامه‌كانی‌ كه‌سێك دیاریده‌كه‌ن". 
له‌باره‌ی‌ تاڵه‌بانی‌‌و یه‌كێتیشه‌وه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كردوه‌ كه‌ "سه‌ركرده‌كانی‌ یه‌كێتی‌ به‌پله‌ حزبیه‌كاندا سه‌ركه‌وتون بۆ ده‌سه‌ڵات‌و له‌لایه‌ن مه‌كته‌بی‌ سیاسیه‌وه‌ دیاریكراون یان له‌كۆنگره‌دا هه‌ڵبژێردراون.
بۆ نمونه‌، جه‌لال تاڵه‌بانی‌ له‌ئێستادا سه‌ركرده‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ وه‌ك كه‌سێكی‌ زۆر كاریگه‌ر سه‌ریرده‌كرێت له‌ئیداره‌دانی‌ كاروباری‌ حزبی‌‌و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كان له‌عێراق‌و ده‌ره‌وه‌ش". 
ئه‌مریكیه‌كان له‌كۆمێنتی‌ خۆیاندا نه‌وشیروان مسته‌فایان به‌یه‌كێك له‌دامه‌زرێنه‌رانی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌و یه‌كێتی‌‌و كه‌سێكی‌ ئه‌كادیمی‌‌و نوسه‌ر وه‌سفكردوه‌و نوسیویانه‌ "نه‌وشیروان به‌ئاشكرا درك به‌پێویستی‌ پێكه‌وه‌به‌ستنه‌وه‌ی‌ نه‌وه‌كان‌و ئاماده‌كردنی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كات بۆ كرانه‌وه‌یه‌كی‌ زیاتری‌ سیاسیی‌‌و ئابوری‌، له‌دوای‌ روخانی‌ سه‌دام".
به‌پێی‌ زانیاریه‌كانی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كه‌، له‌باره‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌ نه‌وشیروان رایگه‌یاندوه‌، "پێویسته‌ ئه‌و هێزانه‌ ببنه‌ هێزی‌ مۆدێرن‌و ناوه‌كانیان بگۆڕدرێن". له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌مریكیه‌كان ئه‌و بۆچونه‌ی‌ مسته‌فایان به‌"لێدوانێكی‌ سه‌رنجڕاكێش" وه‌سفكردوه‌ كه‌ تائێستا له‌لایه‌ن سیاسیه‌كی‌ كورد‌و پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ دێرینه‌وه‌ كرابێت. 


ده‌قی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كه‌:

ئای‌ دی‌: 07BAGHDAD1039
بابه‌ت: سه‌ركرده‌ی‌ ریفۆرمخوازی‌ یه‌كێتی‌ ره‌خنه‌ له‌سیاسه‌تی‌ حزبه‌كه‌ی‌ ده‌گرێت
سه‌رچاوه‌: باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌به‌غداد
به‌روار: 26ی‌ ئازاری‌ 2007
پۆلێن: زۆر نهێنی‌

نه‌وشیروان مسته‌فا، كه‌سایه‌تی‌ سیاسیی‌ كوردو یه‌كێك له‌دامه‌زرێنه‌رانی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان، پشتگیری‌ خۆی‌ نیشاندا بۆ بونی‌ حكومه‌تێكی‌ ناوه‌ندی‌ به‌هێز له‌عێراق‌و هێزێكی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ سه‌رده‌میانه‌و میدیای‌ سه‌ربه‌خۆ‌و ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌، وه‌ك پێویستیه‌ك بۆ ئه‌نجامدانی‌ چاكسازی‌ سیاسیی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا. نه‌وشیروان بڕوای‌ وایه‌ كه‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ به‌غداد ئاماده‌نیه‌ بڕگه‌كانی‌ مادده‌ی‌ 140 جێبه‌جێبكات كه‌ باس له‌ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم ده‌كات له‌ناوچه‌ ناكۆكی‌ له‌سه‌ره‌كان، به‌كه‌ركوكیشه‌وه‌، پاشان ده‌ریده‌خات كه‌ ئاخۆ كه‌ركوك ده‌بێت به‌به‌شێك له‌هه‌رێمی‌ كوردستان. 

باكگراوند:
رۆژی‌ 5ی‌ ئازاری‌ 2007، تیمی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا كۆبۆوه‌ له‌شوێنی‌ حه‌وانه‌وه‌ی‌ له‌سلێمانی‌. مسته‌فا كه‌سایه‌تیه‌كی‌ دێرینی‌ سیاسیه‌و پێگه‌یه‌كی‌ جه‌ماوه‌ری به‌هێزی‌ هه‌یه‌ له‌سلێمانی‌. ئه‌و جێگری‌ پێشوی‌ سكرتێری‌ گشتیی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستانه‌و یه‌كێكه‌ له‌دامه‌زرێنه‌رانی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌و یه‌كێتی‌‌و هاوكات كه‌سێكی‌ ئه‌كادیمی‌‌و نوسه‌ریشه‌.  

یه‌كێتی‌ به‌رامبه‌ر پارتی‌:
 نه‌وشیروان مسته‌فا وتی‌، هیچ جیاوازیه‌كی‌ ئایدۆلۆژی‌ راسته‌قینه‌ له‌نێوان پارتی‌‌و یه‌كێتیدا نیه‌. ئه‌و زیاتر ئاماژه‌ی‌ به‌و جیاوازیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌دا كه‌ له‌نێوان ئه‌و دو هێزه‌دا هه‌یه‌و رایگه‌یاند، ئه‌ندامانی‌ پارتی‌ زیاتر پێگه‌یه‌كی‌ نوخبه‌ویان هه‌یه‌و سه‌ر به‌توێژێكی‌ ده‌وڵه‌مه‌ندن. له‌به‌رامبه‌ردا یه‌كێتی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر لایه‌نگری‌ له‌ چینه‌كانی‌ خواره‌وه‌و ناوه‌ڕاستی‌ كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه‌.

مسته‌فا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد كه‌ سیستمی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ئه‌و پارێزگایانه‌ی‌ له‌ژێر ده‌ستی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتیدان، ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ جیاوازی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانن. به‌جۆرێك له‌سلێمانی‌، كه‌ له‌ژێر ده‌ستی‌ یه‌كێتیدایه‌، پێوه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان تاڕاده‌یه‌كی‌ زۆر لیبڕالین، بۆ نمونه‌، ژنان‌و گه‌نجان ئازادیه‌كی‌ زیاتریان هه‌یه‌. به‌ڵام له‌هه‌ولێر شێوازی‌ ژیان‌و په‌یوه‌ندیه‌كان زیاتر كۆنه‌پارێزیان پێوه‌ دیاره‌.  

نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌وه‌شی‌ رونكرده‌وه‌ كه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی‌ یه‌كێتی‌ كاتێك ده‌بێته‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات، ئه‌ندامانی‌ خواره‌وه‌ وه‌ك باشترین كه‌س لێیده‌ڕوانن، ئه‌وه‌ش نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ له‌باشترین خێزانه‌وه‌ هاتوه‌ یان سه‌رمایه‌یه‌كی‌ زۆرو زه‌وه‌ندی‌ هه‌یه‌. ئه‌و ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ جه‌لال تاڵه‌بانی‌ له‌ئێستادا سه‌ركرده‌یه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ وه‌ك كه‌سێكی‌ زۆر كاریگه‌ر سه‌ریرده‌كرێت له‌ ئیداره‌دانی‌ كاروباری‌ حزبی‌‌و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كان له‌عێراق‌و ده‌ره‌وه‌ش. سه‌ركرده‌كانی‌ یه‌كێتی‌ به‌پله‌ حزبیه‌كاندا سه‌ركه‌وتون بۆ ده‌سه‌ڵات‌و له‌لایه‌ن مه‌كته‌بی‌ سیاسیه‌وه‌ دیاریكراون یان له‌كۆنگره‌دا هه‌ڵبژێردراون. 
نه‌وشیروان مسته‌فا باسی‌ له‌وه‌ش كرد كه‌ له‌ناو پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستاندا سه‌ركه‌وتن زۆر ئاسانه‌، چونكه‌ پێكهاته‌ی‌ حزب له‌شێوه‌ی‌ خێزانێكدایه‌. وتیشی‌، ئه‌گه‌ر پارتی‌ پێویستی‌ به‌سه‌ركرده‌یه‌ك بێت، ئه‌نجومه‌نی‌ خێزان كۆده‌بێته‌وه‌‌و ئه‌ندامه‌كانی‌ كه‌سێك دیاریده‌كه‌ن. 

حكومه‌تێكی‌ ناوه‌ندی‌ دیموكراتی‌ به‌هێز:
نه‌وشیروان مسته‌فا به‌تیمی‌ ئاوادانكردنه‌وه‌ی‌ راگه‌یاند، حكومه‌تێكی‌ ناوه‌ندی‌ به‌هێز له‌عێراق گرنگه‌ بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی له‌ناو سه‌ركرده‌كانی‌ یه‌كێتیدا‌و واده‌كات پێكهاته‌ی‌ رێكخراوه‌یی‌ ئه‌و حزبه‌ گه‌شه‌بكات. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد كه‌ سه‌قامگیری‌‌و ئاسایش له‌به‌غداد پێویستن بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی‌ سیاسیی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا. نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ له‌ كوردستانی‌ عێراق، پێویسته‌ كاربكه‌ن بۆ سیستمێكی‌ فیدراڵیزمی‌ فراوان، نه‌ك به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی‌ عێراق. 
مسته‌فا باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌و ناوه‌نده‌ میدیایه‌ی‌ له‌ساڵی‌ 2006 دایمه‌زراندوه‌، هاوشێوه‌ی‌ ناوه‌نده‌كانی‌ توێژینه‌وه‌ن له‌ رۆژئاوا. ئه‌و جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌سه‌ر پێویستی‌ شیكردنه‌وه‌ی‌ روداوه‌ هه‌نوكه‌ییه‌كان له‌بری‌ كاردانه‌وه‌ی‌ ساده‌ له‌به‌رامبه‌ریان. 

ئاینده‌ی‌ پێشمه‌رگه‌:
له‌باره‌ی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌ كه‌ خۆی‌ یه‌كێكه‌ له‌دامه‌زرێنه‌رانی‌، نه‌وشیروان وتی‌، پێویسته‌ ئه‌و هێزانه‌ ببنه‌ هێزی‌ مۆدێرن‌و ناوه‌كانیان بگۆڕدرێن. (كۆمێنت: ئه‌مه‌ لێدوانێكی‌ سه‌رنجڕاكێشه‌ له‌لایه‌ن سیاسیه‌كی‌ كورد‌و پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ دێرینه‌وه‌ بكرێت). مه‌شق‌و رێكخستنی‌ پێشمه‌رگه‌ پێویسته‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ قۆناغه‌كه‌ بێت به‌وه‌ی‌ له‌جه‌نگاوه‌رانی‌ ئازادیه‌وه‌ ببن به‌ پارێزه‌رانی‌ نیشتمانی‌. له‌بری‌ روخاندنی‌ ده‌وڵه‌ت، پێویسته‌ ببنه‌ پیاوانی‌ ده‌وڵه‌ت.    

كه‌ركوك‌و ماده‌ی‌ 140:
مسته‌فا وتی‌، حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ ئاماده‌ نیه‌ بڕگه‌كانی‌ ماده‌ی‌ 140 جێبه‌جێبكات كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم ساغكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئاخۆ كه‌ركوك ده‌بێته‌ به‌شێك له‌هه‌رێمی‌ كوردستان یان نا. یه‌كێك له‌ئاسته‌نگه‌كان كه‌موكوڕی‌ داراییه‌. به‌پێی‌ وته‌ی‌ مسته‌فا، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ به‌غداد پاره‌ نه‌دات به‌و خێزانانه‌ی‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، ئه‌وا پرۆسه‌ی‌ ریفراندۆم ناچێته‌ پێشه‌وه‌. 

كۆمێنت:   
نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ئاشكرا درك به‌پێویستی‌ پێكه‌وه‌به‌ستنه‌وه‌ی‌ نه‌وه‌كان‌و ئاماده‌كردنی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كات بۆ كرانه‌وه‌یه‌كی‌ زیاتری‌ سیاسیی‌‌و ئابوری‌، له‌دوای‌ روخانی‌ سه‌دام. ئه‌و پشتیوانیه‌كی‌ به‌هێزی‌ جه‌ماوه‌ری‌ هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ناوه‌ندی‌ سیاسیی‌ حزبه‌كه‌ی‌ ده‌ستیله‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌. وازهێنانی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ توڕه‌یی‌ خۆیه‌تی‌ به‌رامبه‌ر ملنه‌دانی‌ یه‌كێتی‌ بۆ ئه‌نجامدانی‌ چاكسازیی‌ له‌ناوخۆی‌ حزبدا. 

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×