له‌م ڕۆژانه‌دا گه‌لی کورد به گشتی و بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی باکور سه‌رکرده‌یه‌کی گه‌وره و گرنگی له‌ده‌ستدا. سری سوره‌ییا ئونده‌ر، ئه‌و مه‌زنه‌مرۆڤه‌ی که به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک تورک بوو، به‌ڵام به ڕۆح، به بیروباوه‌ڕ، به خه‌ون و خوێن و خه‌بات کورد بوو، له یه‌ککاتدا شۆڕشگێڕ و وڵاتپارێز بوو، نوسه‌ر و سیناریست، موسیکار، فیلمساز، ده‌رهێنه‌ر، ئەکتەر و رۆژنامەنووس بوو،. ژیانی خۆی بە تێکۆشان بۆ سۆسیالیزم، دیموکراسی و ئازادی تەرخان کرد. بۆنەوەش قوربانی و رەنجێکی زۆری‌دا. هه‌ر به هۆی ئه‌م شێلگیری و دڵسۆزی و زیره‌کی و ئازایه‌تییه‌ی خۆیه‌وه دواجار له سه‌ر لیستی ده‌مپارتی بووه جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مانی تورکیا. جێگه‌ی متمانه‌ی کورد و ئازادیخوازنی تورکیا بوو، بۆیه کرایه ئه‌ندامی وه‌فدی ئیمرالی بۆ پرۆسه‌ی ئاشتی.
خۆی تورک بوو، به‌ڵام بەپێچەوانەی بیركردنەوەی باوه‌وه، هات ڕچەشكێنی کرد، تا ئه‌وه‌ی لەپێناوی کورد و کێشە ڕه‌واکەیدا ژەهرخواردکرا؟ نوسه‌ر و سینەماکار بوو، کەچی پەرلەمانی کردە شوینی هەڵوئستە سیاسیەکانی؟ به‌داخه‌وه زۆربەی گەنجێتی له پێناو ئازادی و دادپه‌روه‌رییدا لەزیندان بردە سەر، بۆیە کاتێک هەرەشەی زیندانیکردنیان لێکرد گوتی: ئێمه خۆمان بەردەوام لەزیندان بووینە، بەچی دەمانترسینن؟!
له پاڵ خه‌بات و فیلمسازی و نوسین و موسیکدا، ته‌نها رۆژێکیش له تێکۆشان دوا نه‌که‌وت. ته‌نانه‌ت له‌م ساڵانه‌ی دوایی ژیانیشیدا، که نه‌خۆشی ته‌نگی پێ هه‌ڵچنی بوو، هه‌ر کۆڵی نادا، بگره ژیانی تایبه‌تیشی کردبووه قوربانیی ئه‌و ڕێگایه‌ی بڕوای پێی بوو، رێگای ئازادی گه‌لان و ئاشتی و پێکه‌وه‌ژیان، بۆیه کاتێک ئێردۆگان له دیداریی چه‌ند مانگێک له‌مه‌وبه‌ردا لێی ده‌پرسێت، چه‌ند مناڵت هه‌یه، ده‌ڵێت ته‌نها کچێک و نه‌وه‌یه‌ک، ده‌پرسێت: بۆ مناڵی ترت نه‌خستۆته‌وه، ده‌ڵێ ببوره سه‌رۆك بوارم نە بوو لە یەک منال زیاتر دروست بکەم ، چونکه گرتن و زیندانیکردنه‌کانی ئێوه و ئینجا نه‌خۆشییه‌که‌ی دڵیشم وازیان لێنه‌هێنام مناڵی تر بخه‌مه‌وه!
تۆ ببینه، له نێو گه‌لی تورک، که زیاتر له سه‌د ساڵه به گیانی شۆڤێنی و نه‌ته‌وه‌په‌رستی و کینه‌هه‌ڵگرتن له پێکهاته غه‌یره تورکه‌کانی تورکیا گۆش ده‌کرێن، مرۆڤی وه‌ک سری سوره‌ییا و بێشکچیش هه‌ڵده‌که‌ون، که به زمانی حاڵ پێمان ده‌ڵێن: نا، نه‌خێر، ئێمه‌ی تورک هه‌موو دژی ئێوه نین، هه‌موو ناڵێین (کوردێکی باش، کوردێکی مردوه)، به‌ڵکو به ئه‌ندازه‌ی خۆتان و زیاتریش بڕوامان به‌مافه‌کانتان هه‌یه، بۆیه له‌گه‌ڵتان خه‌باتده‌که‌ین و ئاماده‌ی هه‌موو قوربانیدان و فیداکارییه‌کین له‌گه‌ڵتان، تا به‌ده‌ستهێنانی سه‌رجه‌م مافه‌کانتان.
ئێردۆگان له وتارێکیدا له پارله‌مانی تورکیا به ته‌وسه‌وه ده‌ڵێت: ئێوه‌ی کورد، ده‌توانن ببنه سه‌رۆککۆمار، ده‌توانن ببنه وه‌زیر، په‌رله‌مانتار، سه‌رۆک شاره‌وانی و هتد، ئیتر پێم ناڵێن ئێوه چیتان ده‌وێت؟ ده‌توانن وه‌ک تورکێک هه‌ر شتێک بن، که حه‌ز ده‌که‌ن ببن. سری سوره‌ییا له وڵامی ناوبراودا ده‌ڵێت: ڕاسته قوربان ئه‌وان ده‌توانن وه‌ک ده‌فه‌رمون ببنه هه‌موو شتێک له‌تورکیادا، به‌ڵام، کێشه‌ی ئه‌وان ئه‌وه‌یه، ناتوانن ته‌نها یه‌ک شت بن، ناتوانن کورد بن کورد! (ڤیدیۆکه‌ی به ژێرنوسی کوردییه‌وه هه‌یه).
ئه‌م خه‌باتگێره چه‌په تورکه تەواوی ژیانی خۆی بۆ سەقامگیری و هێنانەدی ئاشتییەکی ڕاستەقینە لەناو تورکیادا تەرخان کرد. بۆیه یادگاری و وته و کاره‌کانی و ناویشی بە زیندویی لە لاپەڕەکانی مێژووی خەباتی گەلان و پێکەوەژیانی گەلانی تورکیا دەمێنێتەوە، کار و هه‌ڵوێسته‌کانی و تێکۆشان بۆ خەباتێکی دیموکراتی و ئازادی و هاوکاتیش پشتگیری گەلی کورد و دۆزه ڕه‌واکه‌ی، ناوبراوی کردە نمونەی سەرکردەیەکی دیار و خۆشەویست و ئاشتیپارێز، که مێژوو به دێڕی دشت و زێڕکه‌فت یاد و یادەوەری تۆمار ده‌کات و بە بیردەهێنێتەوە.
ئه‌م لە ژیانیدا بۆ دوو گەل تێکۆشانی کرد، بۆ دادپه‌روه‌ری، یه‌کسانی و دیموکراسی، لە ڕێگەی کەسایەتی و کارە هونەریەکانییەوە بەشدارییەکی گەورەی لە ڕای گشتی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیدا کرد. هەروەها بە ڕێگەی هونەرەکەیەوە بوێرانە، کاریگەرانە و بەجوانی دۆخی بویه‌ر و کۆمەڵایەتی تورکیای نیشان دەدا و ئەو دۆخەی هەبوو دەیخستە ژێر پرسیاره‌وه، تا خه‌ڵک هانبدا داوای گۆڕین و جوانکردنی بکه‌ن، ئه‌و خه‌باتی بۆ دادپه‌روه‌ری و یه‌کسانی مافی گه‌لان و پێشخستنی وڵات ده‌کرد.
ئه‌م مرۆڤه جوانه، تورکێک بوو له کورد کوردتر بوو. ته‌نانه‌ت زمان و که‌لتوری کوردیشی زۆر باش ده‌زانی و ده‌ناسی. ئه‌و چه‌پێکی تا سه‌ر ئێسک به‌بیروباوه‌ڕ و پره‌نسیپ بوو. ئه‌و له یه‌ککاتدا، تیرۆژێک له ره‌وانی یه‌ڵماز گۆنای و هه‌ناسه‌یه‌کی له نازم حیکمه‌ت و حه‌قی قه‌رار و که‌مال پیری تێدا بوو. به ڕاستی ده‌ستخستن و ڕاکێشانی ئه‌م مرۆڤه بۆ نێو بزاڤی ئازادیخوازیی باکور جێگه‌ی شانازییه بۆ ئه‌و ته‌ڤگه‌ره مه‌زنه، ئاخر تۆ بڕوانه، خۆ کوره‌ی خه‌بات سه‌د ساڵه له باشور گه‌رم بووه و بزوتنه‌وه‌ی چه‌کداری نزیکه‌ی هه‌میشه به‌رده‌وام بووه، به‌ڵام سه‌یر ئه‌وه‌یه، که هه‌رگیز پارته‌کانی باشورمان نه‌یانتوانیوه ته‌نها یه‌ک سری سوره‌ییاش له نێو عه‌ره‌بدا دروست بکه‌ن، ته‌نانه‌ت رۆژهه‌ڵاتیش له نێو فارس‌دا دروستیان نه‌کردوه!
چه‌ند جوانن ئه‌م مرۆڤانه، که ده‌توانن دید و تێڕوانینمان له‌سه‌ر سه‌رجه‌م گه‌لی تورک بگۆڕن. ئه‌م که‌سانه ژیان جوانتر ده‌که‌ن، هێز و وزه‌ی ئه‌رێنی و پۆزه‌تیڤانه بۆ ده‌وروبه‌ر و وڵاته‌که‌یان و مرۆڤایه‌تی په‌خش ده‌که‌ن. بهێنه پێش چاو، گه‌ر ژیان له‌م جۆره که‌سانه‌ی تێدا نه‌بووایه، ئیلاهی ده‌بوو مرۆڤایه‌تی چ جه‌نگڵسانێک بوایه؟!
