وەزارەتی دارایی هەرێم: لە 1/6ەوە لێبڕینی 3% لە فەرمانبەران و خانەنشینان وەردەگیرێتەوە
  2025-06-25       389       

وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، لە رۆژی 1ی 6ی 2025ەوە، لێبڕینی 3% لە فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم بەقیست وەردەگیرێتەوە.

ئاوێنە: وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، ئەمڕۆ چوارشەممە، شاندێکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بەسەرۆکایەتی دکتۆر حەیدەر جاسم، بەڕێوەبەری گشتی سندوقی خانەنشینی عێراق سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستانیان کرد.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، لە كۆبونەوەیەكدا گفتوگۆ لەسەر بابەتی لێبڕینی 3% لە موچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کرا کە لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوی عێراق و لەسەر داوای وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕێکەوتی (1/1/2014) تا (30/6/2024) لە ڕێکەوتی (1/6/2025)ەوە مانگانە بەقیست لێیان وەردەگیرێتەوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە، لەبەشێکی تری کۆبونەوەکەدا پرسی خانەنشینی هێزەکانی پێشمەرگەو چۆنیەتی هەژمارکردنی خزمەت و موچەکانیان لەچوارچێوەی یاسای خانەنشینی یەکگرتوی عێراق گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم وتوشیەتی، لەڕێکەوتی 13ی ئایاری 2025، لەلایەن وەزارەتەكەیانەوە بەفەرمی بانگهێشتی سەرۆکی دەستەی خانەنشینی نیشتیمانی و بەڕێوەبەری گشتی سندوقی خانەنەنشینی عێراق کرا بەمەبەستی کۆبونەوەو گفتوگۆ لەسەر چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکانی تایبەت بە خانەنشینان لەهەرێمی کوردستان.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×